ئەنجومەنی عەرەبی لە کەرکوک: یەكێتی پابەندنەبوە بە بەڵێنەكانی و پاشگەزبوەتەوە
4 کاتژمێر پێش ئێستا
32 جار خوێنراوەتەوە
ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی عەرەبی لە کەرکوک ڕایگەیاند، کشانەوەی هەردوو ئەندامی عەرەبی رەعد ساڵح و زاهیر عاسی لە هاوپەیمانی پێکهێنانی حکومەتی کەرکوک وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ بو بۆ پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان لهلایهن یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە گەیشتونەتە ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.
حاتەم تائی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی عەرەبی لە کەرکوک له لێدوانێكدا باسی لهوهكردوه، "یەکێتی پاشگەز بوەتەوە لە زنجیرەیەک ڕێککەوتن کە پێشتر بهڵێنیداوه پابەند بێت پێیەوە، دیارترینیان ئاشکراکردنی چارەنوسی ئەو کەسانەی لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان بێسەروشوێنن و ئازادکردنی خەڵکی بێتاوان، کە تا ئێستاش بەدی نەهاتوە".
ئاماژهی بهوهشكردوه، "ئەو ڕێککەوتنانەی کە هاوبەشی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی كهركوك لەسەریان بنیات نراوە، رێزیان لێنەگیراوه و لە زۆربەیان پاشگەزبونەتهوە".
ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی عەرەبی لە کەرکوک دهڵێت، "کشانەوەی ئەو دو ئەندامە هیچ پەیوەندییەکی بە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانەوە نییە، بەڵکو دەرئەنجامی فشار و ڕەخنەی جەماوەرییە کە ئاڕاستەیان دەکرێت بەهۆی جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی پەیوەست بە پرسە مرۆیی و سیاسییە هەڵپەسێردراوەکانی پارێزگاکە".
ههندێك له چاودێران پێیانوایە ئەو کشانەوەیە ئاماژەیەکی ڕونە بۆ ناسکی ئەو لێکتێگەیشتنە سیاسیانەی کە حکومەتی خۆجێی بەرهەم هێناوە، هەروەها ئایندەی هاوپەیمانییەکان لە کەرکوک دەخاتە مەترسییەوە لەنێوان پەرەسەندنی ناکۆکی پێکهاتە سەرەکییەکانیدا.
کەرکوک یەکێکە لە پارێزگا هەرە هەستیارەکانی عێراق، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتوانە هەمەچەشنەکەی کە عەرەب و کورد و تورکمان لەخۆدەگرێت، هەروەها بارودۆخی ئاڵۆزی ئیداری و ئەمنی و سیاسیی ئەوێ.
ساڵانێکە پارێزگاکە شایەتحاڵی ململانێیەکی بەردەوامە لەنێوان پێکهاتەکانیدا لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و سەرچاوەکان، لەگەڵ پرسە ههستیارهكان، دیارترینیان "ونبوەکان" لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبردنی ئەمنی و خاوەندارێتی خانوبەرە.
|