جیهانگیری لە سەردەمی ترەمپدا
عارف قوربانی
13/04/2025
303 جار خوێنراوەتەوە
نەمانی سنوور لەنێوان وڵاتەکان، بازاڕی ئازاد و ئاڵوگۆڕی ئازادانەی کاڵا و بەرهەم، بنەمای ئەو تێزە بوون کە دهگوترا جیهان دەبێت بە گوندێکی بچووک. گەشەسەندنی تەکنەلۆجیا و پێشکەوتنی ئامرازەکانی پەیوەندی و گەیاندن، پێناسەیەکی دیکەی بە گوندە بچووکەکە بەخشی کە جیهان دەبێت بە گوندێکی شووشەیی. گەرچی هەندێ لێکۆڵینەوە و توێژەرانی ئەو بوارە، بنەماکانی جیهانگیریی دەگێڕنەوە بۆ سەردەمەکانی زۆر پێشتر و دەیبەستنەوە بە سەرەتاکانی بڵاوبوونەوەی ئەو بیروباوەڕ و ئایدۆلۆجیا و ئایینانەوە کە رەهەندێکی جیهانییان وەرگرتووە و لە سەردەمە جیاجیاکاندا لەنێوان کۆمەڵگەکان بڵاوبوونەتەوە، بەڵام زۆرینەیەکیش لەسەر ئەوە کۆکن کە پێناسەی دروست بۆ ناسین و دەرکەوتنی رەهەندەکانی جیهانگیری بە پلەی یەکەم پرۆسەیەکی ئابوورییە و پەیوەستە بە کاڵا و بەرهەم و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان وڵاتەکانەوە. بۆیە سەرەتا و دەستپێکی ئەم تێزە دەبەستنەوە بە شۆڕشی پیشەسازی و ئەو پێشکەوتنانەی دواتر بەدیهاتوون.
جیهانگیری زادەی هەر کام لەو سەردەم و قۆناخانەی مێژوو بێت، رەنجی 100 ساڵەی مرۆڤایەتییە و ئەنجامی بیروباوەڕ و فەلسەفەی بیرمەندانی ئەورووپا و ئەمریکایە. لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم زەمینەی ئەوەی بۆ رەخسا بکەوێتە سەر پێ. لەم سێ دەیەیەی سەردەمی جیهانگیریدا، شارستانیەتی مرۆڤایەتی بە گشتی پێشکەوتنی زۆر گەورەی بەخۆیەوە بینی، گۆڕانکاریی گەورە بەسەر بەها مرۆییەکان و کولتوور و بیروباوەڕ و ئایدۆلۆجیا و ئایینەکانیشدا هاتن. کرانەوە، تێکەڵاوبوون، گەشەسەندنی بازرگانی، ئاڵوگۆڕی کاڵا و بەرهەم و تەنانەت دیپلۆماسیەتی سیاسی و پەیوەندیی نێودەوڵەتی و یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکانیش کەوتنە ژێر هەژموونی جیهانگیرییەوە، بەڵام نە خودی پرۆسەکە بەو ئەندازەیە خۆی چەسپاند کە نەتواندرێت پەکبخرێت، نە بیر لەوەش کرایەوە لە ئاستی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بە یاسا و رێسای نێودەوڵەتی دڵنیایی بۆ مسۆگەر بکرێت کە دەوڵەتێک نەتوانێت ئەم پرۆسەیە کە خزمەتی گەورەی بە مرۆڤایەتی کردووە، رابگرێت. ئەشێ لە ساڵانی داهاتوو چەندین لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم گرفتە بکرێت و رەنگە بۆ داهاتوو بە دوای چارەیدا بگەڕێن، بەڵام بۆ ئەمڕۆ هیچ یاسا و رێسایەکی نێودەوڵەتی نییە پاسەوانی جیهانگیریی بکات، یاخود لەوە بیپارێزێت کە کەسێکی وەک دۆناڵد ترەمپ، خەریکە هەموو رەگ و ریشەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە.
ئەو سیاسەتەی ئێستا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەژێر ناوی پێناسی گومرگی لە دژی وڵاتانی جیهان پەیڕەوی دەکات، بۆ ئەمریکا هەر پێناسەیەکی هەبێت، بۆ جیهان پێناسەکەی ئەوەیە کۆتاییهێنانە بە جیهانگیری، چونکە ئەمریکا داینەمۆ و هەڵسوڕێنەری ئەو ئاڵوگۆڕە جیهانییە بوو، کە ئەمریکا دەرگەکان لەسەر خۆی بە رووی کاڵای جیهانی و دەرگەکانی جیهان لە بەردەم کاڵای خۆی دادەخات. کۆتایی بەو پەیوەندییە بازرگانی و کولتوورییەی دەهێنێت کە خۆی رۆڵی سەرەکی لە دروستکردنیدا هەبوو.
دەگوترێت ئەمریکا پارەیەکی زۆر قەرزارە و دەبێت لە ئەم ساڵەوە دەست بکات بە رێکارەکانی دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی، دەیەوێت بە پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتە پارەیەکی زیاتری دەست بکەوێت تاوەکو بتوانێت قەرزەکانی بداتەوە. یاخود ئامانجیەتی کۆمپانیا و شەریکەتەکانی کە لە وڵاتانی دیکەن بەو هۆیەوە بیانگێڕێتەوە بۆ وڵاتەکەی. یاخود ئامانجەکە لە دوورمەودادا بۆ ئەوەیە ئەمریکا پێویستی بە هاوردەی هیچ وڵاتێک نەبێت و تەنها پشت بە سەرچاوەکانی خۆی ببەستێت بۆ بەرهەمهێنان و بیکات بە وڵاتێکی هەناردەکار.
هەر کام لەو خواست و ویستانە لە پشت سەری ترەمپەوە بن، کاریگەری و لێکەوتەکانی ئەم سیاسەتە لە ئاستی نێودەوڵەتی بریتی دەبێت لە دروستکردنەوەی لەمپەر لە بەردەم بازرگانی ئازاد و ئاڵوگۆڕی ئازادانەی کاڵا و بەرهەمی نێوان وڵاتان، چونکە ئەو رێگایەی ئەمریکا گرتوویەتیەبەر، وڵاتانی دیکەی جیهان پەلکێش دەکات هەمان سیاسەت بەرانبەر بە ئەمریکا پەیڕەو بکەنەوە.
ئەنجامی ئەمەش وا دەکات دەوڵەتەکان لە بری ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان وڵاتان، بیر لەوە بکەنەوە پێویستییەکانیان لە ناوخۆی وڵاتەکەی خۆیان دەستەبەربکەن. کاتێ هەر وڵاتێکیش ناچار بوو بە دوای ئەوەدا بگەڕێت هەموو ئیعتمادی لەسەر خۆی بێت، کەواتە دەبێت ئەوەشی لەبەرچاو بێت دواجار بازاڕی ساخکردنەوەی کاڵاکانیشی هەر دەبێت لە ناوخۆ بێت، تەنیا مەگەر ئەو وڵاتە دواکەوتووانەی کە ناتوانن توانای بەرهەمهێنانیان گەشە پێبدەن وەک بازاڕێک بمێنێتەوە. لەو حاڵەدا ئەو دەوڵەتە ناپیشەسازییانە دەبنە کەمینە و بازاڕێکی بچووک. بەمەش لە لایەک ئاڵوگۆڕی بازرگانی سست و لاواز دەبێت، لە لایەکی دیکەشەوە ململانێی وڵاتانی زلهێزی پیشەسازیی قووڵتر دەبێتەوە لەسەر کۆنترۆڵکردنی بازاڕ. ئەمەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر پەیوەندیی سیاسیی وڵاتان دەبێت.
