ئایا بەڕاستی عێراق لە جەنگە گەورەکە دوورخراوەتەوە ؟
عادل باخەوان
05/04/2025
1041 جار خوێنراوەتەوە
جەنابی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دەڵێت: بە مامەڵەی ژیرانە عێراقمان لە چوونە نێو شەڕ دوورخستەوە، بەڵام ئایا بەڕاستی تەواو عێراق لە جەنگە گەورەکە دوورخراوەتەوە؟.
یەک: گومانی تێدا نییە جەنابی سەرۆک وەزیران، هەوڵێکی زۆریداوە بۆ ئەوەی عێراق لە هێرشەکانی ئیسرائیل بپارێزت و تائێستا لەمەدا سەرکەوتوو بووە.
دوو: سەرکەوتوو بووە، چونکە ئیدارەکەی بایدن و هاوڕێکانی نەیاندەویست عێراق لەم جەنگەوە بگلێت و هاوکاریی جەنابی سوەدانی بوون.
سێ: بەڵام جەنابیان دەزانن، کە ئیدارەی ترەمپ تا ئەم ئێوارەیەش ئامادە نییە، هیچ گەرەنتیەک بە بەغدا بدات بۆ ڕێگەگرتن لە پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو 80 ئامانجەی کە دەستنیشانی کردوون.
چوار: بەغدا باش دەزانێت ئەو هێرشانە دواخراون بۆ پاش دەرنجامی دانوستانی نێوان واشنتن و تاران کە لە عوممان دەستیپێکردووە. واتە لە ئێستادا تەنیا لە نێوان دوکەوانەدان و چاوەڕوانن و هەڵنەوەشاونەتەوە.
پێنج: عێراق لای ئەمەریکا و ئیسرائیل مەلەفێکی سەربەخۆ نییە، وڵاتێکی خاوەن سەروەریی نییە، تا بەجیا مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، بەڵکو هەمیشە وەک بەشێک لە مەلەفی ئێرانی و سەروەریی ئێرانی و پرسی ئێران مامەڵەی لەگەڵ دا دەکەن.
شەش: عێراق خاوەنی هیچ جۆرە سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی و زەمینی نییە بۆ ئەوەی بتوانێت لە ساتە وەختی هێرشەکاندا خۆی بپارێزت و بەرگری لە خۆی بکات.
حەوت: بەغدا باش دەزانێت، شکستی دانوستانی نێوان واشنتن و تاران، واتە پەلاماردانی ئێران و هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە لە ناوچەکەدا و عێراقیش ڕاستەوخۆ تێوەدەگلێت، چونکە هەم ئێران و هەم ئەمەریکاش ڕازی نابن بێلایەن بێت.
هەشت: لە ساتە وەختێکی واشدا، زۆر ئەستەمە کە عێراق وەک ئێستا بمێنێتەوە، زۆر ئەستەمە بەم سنوورانەیەوە بمێنێتەوە، زۆر ئەستەمە بەم فۆرمە لە حکوومەتداریەوە بێمێنێتەوە.
نۆ: بەڵگە نەویستێکی سیاسی هەیە، کە دەبێت هەموومان ئاگاداری بین: ساڵی 1945 ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا 51 دەوڵەت بوو، ساڵی 1970 بووە 127 و ئێستاش 193 دەوڵەتە !.
دە: عێراق، لوبنان، سووریا، یەمەن، سوودان و لیبیا، سەرەیان بۆهەڵوەشانەوە گرتووە و هەلومەرجی مانەوەیان تێدا نییە.
یانزە: ئەم هەڵوەشانەوەیە پرۆسێسە و تەنیا پێویستی بەکاتە و هیچی تر و هەڵوەشانەوەیان ژمارەیەک دەوڵەتی دیکە بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاد دەکات.
|
هەموو وتارەکانی
عادل باخەوان