دەبێت چاوەڕێى تورکیا بین، نەک پەکەکە

عارف قوربانی 01/03/2025   633 جار خوێنراوەتەوە

لە کاتێکدا هەموو جیهان چاوی سەرنجیان لەسەر دواى ساڵێک بەردەوامیی شەڕی غەززە و پەرەسەندنەکانى شەڕى ئیسرائیل و حەماس و حیزبوڵڵا بوو، دەوڵەت باخچەلى سەرۆکى پارتى نەتەوەپەرستى تورک (مەهەپە)، لە ئۆکتۆبەرى 2024 بە تەوقەکردنێک لەگەڵ ئەندامە کوردەکانى فراکسیۆنى دەم پارتى لە پەرلەمانى ئەو وڵاتە، وەک تەقاندنەوەى بۆمبێکى ئەتۆمى، سەرنجى دونیاى بۆ پرسى کورد لە تورکیا راکێشا. دەوڵەت باخچەلى پێشتر و تاوەکو ئەو ساتە، بەردەوام ئەندامە کوردەکانى پەرلەمانى تورکیاى بە پشتیوانى تیرۆر و وەک بەشێک لە پەکەکە لە قەڵەم دەدا، رەخنەى ئەوەى لە حکومەت و پەرلەمانى تورکیا دەگرت کە (شوێنى ئەمانە، دەبێت زیندان بێت، نەک هۆڵى پەرلەمان)، بۆیە تەوقەکردنەکەى جێى سەرنج بوو.
 
بەدواى ئەوەشدا لە کۆبوونەوەى فراکسیۆنى پارتەکەى، دەستپێشخەرى بۆ پرۆسەى ئاشتى راگەیاند و داوایکرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکى زیندانیکراوى پارتى کرێکارانى کوردستان لە زیندانى ئیمراڵییەوە بێتە پەرلەمانى تورکیا و لە کۆبوونەوەى پەرلەمان یان لە کۆبوونەوەى فراکسیۆنى دەم پارتى کۆتایى بە شەڕى چەکدارى بهێنێت. لە دواى قسەکانى باخچەلى، هەندێ زانیارى (تائێستا پشتڕاستنەکراوە)، دزەیانکردە نێو میدیاوە کە گوایە لە چەند ساڵى رابردووى سەردەمى گۆشەگیریی ئۆجەلاندا چەند جارێک دەوڵەت باخچەلى و تەنانەت ئەردۆغان سەرۆککۆمارى تورکیاش لە پرۆسەیەکى نهێنیدا لە ئیمراڵى، لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەتەوە و ئەوەى باخچەلى لە پەرلەمان رایگەیاند، دەرئەنجامى کۆبوونەوە و هەوڵى چەند ساڵەیان بووە، نەک هەڵوێستێکى کوتوپڕ.
 
ئەمەیان دەبێت لێگەڕێین بۆ مێژوو، بەڵام دەستپێشخەرییەکەى باخچەلى دەرگەی بۆ ئەوەکردەوە دەم پارتى وەک هێزێکى نمایندەى سیاسیى کورد لە تورکیا، جڵەوى ئەم پرسە بگرنەدەست، وەفدیان ناردە ئیمراڵى و پەیامى ئۆجەلانیان بۆ قەندیل و دەسەڵاتدارانى باشوورى کوردستان و راى گشتى کورد هێنا، کە ئۆجەلان لە ماوەیەکى نزیکدا بانگەوازى کۆتاییهێنان بە شەڕى چەکداریى نێوان کورد و دەوڵەتى تورکیا بڵاودەکاتەوە و خوازیارى ئەوەیە خەباتى چەکداریى بۆ خەباتى سیاسى و یاسایى بگۆڕێت. هەرچەندە ئەوەى لێرەشدا جێى سەرنج بوو، نادیاری و ناڕوونى هەڵوێستى دەوڵەتى تورکیا بوو لەم پرسە گرنگە. راستە باخچەلى هاوبەشى سەرەکیی پێکهێنانى حکومەتى ئێستاى تورکیایە و (مەهەپە) هاوپەیمانى (ئاکپارتى) حیزبەکەى ئەردۆغانە، بەڵام ئەوەى نوێنەرایەتى دەوڵەت دەکات و دەربڕى سیاسەتى وڵاتەکەیە، ئەردۆغانە نەک دەوڵەت باخچەلى. لە رووى کرداریشەوە بە درێژایى ئەم چەند مانگەى بەحساب پرۆسەى ئاشتى بەڕێوەدەبرێت، لەلایەک زۆرترین سەرۆک شارەوانییەکانى کورد لابراون و قەییوم لە شوێنیان دانراوە، لەلایەکى دیکەشەوە هێرش و پەلامارەکانى سوپاى تورکیا لە ئاسمان و لەسەر زەمین بەردەوام بووە دژی پەکەکە.
 
لە 27ى شوبات، دواى چوونەوەى شاندێکى فراوانى دەم پارتى بۆ ئیمراڵى و کۆبونەوەیان لەگەڵ ئۆجەلان، پەیامێکى بە دەستوخەت نووسراوى دوو رۆژ لەوەوبەرى رێبەرى پەکەکەیان هێنایەوە و بۆ راى گشتى بڵاویانکردەوە، کە تیایدا ئۆجەلان نەک هەر داواى کۆتاییهێنان بە خەباتى چەکدارى لە پەکەکە دەکات، بەڵکو داواشیکردووە کۆنگرەیەک ببەستن بۆ (فەسحکردن) هەڵوەشاندنەوەى پەکەکە. پەیامەکەى ئۆجەلان بووە پرسى گەرمى میدیا و ناوەندە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت بەشێک لە وڵاتانى ئەورووپا و ئەمریکاش پشتگیریى و هەڵوێستى خۆیان بۆ چارەسەرى ئاشتییانەى کێشەى کورد لە تورکیا دەربڕى. لە نێوخۆی تورکیا و لە کوردستانیش هەموو سەرنجەکان لەسەر ئەوەن هەڵوێستى پەکەکە چى دەبێت؟ چاوەڕوانى قسەى روونى پەکەکەن لەبارەى پەیام و داخوازییەکەى ئۆجەلانەوە، بەڵام لە راستیدا ئەوەى پێویستە دواى پەیامەکەى ئۆجەلان قسەى هەبێت، دەوڵەتى تورکیایە نەک پەکەکە.
 
هەرچەندە پەکەکە بەشێوەیەکى لۆژیکى پابەندبوونى خۆى بە نێوەڕۆکى پەیامەکە دەربڕیوە، بەڵام ئەوەى نادیارە لەم پرسەدا هەڵوێستى تورکیایە کە لە بنەڕەتیشدا پرسیارى گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا هەر بەڕاستى تورکیا ئاشتى دەوێت؟ ئەگەر تورکیا بەدواى ئاشتییەوە بووایە، لانى کەم پێیوست بوو ئەو چەند مانگەى رابردوو کە وەفدى دەم پارتى لە هاتووچۆى بەردەوامى ئیمراڵیدا بوون بۆ رەخساندنى زەمینەى بڵاوکردنەوەى پەیامەکەى ئۆجەلان، دەبوو تورکیاش زەمینە و هەلومەرجى ئاشتى بڕەخساندایا. وەک ئەو ماوەیە جگە لە درێژەدان بەشەڕ هیچى نەکرد، پێویست بوو لەگەڵ بڵاوکردنەوەى پەیامەکەى ئۆجەلاندا دەوڵەتى تورکیاش وەک دەربڕینى نیەتپاکى بۆ ئاشتى، بڕیارى لێبووردنى گشتى بۆ دەمیرتاش و ئەو هەزاران زیندانیکراوانە دەربڕیبایا کە بەبیانووى لایەنگیرێتى پەکەکەوە لە زیندانەکانى تورکیادان. یاخود دەبوو بە راگەیێندراوێک پێشوازى لە پەیامەکە بکردایە و لەگەڵیدا داواى لە پەرلەمان بکردابا بە بەشداریی سەرجەم فراکسیۆنەکان لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوەى ئەو بەند و بڕگە دەستووری و یاساییانە پێکبهێندرێت کە سەرچاوەى نکوڵیکردنن لە بوونى کورد لەو وڵاتە و پەیوەندییان بە ناسنامەى کورد و نیشتمانەکەیەوە هەیە.
 
