ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەبارەی مووچەوە كۆدەبێتەوە

3   کاتژمێر پێش ئێستا  293 جار خوێنراوەتەوە

رۆژی چوارشەممە، 2ی تەممووزى 2025، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە. 

بە گوێرەی کارنامەکە، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجامى کۆبوونەوەکانى رۆژانى 29ـى حوزەیران تاوەکو 1ـى تەممووزی نێوان شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و شاندى حکومەتى فیدراڵى بە ئامادەبوونى نوێنەرى کۆمپانیاکانی نەوت سەبارەت بە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگاى کۆمپانیاى سۆمۆوە تاوتوێ دەکرێت.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بەدواداچوون بۆ خەرجکردنى مووچەى هەردوو مانگى ئایار و حوزەیرانى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دەکرێت.
 
کۆبوونەوەکە کاتژمێر 10ـی پێشنیوەڕۆ دەستپێدەکات.
 
لە بڕگەى دووەمى کۆبوونەوەکەدا راپۆرتى وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى، بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى سەبارەت بە خانەنشینى و دەستەبەرى کۆمەڵایەتیى کرێکارانى هەرێمى کوردستان دەخرێتەڕوو، لەگەڵ پێشکێشکردنى ئامار و زانیارى بەرەوپێشچوونەکان و  پێشکێشکردنى راسپاردە و پێشنیازەکان.
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە