ئەمریکا و سعودیە رێککەوتنێک بە بەهای 600 ملیار دۆلار واژۆ دەکەن
6 کاتژمێر پێش ئێستا
42 جار خوێنراوەتەوە
کۆشکی سپی دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا و شازادەی جێنشینیی سعودیە رێککەوتنێکی هاوبەشیی ئابووریی ستراتیژییان لە ریاز واژۆ کرد. سعودیە پابەندی خۆی بە وەبەرهێنان بە بەهای 600 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا دەربڕیوە.
کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی رێککەوتنەکە دەڵێت، "رێککەوتنەکە دەبێتە هۆی پتەوکردنی ئەو پەیوەندییە ئابوورییانەی بۆ نەوەکانی داهاتوو بەردەوام دەبن. یەکەمین گرێبەستەکان لە چوارچێوەی ئەم راگەیاندنەدا، ئاسایشی وزەی ئێمە، پیشەسازیی بەرگری، پێشەنگایەتیی تەکنەلۆژی، هەروەها دەستڕاگەیشتنمان بە ژێرخانی جیهانی و کانزا گرنگەکان بەهێزتر دەکەن."
رێککەوتنەکە ئەمڕۆ سێشەممە، 13-05-2025 لە سعودیە واژۆکراوە.
دەقی راگەیێندراوی کۆشکی سپی:
سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی وەبەرهێنانی مێژوویی 600 ملیار دۆلاری لە سعودیە مسۆگەردەکات
بەهێزکردنی هاوبەشیە ستراتیژییەکان بۆ گەشەی ئابووری:
ئەمڕۆ لە سعودیە، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە سعودیە بەڵێنی داوە 600 ملیار دۆلار لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەبەرهێنان بکات، بە شێوەیەک کە پەیوەندیە ئابوورییەکان بۆ چەندین نەوە بەردەوامی پێدەدات. رێککەوتنەکان، ئاسایشی وزە، پیشەسازی بەرگری، پێشەنگایەتی تەکنەلۆژیا، و دەستگەیشتن بە ژێرخانی جیهانی و کانزای گرنگ بەهێز دەکەن.
ئەو رێککەوتنانەی ئەمڕۆ ئاماژەن بۆ پەیوەندی مێژوویی و گۆڕانکاری بۆ هەردوو وڵات و نوێنەرایەتی سەردەمێکی زێڕینی نوێی هاوبەشی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و سعودیە.
لە رۆژی یەکەمەوە، "سیاسەتی بازرگانی و وەبەرهێنانی ئەمریکا پێش هەموو شتێک"ی سەرۆک ترەمپ، ئابووریی ئەمریکا، کرێکاری ئەمریکی و ئاسایشی نەتەوەییمانی لە پێشینە داناوە.
ئەمانەی خوارەوە تەنیا چەند نموونەیەکن لە بەندەکانی ئەو رێککەوتنەی لە سعودیە مسۆگەر کراون:
• (دەیتاڤۆڵت)ی سعودیە پلانی بۆ وەبەرهێنانی 20 ملیار دۆلار لە ناوەندەکانی زانیاری ئەی ئای (AI) و ژێرخانی وزە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جێبەجێ دەکات.
• گووگڵ، دەیتاڤۆڵت، ئۆراکڵ، سەیڵسفۆرس، ئەی ئێم دی، و ئوبەر پابەندن کە 80 ملیار دۆلار لە تەکنەلۆژیای گۆڕانکاری پێشکەوتوو لە هەردوو وڵات وەبەرهێنان بکەن.
• کۆمپانیا ناودارەکانی ئەمریکا لەوانە هیڵ ئینتەرناشناڵ، جەیکۆبس، پارسۆنس، و ئەیکۆم پڕۆژەی ژێرخانی گرنگ وەک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا سەلمان، پارکی شا سەلمان، ڤۆڵت، شاری قەدیە، و زۆر شتی دیکە دروست دەکەن کە بەهای هەناردەی خزمەتگوزاری ئەمریکی دەگاتە 2 ملیار دۆلار.
• هەناردەی گەورەی دیکە بریتین لە تۆربینەکانی گازی جی ئی ڤێرنۆڤا و چارەسەرەکانی وزە بە کۆی گشتی 14.2 ملیار دۆلار و فڕۆکەی بۆینگی 737-8 ی گەشتیاری بۆ ئەڤیلیس بە کۆی گشتی 4.8 ملیار دۆلار.
• لە کەرتی تەندروستیدا، شامێخ ئای ڤی سۆلوشنز، ئێڵ ئێڵ سی 5.8 ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات، لەوانە کارگەیەک لە میشیگن بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی بەرهەمهێنانی شلەمەنی IV بە توانای بەرز.
• هاوبەشیەکانی وەبەرهێنان چەندین سندووقی تایبەت بە کەرت لەخۆدەگرن بە جەختکردنەوەیەکی بەهێز لەسەر بەکارهێنانی ئەمریکی، وەک (سندووقی وەبەرهێنانی وزە)ی 5 ملیار دۆلاری، (سندووقی تەکنەلۆژیای ئەیرۆسپەیس و بەرگری سەردەمی نوێ)ی 5 ملیار دۆلاری، و (سندووقی وەرزشی جیهانی ئێنفیڵد سپۆرتس)ی 4 ملیار دۆلاری—هەریەکەیان بڕێکی بەرچاوی سەرمایە بۆ پیشەسازییەکانی ئەمریکا دەگوازنەوە، داهێنان بەرەوپێش دەبەن، و کاری بەکواڵیتی باڵا لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکان دروست دەکەن.
جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوونمان بە بەهێزکردنی هاوبەشی بەرگری و ئاسایشمان، ویلایەتە یەکگرتووەکان و سعودیە گەورەترین رێککەوتنی فرۆشتنی بەرگریان لە مێژوودا واژۆ کرد—نزیکەی 142 ملیار دۆلار کە سعودیە بە ئامێری جەنگیی پێشکەوتوو و خزمەتگوزاری لە زیاتر لە دوانزە کۆمپانیای بەرگری ئەمریکی دابین دەکات.
ئەو فرۆشتنانەی نیازمان هەیە تەواویان بکەین دەکەونە پێنج بواری فراوانەوە: (1) پێشکەوتنی هێزی ئاسمانی و تواناکانی بۆشایی ئاسمان، (2) بەرگری ئاسمانی و مووشەکی، (3) ئاسایشی دەریایی و کەناری دەریا، (4) نوێکردنەوەی ئاسایشی سنوور و هێزەکانی وشکانی، (5) باشترکردنی سیستەمەکانی زانیاری و پەیوەندی.
پاکێجەکە هەروەها راهێنان و پشتگیری بەرفراوان لەخۆدەگرێت بۆ بنیاتنانی توانای هێزە چەکدارەکانی سعودیە، لەوانە باشترکردنی ئەکادیمیای خزمەتگوزاری سعودیە و خزمەتگوزاریەکانی پزیشکی سەربازی.
ئەم رێککەوتنە وەبەرهێنانێکی بەرچاو نیشان دەدات لە بەرگریی سعودیە و ئاسایشی ناوچەیی، کە لەسەر سیستم و راهێنانی ئەمریکی بنیات نراوە.
ویلایەتە یەکگرتووەکان و سعودیە ئەمڕۆ بە بایەخەوە لەم رێککەوتنانە و چەندین ڕێککەوتنی دیکە دەڕوانێت، ئەوەش وەک ئەنجامی هاندانی گەشەکردووی چوار مانگی رابردوو. کۆی پاکێجەکە بە خێرایی گەیشتووەتە زیاتر لە 600 ملیار دۆلار کە گەورەترین رێککەوتنی بازرگانییە لە نێوان هەردوو وڵات.
|