بەڵام تورکیا هیچ کام لەمانەى نەکردووە. جارێ دیاریش نییە چى دەکات و هەموو چاویان لەسەر ئەوەیە پەکەکە چى دەکات، تازەترین لێدوانى وەزیرى دادى تورکیاش لەو بارەیەوە ئەوەیە کە داواى چەکدانانى پێشوەختەى بێمەرجى پەکەکە دەکات و قسەیەکى پێشووترى ئەردۆغانى گوتووەتەوە کە دەڵێت، یان چەک دانێن یان بە چەکەکانەوە دەنێژرێن. لەکاتێکدا هیچ گرەنتییەکیش بۆ دواى ئەگەرى پابەندبوونى پەکەکە باس ناکرێت. ئاشتى بە نهێنى ناکرێت و پرسى چارەسەرى کێشەى کوردیش پێویستى بەهەڵوێستى روون و راشکاو و رێکارى دەوڵەتى تورکیا هەیە. دەبێت هانى پەکەکە بدرێت بەهیچ جۆرێک نەکەونەژێر کاریگەریی هەست و سۆزەوە بۆ رێبەرە زیندانیکراوەکەیان کە کەس نازانێت چەند ساڵە و لە سەردەمى گۆشەگیریدا چۆن مامەڵەى لەگەڵ کراوە. یاخود لە بەرانبەر چى بەڵێنێکى بێگرەنتیدا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەى پەیامێکى لەو جۆرە بڵاوکاتەوە.
 
هەموو کەس دەزانێت بۆچى خەباتى چەکدارى لە باکوورى کوردستان دروستبوو، بەڵام کەس نازانێت لەپێناو چى دەبێت کورد دەستبەردارى خەباتى چەکدارى ببێت. ئایا ئەو ئامانجانە بەدیهاتوون کە پەکەکە لەپێناویاندا دروستبوو؟ ئەگەر قسەکە لەسەر ئەوەیە سەردەمى خەباتى چەکدارى بەسەرچووە، ئەى بۆ سەردەمى سەرکوتکاریى و کوشتوبڕى چەکدارى داگیرکەران دەڵێن چى؟ ئایا هەلومەرج و سەردەمێک هاتووەتەپێش کە دەرفەتەکانى خەباتى سیاسى و مەدەنى بەو ئەندازەیە رەخساندبێت کە کورد پێویستى بە خەباتى چەکدارى نەمێنێت؟ هەموومان بە چاوى سەر رەوشى تورکیا و سیاسەتى دەوڵەت بەرانبەر بە کورد دەبینین. تەنانەت لەم چرکەساتە هەستیارەى باس لە پرسى چارەسەریى و پرۆسەى ئاشتى دەکرێت، دەوڵەت بەردەوامە لەسەر راوەدونان و گرتنى گەنجانى کورد لەسەر بیروڕاى سیاسى، سەرۆک شارەوانییەکان کە بە هەڵبژاردن هاتوون یەکە یەکە لادەبرێن و قەییوم لە جێگەیان دادەنرێت. پرۆسەى وەرگرتنەوەى پارێزبەندیی سەر پەرلەمانتارانى کورد هەر بەردەوامە. کام سیاسەتى دەوڵەت گۆڕانکارى بەسەرداهاتووە تا پێویست بکات کوردیش سیاسەتى خۆى بگۆڕێت؟
 
دەبێت ئەم پەیام و بانگەوازەى ئۆجەلان بۆ ئەوە کەڵکى لێوەربگیرێت کە کورد ئامادەى گرتنبەرى رێگەى ئاشتى و دیموکراسییە، چى شتێک لەوە باشترە بۆ کورد کە بتوانێت بە ئاشتى و دیموکراسییانە بە مافە زەوتکراوەکانى بگات، یان لانى کەم هەر بتوانێت بە رێگەى دیموکراسییانە داواى مافەکانى بکات. دەبێت هەنگاوى کردارى لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە بنرێت بۆ رەخساندنى زەمینەى ئاشتى و خەباتى سیاسى، بەڵام دواى پەیامەکەى ئۆجەلان و پاش ئەوەى پەکەکەش تاک لایەنە ئاگربەستى راگەیاندووە، تورکیا لە رێگەى بۆردوومانەوە بەردەوامە لە هێرشەکانى. ئاشتى و گرتنەبەرى پرسى چارەسەرى هەر کێشەیەک، بە تاکلایەنە ناکرێت، پێویستە هەردوو تەرەفى کێشە بڕوایان بە دایەلۆگ و رێگەى ئاشتییانەى چارەسەرى کێشەکە هەبێت. ئەوە لەسەر زار و لەسەر دەستى ئۆجەلانەوە کورد ئامادەیى خۆى دەربڕیوە بۆ گرتنەبەرى ئەو رێگەیە، دەبێت چاوەڕێى تورکیا بین، چونکە ئەوەى هێشتا بەنادیارى ماوەتەوە، هەڵوێستى تورکیایە نەک پەکەکە.