مەسرور بارزانی: گوێمان لە پشتیوانیی ئیدارەی سەرۆک ترەمپ بوو

6   کاتژمێر پێش ئێستا  280 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتنەوە رایگەیاند، لە سەردانەکەیاندا گوێیان لە "پشتیوانیی ئیدارەی سەرۆک ترەمپ بوو." گوتیشی کوردستان دۆستی زۆری هەیە لە ئەمریکا. 
 
دوای کۆتاییهاتنی پانێڵەکەی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قسەی بۆ رۆژنامەوانان کرد لەبارەی سەردانەکەی، کۆبوونەوەکانی و ئەو گرێبەستانەی واژۆکراون. 
 
لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری وزەی ئەمریکا، مەسرور بارزانی رایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان هەبوو، قسەی زۆر باشیش کرا، گوێمان لە پشتیوانیی ئیدارەی سەرۆک ترەمپ بوو کە ئەوان ئامادەن پشتگیری هەم لەم گرێبەستانە بکەن، هەم لە درێژەپێدانی پەیوەندییەکان بکەن لە هەموو ئاستێکدا."
 
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مەسرور بارزانی رایگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو."
 
لەکاتی پانێڵەکەیشدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە پاڵپشتیی تەواوی روانگە و ئەجێندای سەرۆک ترەمپ دەکەن، "بۆ ئەوەش هاتووینەتە ئێرە کە بە ئەمریکای پێشان بدەین ئێمە تەنیا لە شەڕی دژی تیرۆر بەتوانا نین، بەڵکو دەتوانین هاوپەیمانی دروستبکەین بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵک."
 
لە سەرەتای سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گرێبەستێک بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی واژۆکران بۆ پەرەپێدان لە کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان، دواتر بەغدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو گرێبەستانە یاسایی نین. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش وەڵامی دابوونەوە کە نوێ نین و دەستوورین. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە