لەتیف ڕەشید و دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی هەرێم کۆبوونەوە

14   کاتژمێر پێش ئێستا  247 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کۆدەبنەوە و پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە. 
 
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، لە بەغدا پێشوازی لە دادوەر جاسم محەممەد عەبوود ئەلعەمێری، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی کرد.
 
وەک لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقدا هاتووە: "لە دیدارەکەدا تاوتوێی رێگەکانی بەردەوامیدان بە هەماهەنگی و هاوکاریی هاوبەشی نێوان سەرۆکایەتیی کۆمار و دادگای باڵای فیدراڵی کرا بۆ گەیشتن بە تەواوکاری لەنێوان دەسەڵاتەکان و بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری کە بە گەرەنتیی چارەسەرکردنی هەموو ناکۆکییەکان دادەنرێت". 
 
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت: "سەرۆککۆمار جەختی لە پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەرێکی کۆتایی بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و یەکلاییکردنەوەی ئەم دۆسیە مرۆییە کردەوە، بەپێی دەستوور و یاسا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی". 
 
لای خۆیەوە دادوەر جاسم ئەلعەمێری جەختی لەوە کردەوە، دادگای فیدراڵی ئەرکەکانی بەپێی دەستوور و یاسا جێبەجێ دەکات، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی و مافەکانی گەل مسۆگەر بکات و یەکڕیزیی نیشتمانی پتەوتر بکات؛ هەروەها دووپاتیکردەوە کە "پێویستە قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا چارەسەر بکرێت". 
 
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج نەکراوە. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە