شەڕی ناوخۆ گەورەترین خیانەتی مێژووی هاوچەرخی سیاسیمان
ئەبوبەکر کاروانی
31/08/2026
132 جار خوێنراوەتەوە
چەند ساڵێک لەمەوبەر، لە میانەی دوو وتاردا لەسەر چەمکی «خیانەت» وەستام. یەکێکیان بە ناونیشانی «خیانەت، چەمکێکی سواوی فەرهەنگی سیاسیمان» بوو. لەو وتارەدا باسی ئەوەم کردبوو کە پێویستە لەم قۆناغەی ژیانی سیاسیماندا، پێداچوونەوەیەکی جدی بە چەمکی خیانەتدا بکەین و بە ئاسانی و بێ پێوەر بەکاری نەهێنین.
هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئەم چەمکە، وەک زۆر چەمکی تری فەرهەنگی سیاسیمان، لە واتا و ئەرکی سەرەتایی خۆی دوور کەوتۆتەوە. لە جیاتی ئەوەی ئامرازێک بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و نیشتیمانی، زۆرجار کراوەتە ئامرازێک بۆ ناکۆکی و یەکتر تاوانبارکردن. بەم شێوەیە، نەک تەنها هیچ خزمەتێکی بە پڕۆژەی نیشتیمانیی کوردستانی باشوور نەکردووە، بەڵکو لە زۆر باردا هۆکاری قوڵترکردنەوەی دابەشبوون و کەمڕەنگبوونی هەست بە بەرژەوەندیی هاوبەش بووە.
کێشەکەش تەنها لە خودی چەمکەکەدا نییە، بەڵکو لە نەبوونی چوارچێوە و دەزگایەکی نیشتیمانیدایە کە بتوانێت واتا و سنووری ئەم چەمکە دیاری بکات. تاکوو ئێستا، دەزگایەکی نیشتیمانیی سەرووی حیزب و ناوچەمان نییە کە بتوانێت بە پێوەرێکی یەکسان حوکم لەسەر ئەوە بدات کە چی خیانەتە و چی نییە. هەروەها دادگایەکی بەهێز، بێلایەن و سەربەخۆمان نییە کە تاوانە سیاسی و نیشتیمانییەکان بە پێی یاسا لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت.
لە سایەی ئەم بۆشاییە دامەزراوەییەدا، چەمکی خیانەت کەوتۆتە ژێر کاریگەریی ڕوانگە حیزبی و ناوچەییەکانەوە. ئەوەی لە چاوی یەک لایەنەوە خیانەتکارە، لە چاوی لایەنێکی ترەوە قارەمانە! ئەوەی یەکێک بە خیانەت ناوی دەبات، ئەوی تر ڕەنگە بە «زیرەکیی سیاسی» یان «مانۆڕی سیاسی» بیبینێت. لێرەدا کێشەکە لەوەدایە کە پێوەرەکان یەکسان نین و بە پێی شوێنی وەستان و بەرژەوەندیی سیاسی دەگۆڕێن.
ئەم دۆخە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە واقیعی دابەشکراوی سیاسی کوردستانەوە هەیە. ناکۆکییە درێژخایەنەکانی نێوان هێزە سەرەکییەکان، لە ماوەی دەیان ساڵدا کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر دروستبوونی عەقڵی دەوڵەتداری و دامەزراوەسازیی نیشتیمانی هەبووە. ئەم هێزانە لە زۆر ڕووەوە لە چوارچێوەی مانای باوی حیزب تێپەڕیوون و بوونەتە هێز و سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی فراوانتر، هەر یەکەیان بە مێژوو، پێگە و شێوازی مامەڵەکردنی تایبەتی خۆی.
وتاری دووەمیشم بە ناونیشانی «خیانەت وەک ماف» بوو. مەبەستم لەم ناونیشانە ئەوە بوو کە کاتێک یەک هێز لە پێناو ململانێی ناوخۆییدا هاوکاریی هێزێکی دەرەکیی کردووە، هێزەکەی تریش بە مافی خۆی زانیوە کە لە یەکەم دەرفەتدا وەڵامی بداتەوە و بۆ تۆڵەکردنەوە یان هاوسەنگکردنەوەی هێز، پەنا بۆ لایەنێکی دەرەکیی تر ببا!.
بەم شێوەیە، زنجیرەیەک دروست بووە: خیانەتێک وەک بەڵگەیەک بۆ ڕەفتارێکی تر بەکار هاتووە و ڕەفتارە نوێیەکەش بووەتە بەڵگە بۆ خیانەتێکی دواتر. هەر لایەنێک مێژووی خۆی هەیە بۆ ڕەوایەتی دان بە هەڵوێستەکانی خۆی و تاوانبارکردنی لایەنەکەی تر. ئەنجامەکەی ئەم بازنەیەش نە تەنها چارەسەری کێشەکان نەبووە، بەڵکو دابەشبوون و بێمتمانەیی زیاتر کردووە.
لێرەدا دەتوانین، بەدەنگی بەرز بڵێین گەورەترین خیانەت لە مێژووی هاوچەرخی سیاسیماندا، خودی شەڕی ناوخۆیە. ئەگەر بە پێوەرەکانی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان سەیری بکەین، هەموو ئەو کاتانەی کورد بەرامبەر کورد چەکی هەڵگرتووە و بۆ چارەسەری ناکۆکییەکانی خۆی پەنای بۆ هێزی دەرەکی بردووە، زیانەکەی لە سنووری ململانێی دوو هێز تێپەڕیوە و کاریگەریی لەسەر ئایندەی تەواوی نەتەوەکە داناوە.
چونکە شەڕی ناوخۆ تەنها ڕووداوێکی سەربازی نەبوو. بەڵکو کارەساتێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و نیشتیمانی بوو. متمانەی نێوان هێزە سیاسییەکان زیانێکی قووڵی پێگەیشت، دامەزراوەکان لاواز بوون و بیرۆکەی بەرژەوەندیی گشتی بەرامبەر بەرژەوەندیی حیزبی و ناوچەیی پاشەکشەی کرد.
ئەوەی ئێستاش لە بنبەستی سیاسی، ناکۆکی، دابەشبوونی ناوچەیی، زۆنی حیزبی، نادامەزراوەیی چەک و کێشەی گەندەڵیدا دەیبینین، بەشێکی گرنگی رەگی لەو مێژووەدا هەیە. هەروەها نەبوونی ستراتیژییەکی نیشتیمانیی هاوبەش و کێشەی دروستکردنی دامەزراوەی بەهێز، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەزموونی ئەو شەڕ و ناکۆکییانە بە تەواوی لێیان تێناگەین.
ئەگەر بەڕوواڵەتیش شەڕی ناوخۆ تەواو بووە، بەڵام کاریگەرییەکانی لە بیرکردنەوە و شێوازی مامەڵەکردنی سیاسیدا هێشتا بەردەوامن. شەڕ و خوێنڕێژییەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام مێنتاڵیتی شەڕ، بێمتمانەیی و دابەشکردنی «ئێمە» و «ئەوان» لە زۆر شوێن هێشتا ماوەتەوە.
بەم هۆیەشەوە، زۆرێک لە چەمکە گەورەکانی ژیانی نیشتیمانی و سیاسیمان، وەک نیشتمان، گەل، نەتەوە، شەهید، ناسیۆنالیزم، پەرلەمان و حکومەت، لە ناو ململانێی حیزبی و ناوچەییدا بەشێک لە واتا و ناوەڕۆکی هاوبەشی خۆیان لەدەست داوە. کاتێک هەر چەمکێک بە پێی پێگەی حیزبی پێناسە بکرێت، ئەوا ناتوانێت ببێتە بناغەیەک بۆ یەکگرتن و دروستکردنی بەرژەوەندیی گشتی.
هەربۆیەپێویستمان بە گەڕانەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ ئەم مێژووە هەیە؛ نەك بۆ تۆڵەکردنەوە و بۆ نوێکردنەوەی ناکۆکییەکان، بەڵکو بۆ تێگەیشتن لە هەڵەکان و وەرگرتنی وانە لێیان. پێداچوونەوەش بە ڕابردوو نابێت بە واتای زیندووکردنەوەی شەڕەکانی ڕابردوو بێت، بەڵکو دەبێت هەوڵێک بێت بۆ ئەوەی هەمان هەڵەکان لە داهاتوودا دووبارە نەبنەوە.
تا ئەم مێژووە بە ڕوویەکی ڕەخنەگرانە و بەرپرسیارانە نەخوێنینەوە، ناتوانین بە تەواوی پێ بنێینە قۆناغێکی نوێوە. نیشتمانسازی، گەلسازی و دامەزراوەسازی بە بەردەوامی لە ژێر کاریگەریی ئەو میراتە دابەشکەرەدا دەبن، و پرۆسەی دروستکردنی سیستەمێکی سیاسیی بەهێز و هاوبەش هەر لە ڕێگەیەکی درێژ و پڕ لە کۆسپدا دەمێنێتەوە.
ئەمە پێویستی بە هەستێکی بەرزتر لە لێپرسراوێتیی نیشتیمانی، سیاسی و ئەخلاقی هەیە. سەرکردایەتییەک کە بە ڕاستی خۆی بەرامبەر ئایندەی گەل و نەتەوەکەی بەرپرس بزانێت، دەبێت توانای داننان بە هەڵەکانی ڕابردوو و خۆبیناکردنەوەی هەبێت.
ڕێگای دەرچوون لە میراتی شەڕی ناوخۆیی، لە سڕینەوەی مێژوو یان یەکتر تاوانبارکردنی بەردەوامدا نییە؛ لە خوێندنەوەیەکی نیشتیمانی نوێ و دادپەروەرانەی مێژوودایە، لە دروستکردنی دامەزراوەی بەهێز و سەربەخۆ، و لە گواستنەوەی بەرژەوەندیی گشتی بۆ سەرووی بەرژەوەندیی حیزبی و ناوچەییە.
دەکرێت ئەوکاتە بتوانین بە ڕاستی لەو بازنەیەی ناکۆکی و یەکتر تاوانبارکردنە دەربچین و بڵێین: گەورەترین خیانەت بە ئایندەی نەتەوەکەمان، بەردەوامبوونە لە دووبارەکردنەوەی هەڵەکان ودرێژەدانە بەعەقڵییەت وڕۆحییەتی شەڕی ناوخۆ.
|