ئەوەی ترەمپ کردوویەتی یاخود دەیەوێت بیانکات هەر تەنیا کۆتاییهێنان نییە بەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییانە، هەموو ئەو رایەڵانەی هەبوون کە ئەمریکایان بە ناوەندە جیهانییەکانەوە دەبەستەوە کە ئەمریکا وەک سەرچاوە و هێزی سەرەکی بزوواندنیان بوو، لە بواری مرۆیی و تەندروستی و پەیوەندیی کولتووریی نێوان وڵاتان و بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری دیموکراسی، دەیەوێت کۆتایی بە هەموویان بهێنێت. تەنها شتێک ئەمریکا و هاوبەشەکانی پێکەوە هێشتووەتەوە هاوپەیمانییە سەربازییەکەیەتی لەگەڵ ناتۆ، کە دوور نییە لەوەش بکشێتەوە.
وەک چۆن لە رابردوودا دروستکردنی ئەو رایەڵە جیهانییانە چی بازرگانی بووبن یان کولتووری و سیاسی و رۆشنبیری لەنێوان ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بنەما و هەنگاو بوون بۆ سیستمی نوێی جیهان و جیهانگیریی بەرهەمەکەی بوو. ئێستاش ئەگەر ترەمپ رانەگیرێت و بەردەوام بێت لەسەر کۆتاییهێنان بەو رایەڵەی پەیوەندییانە، جیهان بەرەو شوێنێک دەبات ئەنجامەکەی پێچەوانەی هەوڵەکانی پێشووتری خودی ئەمریکا و ئەورووپا دەبێت.
ئەم بڕیار و هەنگاوانەی دۆناڵد ترەمپ راستییەکی سەلماند کە کورد لەمێژە لە ئیدیۆمێکدا لەژێر ناوی (نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب) پێناسەی کردووە. وەک چۆن بوون بە سەرمایەدارێکی سەرکەوتوو پێویستی بە بەهرە و شارەزایی زۆر و ئازایەتی هەیە، سیاسەتکردنیش زانستێکە پێویستی بە بەهرە و کەڵەکەبوونی سەرمایەی بیر و هۆشیاری و دونیابینی و زانینی بەڕێوەبردن هەیە. ترەمپ ئەگەر چەند بازرگان و سەرمایەدارێکی سەرکەوتوو بووبێت، نابێتە سەنگی مەحەک بۆ ئەوەی ببێتە لیدەرێکی سەرکەوتوو لە بەڕێوەبردنی وڵات. ئەمەی ئێستا ئەو دەیکات ئەمریکا بەرەو جێگایەک دەبات، پێویستی بە دەیان ساڵی دیکە هەیە عاقڵمەندەکانیان ئەمریکا بگەیێننەوە ئەم ئاستەی ئێستای.
لەبەرئەوەش کە ئەمریکا وڵاتێکە کاریگەری بەسەر تەواوی جیهان و مرۆڤایەتییەوە هەیە، رەفتار و بڕیارەکانی ترەمپ لێکەوتەکانی تەنیا لە چوارچێوەی ئەمریکادا قەتیس نابن، بەڵکو کاریگەرییان لەسەر هەموو دونیا هەیە. بۆیە ئێستا ترەمپ تەنها کێشە نییە بۆ ئەمریکا بەڵکو کێشەیەکی جیهانییە و دەبێت چارەسەری خێرای بۆ بدۆزرێتەوە، کە بەدووری نازانم ئەمریکا بخاتە بەردەم حەتمیەتی ئەوەی بیر لە گۆڕینی هەندێ یاسا و رێسای سیستمەکەی بکاتەوە کە دڵنیایی ئەوە دروست بێت جاری دیکە سیاسەتی جیهان نەکەوێتە دەستی کەسانێکەوە کە هیچ ئەزموون و شارەزاییەکیان نەبێت لە بەڕێوەبردنیدا.
|
هەموو وتارەکانی
عارف قوربانی