جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی پیاوان

عەبدوڵڵا گۆران 12/03/2025   886 جار خوێنراوەتەوە

یەکێک لەگرنکترین ئەو سیمایانەی کە جەستەی کلتووریی تێدا دەردەکەوێت پەیوەستە بە جلوبەرگ وپۆشاکەوە.

"ڕۆلان بارت" لەوبارەوە دەڵێت" ناتوانین باس لە جەستەی مرۆڤ بکەین، بەبێ باسکردن لە جلوبەرگ، لەبەر ئەوەی جلوبەرگە وا دەکات جەستە وەک داڵێکی هەستپێکراو هەڵگری مەدلوولی کولتووریی تایبەت بەخۆی بێت.

لەسەرەتای مێژووەوە بیرکرنەوە لە پاراستنی جەستە لە کارتێکەرە سروشتیە سەختەکان مرۆڤی ناچار کردوە لە هەر قۆناغێکی مێژووییدا بە پێی توانا مادییەکانی بەردەستی وبیروباوەڕ و تێگەیشتنی بۆ دونیا، بیر لە دابینکردنی جێگە و خواردن و جلوبەرگ بکاتەوە.

لەڕوانگەی ئەنسرۆپۆلۆژیای کولتورییەوە خانوو پۆشاک بەیەکێک لە سیماکانی شارستانییەت دادەنرێن، کە دەتوانرێت لە رێگەیەوە هەر قۆناغێکی مێژووی جیابکرێتەوە، چونکە گوزارشتە لەوەی کۆمەڵگایەک خەریکی خۆگونجاندنە بۆ پرکردنەوەی پێویستییە سەرەکییەکانی.

لەکۆمەڵگەی تەقلیدیدا، مرۆڤ نەیتوانیوە بەسەر سروشتدا زاڵ بێت، هەوڵی داوە خۆی لەگەڵ دۆخی سروشتیدا بگونجێنێت، شێواز و جۆری ئەو خۆگونجاندنە بریتی بووە لە کولتور.

وەزیفەی توخمە کولتورییەکانیش لەم قۆناغەدا بە پلەی یەکەم بریتی بوە لە وەڵام دانەوەی سروشت و خۆگونجاندن لەگەڵیدا. ئەم یاسایە بۆ جلوبەرگیش وەک توخمێکی کولتوریی ڕاستە.

لەکۆمەڵگە تەقلیدییەکاندا جلوبەرگ ڕۆڵی بەیانکردن ((الاشهار)) دەبینێت بۆ پیشاندانی ناسنامەی کەسێک لە ڕووی تەمەن و ڕەگەزو چینی کۆمەڵایەتییەوە. جلی کوردی پیاوانی نەریتی بە گشتی خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی و بە ئاسانی لە جلوبەرگ و پۆشاکی نەتەوەکانی دراوسێ جیا دەکرێنەوە.

لەو بارەوە ((پیتەر دلاوالە))دەڵێت " جلوبەرگی کوردی جیاوازە لە جلوبەرگی ئێرانی و تورکی". لە سەروی هەموو فاکتەرەکانەوە، پەیوەندیەکی ئیکۆلۆجی بەهێز هەیە لە نێوان جلوبەرگی کوردی و ژینگە سروشتییەکەیدا، جلوبەرگی کوردی بەرهەمێکی کولتوورییە، بە ئامانجی خۆگونجاندن لەگەڵ سروشتە شاخاوی و ساردو بەفراوییەکەی کوردستان.

لەو روەوە ((شاکر خەسباک)) دەڵێت "  جلوبەرگی کوردی بەتەواوەی لەگەڵ ژینگە سروشتیەکەیدا گونجاوە بەم شیوەیە:
× شەڕواڵی کوردی وا دروستکراوە گونجاو بێت بۆ هەڵگەڕان بە شاخ و پارێزگاری لە بەشی خوارەوەی جەستە دەکات.
× کڵاوی سەر وا درووستکراوە توانای پارێزگاری سەری هەبێت لە سەرماو کارتێکەرە دەرەکیەکان.
× پشتێنی کوردی تایبەتمەندیی زۆرە، لەوانە گەرمکردنەوەی ناوچەی کەمەر، پارێزگاری لە بڕبڕەی پشت لەکاتی هەڵگەڕان بەشاخدا.

لەکۆمەڵگای کوردیدا زۆرجار وا رێک کەوتوە ڕەنگ و شێوازی جلوبەڕگ نیشانە بوبێت بۆ ئینتیمای خێڵێکی و ناوچەیی، یاخود ئاینی، لەم روەوە ((شمیدت)) دەڵێ " کوردەکان زۆر شانازی بەجلوبەرگەکانیانەوە دەکەن، هەرچەندە لە ناوچەیەکەوەبۆ ناوچەیەکی تر لەروی ڕەنگ و شێوازەی بەستنی جامانەو جۆری قوماش و شێوازی بەستنی پشتێنەوە جاوازیان هەیە.

ئەوەی ناتوانرێت فەرامۆش بکرێت کاریگەریی ژینگەی سروشتی کوردستانە لەسەر جلوبەرگی نەریتی کوردی، لەم  بارەوە ((باسیلی نیکتین))دڵێ" ئەوشتەی هاوبەشە لەنێوان جلوبەرگ و پۆشاکی کوردی هەموو ناوچەکاندا ئەوەیە، جلوبەرگێکی ئاڵوواڵایە، هەمیشە سەیرکەر بە جوانییەکەیان سەرسام دەکەن.

تێکەڵاوکردنی ڕەنگە جیاوازەکان لە جلوبەرگی کوردیدا ئەو بروایە درووست دەکات، ئەو سروشتەی کەهەیەتی لەسەوزایی و رازاوەیی بەگوڵ و بەفری سپی و ئاسمانی شین و ئاوی دەشت و کانیاوەکان، هەمویان رۆڵیان هەبوە لەوەی جلوبەرگی کوردی سەلیقەیەکی بەرزی تێدا بەکارهاتوە.