یەكگرتوو ئیسلامیی: دیاری كردنی نرخی كارەبا قابیلی قبوڵ نیە

6   کاتژمێر پێش ئێستا  55 جار خوێنراوەتەوە

فڕاكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، خەریكن حكومەت و كەرتەكانی دەكەنە كەرتی تایبەتی بۆ كۆمپانیاكانی نزیك لە خۆیان و دیاركردنی نرخی كارەبای 24 زۆر زۆرە و ڕوتانەوەی گیرفانی هاوڵاتیانە و قابیلی قبوڵكردن نیە. هەروەها داوا لە سەرجەم فراكسیۆن و پەرلەمانتارانی هەرێم دەكات، بەیەكەوە ئەو بڕیارەی حكومەت ڕەتبكەنەوە.

مستەفا عەبدوڵا، سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان،ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوو ساڵ نیو بەسەر ماوەی یاسایی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا تێپەڕیوە، حكومەت ماوەبەسەرچو و كاربەڕێكەرە و ناتوانێت هەندێك كار ئەنجام بدات.

ئاماژەی بەوەشكرد، ماوەی شەش مانگیش بەسەر سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی هەرێمی كوردستان تێپەڕیوەو هێشتا نەتوانراوە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، كە ئەوەش ڕۆنە دەسەڵاتداران دەیانەوێت پەرلەمان نەبێت و حكومەتە كاربەڕێكەرەیان هەر ڕۆژە و بارگرانیەك بۆ هاوڵاتیان دروستبكات.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتو باسی لەوەشكرد، حكومەتی كاربەڕێكەر لە گرێبەستی تەندروستی، نرخی كارەبا و تاپۆ، خەریكن حكومەت و كەرتەكانی دەكاتە كەرتی تایبەتی بۆ كۆمپانیاكانی نزیك لە خۆیان. ئەوە مەترسیەكی گەورەیە لەسەر ئایندەی كوردستان و هاوڵاتیان دەكاتە كرێچی كۆمپانیاكانی حزب.

ئەوەشیخستەڕو، ئەوەی دوێنێ حكومەت نرخەكەی دیاركرد و ئەو بڕیارو نرخ زیادكردنی كارەبایەی كە دیاركراوە، زۆر زۆرە و ڕوتانەوەی گیرفانی هاوڵاتیانە. ئەوان وەك فڕاكسیۆنی یەكگرتو لەگەڵ كارەبای 24 كاتژمێرین و دەبو پێش 30 ساڵ بكرایە، بەڵام ئەو نرخانەی ئێستا ڕوتانەوەی گیرفانی هاوڵاتیانە و بەكرێچیكردنی هاوڵاتیانە و قابیلی قبوڵ نیە.

سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتو داوا لە سەرجەم فراكسیۆن و پەرلەمانتاران دەكات، سەرەڕای جیاوازیەكانیان، بەیەكەوە ئەو بڕیارەی حكومەت ڕەتبكەنەوە. هەروەها حكومەتی كاربەڕێكەر دەتوانێت هەندێك كار بكات، بەڵام دیاریكردنی نرخ لە دەسەڵاتی ئەودا نیە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە