خامنەیی: هێزە چەکدارەکانمان رژێمی زایۆنی بێچارە دەکەن
19 کاتژمێر پێش ئێستا
475 جار خوێنراوەتەوە
عەلی خامنەیی دەڵێت: "رژێمی زایۆنی لە بەرامبەر ئەم تاوانە سەلامەت نابێ. با گەلی ئێران دڵنیا بێ هیچ کەمتەرخەمییەک ناکەین."
خامنەیی دەشڵێت: "هێزە چەکدارەکانمان رژێمی زایۆنی بێچارە دەکەن."
دەقی پەیامەکەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران:
بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
سڵاوم بۆ گەلی ئازیز و مەزنی وڵاتەکەمان هەیە. شەهیدبوونی فەرماندە و زانا ئازیزەکان کە بێگومان بۆ هەمووان قورسە، لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل، سەرەخۆشی لە گەلی ئێران و خانەوادەکانیان دەکەم. هیوادارین ئینشائەڵڵا خودای مەزن پلەکانیان بەرز بکاتەوە و رۆحی پاکیان بەر لوتفی تایبەتی خۆی بخات.
بەڵام ئەو بابەتەی حەزم دەکرد لەگەڵ گەلی ئازیزماندا باسی بکەم ئەوەیە کە رژێمی زایۆنی هەڵەیەکی گەورەی کرد، هەڵەیەکی گەورەی کرد، کارێکی هەڵەی کرد و دەرەنجامەکانی، بە یارمەتیی خودا چارەڕەشی دەکەن. گەلی ئێران لە خوێنی شەهیدە بەنرخەکانی خۆشنابێت، لە دەستدرێژی بۆ سەر ئاسمانی وڵاتەکەی چاوپۆشی ناکات. هێزە چەکدارەکانمان ئامادەن و بەرپرسانی وڵات و هەموو چین و توێژەکانی گەل لە پشتی هێزە چەکدارەکانن. ئەمڕۆ لە هەموو باڵە سیاسییە جیاوازەکانی وڵات و توێژە جیاوازەکانەوە پەیامی هاوشێوە دەرچوون. هەمووان هەست دەکەن کە دەبێت بەرامبەر ناسنامەی پیسی دزێوی تیرۆریستیی زایۆنی بە هێزەوە کار بکرێت. دەبێت بە هێزەوە کار بکرێت و پشتیوان بە خودا بە هێزەوە کاریش دەکرێت و سازش ناکەین. بێگومان ژیانیان لێ تاڵ دەبێت. با وا بیرنەکەنەوە کە لێیاندا و تەواو بوو. نەخێر. ئەوان کارەکەیان دەستپێکرد و شەڕیان هەڵگیرساند. ئێمە رێگەیان پێنادەین لەو تاوانە گەورەیەی کە ئەنجامیاندا، خۆیانی لێ رزگار بکەن. بێگومان هێزی چەکداری کۆماری ئیسلامی گورزی قورس لەو دووژمنە پیسە دەدات. گەلیش پشتیوانمانە، پشتیوانی هێزە چەکدارەکانە و کۆماری ئیسلامی بە ئیزنی خودا بەسەر رژێمی زایۆنیدا زاڵ دەبێت. گەلی ئازیز با ئەمە بزانن و دڵنیابن و ئاسوودە بن کە لەمبارەیەوە هیچ کەمتەرخەمییەک ناکرێت.
والسلام علیکم و رحمةالله و برکاته
|