ئەمڕۆ 1.6 ملیۆن حاجی لە کێوی عەرەفە دەوەستن

2025-06-05  280 جار خوێنراوەتەوە

ئەمڕۆ حاجییان چوونە سەر کێوی عەرەفە، کە بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی حەجی سعودیە، ژمارەیان زیاتر لە یەک ملیۆن و 600 هەزار کەسە. عەرەفە بە رۆژێک دەگوترێ کە بەپێی ئایینی ئیسلام "باشترین رۆژە خۆری تێدا هەڵاتبێت"، بۆیە موسڵمانان لە بەرەبەیانەوە روو دەکەنە کێوی عەرەفە و تاوەکو ئێوارە لەسەر کێوەکە دەمێننەوە، تێیدا نوێژ و نزا دەکەن و قورئان دەخوێنن.
 
دوای خۆرئاوابوون، حاجییەکان دەگەڕێنەوە موزدەلیفە کە 17 کیلۆمەتر لە کێوی عەرەفەوە دوورە و شەو لەوێ دەمێننەوە، بۆ سبەی شەممە بەرەو مینا بەڕێدەکەون، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا دەست بە "رەجمکردنی شەیتان" دەکەن.
 
عەرەفە یان عەرەفات، تاکە شوێنی حەجە کە دەکەوێتە دەرەوەی حەرەم و دەرەوەی شاری مەککە، ئەو کێوە بەرزییەکەی 70مەتر دەبێت. ئەمڕۆ بەهۆی زۆریی ژمارەی حاجییانەوە کە بە جلوبەرگی سپییەوە حەج دەکەن، کێوەکە رەنگی سپیی گرتووە. 
 
زۆربەی ئەرک (مەناسیکەکانی) حەج لە دەرەوەن، لەژێر خۆرەتاوێکی بەهێز، کە بەپێی سەنتەری کەشوهەوای نیشتمانیی سعودیە، پلەی گەرما لە مەککە لەماوەی رۆژانی حەجدا لەنێوان 40 بۆ 45 پلەی سیلیزی دەبێت.
 
بەجێهێنانی فەریزەی حەج، یەکێکە لە پێنج پایەکانی ئیسلام، لەدوای شایەتومان، نوێژکردن، زەکات و رۆژووگرتن. موسڵمانانیش ساڵانە لە سەرتاسەری جیهان و نێوخۆی سعودیەش لە شاری مەککەی پیرۆزەوە دەست بە بەجێهێنانی فەریزەکە دەکەن. بۆ هەر ساڵێکیش ژمارەی ئەو کەسانەی بەشداری دەکەن، لەلایەن سعودیەوە دیاری دەکرێت. هەر موسڵمانێکیش کە تەمەنی گونجاوبێت، ئەگەر لەڕووی تەندروستی و داراییەوە لە توانایدابوو، دەبێت لە تەمەنیدا جارێک حەج بکات.  

لە رۆژی عەرەفە، بەشێکی زۆری موسڵمانانی جیهان بەرۆژوو دەبن. بەڵام لەو رۆژەدا حاجییان بە رۆژوو نابن. بەرپرسانی سعودیە داوایان لە حاجیان کردووە بڕێکی زۆری ئاو بخۆنەوە و چەتر هەڵبگرن.
 
روکنەکانی حەج چین؟ 
 
ئیحرام لەبەرکردن: لەبەرکردنی ئیحرام نیەت ھێنانی چوونە نێو کارەکانی حەج و عومرە و دەستپێکردنە. ئەو کەسە بە مەحرەم ناودەبرێت، واتە ئەو کارانەی کە پێش ئیحرام کراوە نابێ لەکاتی ئیحرامدا بکرێن وەک: لەبەرکردنی پۆشاکێک کە لەمەوپێش لەبەر کراوە، وەک سەر داپۆشین بە کڵاو و شتی دیکە، لەبەرکردنی جلوبەرگی دووراو (پیاوان)، بەکار ھێنانی بۆن و بەرام، سەرجێی کردن، راوکردن و کوشتنی ئاژەڵ.
 
وەستان لە عەرەفە: وەستان لەسەر کێوی عەرەفە، روکنە گەورەکەی حەجە. 
 
رۆژی 9ـی (ذو الحجة) حاجیان لە میناوە بەرەو کێوی عەرەفە بەڕێدەکەون کە دووریی نێوانیان 16 کیلۆمەتر دەبێت و رۆژەکە لە کێوی عەرەفە بە نزا و پاڕانەوە بەسەردەبەن. ئێوارەی هەمان رۆژ، حاجیان دەگەڕێنەوە موزدەلیفە کە 17 کیلۆمەتر لە کێوی عەرەفەوە دوورە و شەو لەوێ دەمێننەوە. 
 
تەواف: تەوافی کەعبە یەکێکە لە روکنەکانی حەج، ئەگەر حاجیەک نەیکات، حەجەکەی بەتاڵە.
 
لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، حاجیان بەرەو مینا و جەمارە بەڕێدەکەون بۆ ئەوەی بەردباران (رەجم)ی ئەهریمەن بکەن و دواتر قوربانی دەکەن. لە رۆژی چوارەم تاوەکو رۆژی شەشەم، حاجیان پرچی خۆیان کورتدەکەنەوە و بەرگی ئیحرام دادەکەنن. دواتر دەگەڕێنەوە کەعبە بۆ ئەوەی تەواف بکەن و جارێکی دیکە رەجمی ئەهریمەن بکەن. 
 
سەفا و مەروە: بەپەلە رۆیشتن و راکردنی نێوان کێوەکانی سەفا و مەروە.
 
حاجییان روکنی سەفا و مەروە بەجێدەگەیێنن کە حەوت جار هاتن و چوونە لەنێوان گردۆڵەی سەفا و مەروە. پاشان بەرەو مینا بەڕێدەکەون کە هەشت کیلۆمەتر لە کەعبەوە دوورە و شەو لەوێ دەمێننەوە.
 
حاجییان بە تەوافی ماڵئاوایی کۆتایی بە رێوڕەسمەکانی (مناسک)ی حەج دێنن.
 
رۆژی 1ـی حوزەیرانی 2025، لیوا ساڵح مەربەع، بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی سعودیە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی بۆ حەجکردن گەیشتوونەتە مەککە 1 ملیۆن و 475 هەزار و 230 کەسن.
 
بەپێی ئاماری فەرمیی وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە، پار 1 ملیۆن و 832 هەزار و 601 کەس لە 200 وڵاتەوە حەجیان کرد.  
رۆژی چوارشەممە، حکومەتی سعودیە بڵاویکردەوە، رێوڕەسمی حەجی ئەم ساڵ دەستیپێکرد و چاوەڕێ دەکرێت زیاتر لە دوو ملیۆن حاجی لە 180 وڵاتی جیهانەوە بەشداری رێوڕەسمەکە بکەن. 
 
بەرپرسانی رێوڕەسمی حەج لە سعودیە رایانگەیاند، سوود لە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد و کامێرای چاودێری وەردەگرن بۆ پاراستنی گیانی حاجییان و ئاسایشی شاری مەککەی پیرۆز. 
 
دەسەڵاتدارانی سعودیە جگە لە جێگیرکردنی زیاتر لە 15 هەزار کامێرای چاودێری، 20 هەزار پاسیان تەرخانکردووە تاوەکو لە ماوەیەکی کەمدا حاجییان لەنێوان شوێنەکان بگوازنەوە، ئەمەش بۆ رێگریکردن لەدروستبوونی قەرەباڵخی. 
 
محەممەد نەزیر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیژنەی سەرپەرشتیکردنی سعودیە بۆ رێوڕەسمی حەج دەڵێت: "لە رێگەی کامێراکانەوە چاودێریی جموجووڵی حاجییان و قەرەباڵخیی ناوچەکان لە ژووری کۆنترۆڵی رێوڕەسمەکە دەکرێت."
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە