وتاری ناسنامەی ئێزیدی و داهاتووی هێزی جیۆپۆلیتیکیی هەرێمی کوردستان
هونەر حاجی جاسم
10/08/2026
113 جار خوێنراوەتەوە
بەشێکی زۆر لە ئێزیدییەکانی دیاسپۆرا بە ئاشکرا و بە دەنگێکی بەرز دەڵێن: «ئێمە کورد نین؛ ئێمە نەتەوەیەکی جیاوازین، ئێمە ئێزیدین.»
ئەم دەربڕینە، لە یەکەم ڕوانگەدا، دەکرێت وەک دەربڕینی خۆناساندن و پاراستنی ناسنامەی تایبەتیی کۆمەڵگەیەکی ئایینی و کەلتووری لێک بدرێتەوە. بەڵام کاتێک ئەم گوتارە لە چوارچێوەی جوگرافیا و سیاسەتی ناوچەکەدا دەخوێندرێتەوە، پرسیارێکی قووڵتر دروست دەبێت: ئەگەر گوتاری جیاوازیی ناسنامە لە ئاستی کۆمەڵایەتی و کەلتووری تێپەڕێت و ببێتە بنەمای ئاراستەیەکی سیاسی و جوگرافیایی، ئەوا چ کاریگەرییەکی لەسەر داهاتووی هێزی جیۆپۆلیتیکیی هەرێمی کوردستان دەبێت؟
مەبەستی من لێرەدا ئەوە نییە کە بە شێوەیەکی پێشوەختە وەڵام بدەمەوە کە ئایا ئێزیدییەکان کوردن یان کورد نین. ئەو پرسیارە خۆی بابەتێکی ئاڵۆزی مێژوویی، زمانەوانی، ئەنتڕۆپۆلۆجی و کۆمەڵناسییە و پێویستی بە خوێندنەوەی مێژوو و بەکارهێنانی میتۆدی زانستیی مێژوویی هەیە.
بۆیە نابێت هەڵوێستی ناسنامەییی کۆمەڵگەیەک بە خێرایی بکرێتە ئەنجامێکی مێژوویی و زانستی. ئەوەی ئەم دیدە لێکیدەداتەوە، بابەتێکی جیاوازە: هێزی جیۆپۆلیتیکیی هەرێمی کوردستان و ئەوەی گوتاری ناسنامە چۆن دەتوانێت کاریگەری لەسەر جوگرافیا، پەیوەندییە ستراتیژییەکان و نەخشەی هێزی ناوچەکە دابنێت. کاتێک ئێزیدییەکان دەڵێن «ئێمە کورد نین»، بەشێک لەو هەڵوێستانە دەتوانێت وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەزموونی مێژوویی و تراژیدییەکانیان تێبگەین؛ ئەزموونی پەراوێزخستن، جیاوازیی ئایینی، هەستکردن بە جیاوازی لەگەڵ دەسەڵاتە سیاسییەکان، و بە تایبەتی ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٤ و جینۆسایدی داعش لە شنگال، کە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر بیرەوەریی کۆمەڵایەتی و ناسنامەی ئێزیدی داناوە.
بەڵام لە ڕوانگەی زانستیی ناسنامەوە، دەبێت جیاوازی بکرێت لە نێوان خۆناساندن و لێکدانەوەی مێژوویی. ئەوەی کۆمەڵگەیەک خۆی چۆن پێناسە دەکات، خۆی فاکتێکی گرنگی کۆمەڵناسییە؛ بەڵام وەڵامی پرسیاری مێژوویی پێویستی بە بەڵگە و میتۆدی تایبەتی خۆی هەیە. بەڵام لە دیدی جیۆپۆلیتیکییەوە، پرسیاری گرنگتر ئەوەیە کە ناسنامە کەی و چۆن دەبێتە فاکتەری سیاسی و جوگرافیایی. ناسنامە بە خۆی هەڕەشەی جیۆپۆلیتیکی نییە. کۆمەڵگەی ئێزیدی مافی ئەوەی هەیە ناسنامە، ئایین، کەلتوور و تایبەتمەندییەکانی خۆی بپارێزێت و خۆی بەو شێوەیەی خۆی دەیەوێت پێناسە بکات. بەڵام ئەگەر گوتاری جیاوازیی ناسنامە ببێتە بەشێک لە پرۆژەیەکی سیاسی بۆ گۆڕینی کۆنترۆڵی خاک، دابڕینی ناوچەکان، گۆڕینی کۆریدۆرەکان یان لاوازکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکان، ئەوا بابەتەکە لە ئاستی ناسنامە تێدەپەڕێت و دەبێتە بابەتێکی جیۆپۆلیتیکی.
لەم چوارچێوەیەدا، هێزی جیۆپۆلیتیکیی هەرێمی کوردستان دەبێت لە پەیوەندیی نێوان چەند فاکتەری سەرەکی تێبگەین: جوگرافیا، خاک، سنوور، کۆریدۆرەکانی گواستنەوە، کۆنترۆڵ، سەرچاوە ئابووری و وزەییەکان، ئاسایش، دامەزراوە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان. هەرێمی کوردستان لە شوێنێکی ستراتیژی لە نێوان عێراق، ئێران، تورکیە و نزیکییەکانی سوریە هەڵکەوتووە؛ ئەمە لە یەک لایەنەوە هێزی جیۆپۆلیتیکیی بۆ هەرێم دروست دەکات و لە لایەکی دیکەوە هەرێم دەخاتە ناو کۆمپڵێکسێکی ئاڵۆزی ئاسایشی و کێبڕکێی ناوچەیی.
لە جیۆپۆلیتیکی کلاسیکدا، تیۆرییەکانی Halford Mackinder و Nicholas Spykman جەخت لەسەر گرنگیی شوێنی جوگرافیایی، ناوچە ستراتیژییەکان، کەنارەکان، کۆریدۆرەکان و کۆنترۆڵی شوێنە گرنگەکان دەکەن. ئەم تیۆرییە کلاسیکانە نابێت ئەمڕۆ بە شێوەیەکی میکانیکی بۆ هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێن، بەڵام دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ تێگەیشتن لەوەی بۆچی جوگرافیا و شوێنی ناوچەیەک دەتوانێت ببێتە سەرمایەیەکی سیاسی و ستراتیژی.
لەو ڕوانگەیەوە، هێزی جیۆپۆلیتیکیی هەرێمی کوردستان تەنها بە ژمارەی دانیشتوان یان ناسنامەی نەتەوەیی پێوانە ناکرێت؛ بەڵکو بە توانای هەرێم بۆ پاراستنی پەیوەندییە جۆگرافیاییەکان، کۆنترۆڵی خاک، بەڕێوەبردنی سنوور، پاراستنی کۆریدۆرەکان، دروستکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و مانۆڕکردن لە نێوان هێزە رقیبەکاندا پێوانە دەکرێت. بەم مانایە، هێزی جیۆپۆلیتیکیی هەرێم سیستەمێکە کە ناسنامە تەنها یەکێکە لە فاکتەران، نە هەموو هێزەکە. لێرەدا تیۆریی Regional Security Complex Theory ـی Barry Buzan و Ole Wæver دەتوانێت چوارچێوەیەکی گونجاو بۆ شیکردنەوەی بابەتەکە بێت. لەو تیۆرییەدا، ئاسایشی ئەکتەرەکان لە ناوچەیەکدا بە یەکترەوە پەیوەستە و گۆڕانکارییەک لە یەک بەش دەتوانێت کاریگەری لەسەر بەشەکانی تری هەمان کۆمپڵێکسی ئاسایشی دابنێت. هەرێمی کوردستان لە ناو سیستەمێکی ئاسایشیی ئاڵۆزدا هەڵکەوتووە و هەر گۆڕانکارییەکی گرنگ لە ناوچەکانی دەوروبەر دەتوانێت کاریگەری لەسەر هێزی ستراتیژیی هەرێم هەبێت.
لەو چوارچێوەیەدا، شنگال گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بەڵام نابێت هەموو بابەتەکە بە شنگال کورت بکرێتەوە. شنگال نموونەیەکی دیارە بۆ ئەوەی چۆن ناسنامە، خاک، ئاسایش و کێبڕکێی سیاسی دەتوانن پێکەوە گرێ بدرێن.
شوێنی جۆگرافیایی شنگال و پەیوەندییەکانی بە نینەوا، سوریە، عێراق و ناوچەکانی دەوروبەر وای کردووە کە ببێتە ناوچەیەکی هەستیاری جیۆپۆلیتیکی. بەڵام بابەتی سەرەکیی ئەم وتارە فراوانترە: ئەوەیە کە گوتاری «ئێمە کورد نین» لە ئاستی کۆمەڵایەتییەوە چۆن دەتوانێت، ئەگەر سیاسی بکرێت، کاریگەری لەسەر جوگرافیای سیاسیی هەرێمی کوردستان هەبێت.
لەم ڕوانگەیەوە، قسەکانی قاسم شەشۆش دەتوانێت نموونەیەکی گرنگ بێت بۆ تێگەیشتن لە ئاڵۆزیی ئەم پەیوەندییە. شەشۆ، کە یەکێکە لە کەسایەتییە ناسراوەکانی هێزی ئێزیدیی شنگال، لە هەڵوێستێکی نوێدا لە ساڵی ٢٠٢٥ سەبارەت بەو پێشمەرگانەی لیوای شنگال کە بۆ چوونە نێو سوپای عێراق باس کرابوون، ژمارەی ڕاگەیەنراویان بە زۆر گەورەکردنەوە ناوبرد و جەختی کردەوە کە ژمارەکە کەمترە لە ٢٠٠ کەس. گرنگتر لە ژمارەکە، ئەوەیە کە لە هەمان قسەدا وتوویە لیوای شنگال زیاتر لە ٨ هەزار پێشمەرگەی هەیە و «لە پاراستنی خاکی کوردستان» بەردەوامە.
ئەم دەربڕینە لە ڕوانگەی جیۆپۆلیتیکییەوە گرنگە، چونکە پیشانی دەدات کە ناسنامەی ئێزیدی و پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە هەموو کاتێکدا بە شێوەیەکی سادە دژ بە یەکتر نین. لە ڕاستیدا، ئەمە یەکێکە لەو خاڵە گرنگانەی کە دەبێت لە گفتوگۆی «ئێمە کورد نین» تێبگەین. مرۆڤێک دەتوانێت لە ئاستی ناسنامەدا خۆی بە ئێزیدی بناسێنێت و لە هەمان کاتدا لە ئاستی جوگرافیایی و ستراتیژییەوە خۆی بە پاراستنی خاک و ناوچەیەکی دیاریکراوەوە پەیوەست بزانێت. ئەمە نیشان دەدات کە ناسنامەی کۆمەڵایەتی، ناسنامەی سیاسی و ئاراستەی جیۆپۆلیتیکی هەمیشە یەک شت نین.
هەروەها، لە ساڵانی پێشوو، قسە و هەڵوێستەکانی شەشۆ لەبارەی ناسنامەی ئێزیدی و داهاتووی شنگال بوونەتە بابەتی مشتومڕی سیاسی. ئەم مشتومڕەکانە خۆیان نیشان دەدەن کە بابەتی ناسنامە لە شنگال و بە گشتی لە کۆمەڵگەی ئێزیدی، تەنها بابەتێکی کەلتووری نییە؛ بەڵکو بە هەڵوێستی هێزە سیاسییەکان، ئاسایش، کۆنترۆڵی ناوچە و پەیوەندییەکانی هەرێم بە هێزە ناوچەییەکانەوە گرێدراوە. لەبەر ئەمە، دەبێت لە نێوان «مافی خۆناساندن» و «بەکارهێنانی ناسنامە بۆ پرۆژەیەکی جوگرافیایی» جیاوازی بکرێت. لێرەدا تیۆریی Critical Geopolitics گرنگ دەبێت. ئەم ڕوانگەیە تەنها سەیری خاک و سنوور ناکات، بەڵکو سەیری ئەوە دەکات کە چۆن وشەکان، نەخشەکان، گوتارە سیاسییەکان و پێناسەکردنی «ئێمە» و «ئەوان» دەتوانن جوگرافیا بە شێوەیەکی سیاسی دروست بکەن.
بە واتایەکی سادە، پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە «خاکەکە لە کوێیە؟»؛ بەڵکو ئەوەشە کە «کێ خاکەکە بە چ شێوەیەک پێناسە دەکات و ئەو پێناسەیە چ کاریگەرییەکی سیاسی لەسەر خاکەکە دروست دەکات؟»
بەم شێوەیە، گوتاری «ئێمە کورد نین» لە ئاستی ناسنامەدا دەتوانێت دەنگێکی کۆمەڵایەتی و کەلتووری بێت و مافی خۆناساندن بە خۆی نابێت بە هەڕەشەیەکی جیۆپۆلیتیکی لێک بدرێتەوە.بەڵام ئەگەر ئەو گوتارە لەگەڵ پرۆژەیەکی سیاسی بۆ دابڕینی ناوچەیی، گۆڕینی کۆنترۆڵی خاک، گۆڕینی کۆریدۆرەکان یان لاوازکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە، ئەوا دەبێتە بەشێک لە پرۆسەی دروستکردنی جوگرافیای سیاسی.
لەبەر ئەمە، مەترسیدارتر لە خودی جیاوازیی ناسنامە، ئەوەیە جیاوازییەکە ببێتە ئامرازێک بۆ لاوازکردنی پەیوەندییە جۆگرافیایی و ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان. چونکە هێزی جیۆپۆلیتیکی تەنها بە ژمارەی دانیشتوان یان قەبارەی خاک پێوانە ناکرێت؛ بەڵکو بە پەیوەندیی نێوان جوگرافیا، خاک، سنوور، کۆریدۆر، کۆنترۆڵ، ئابووری، ئاسایش و پەیوەندییە سیاسییەکان پێوانە دەکرێت. بۆیە، ئەگەر جیاوازیی ناسنامەیی ئێزیدی لە ئاستی کەلتووری و کۆمەڵایەتی بمێنێتەوە، نابێت بە خۆی وەک مەترسییەکی جیۆپۆلیتیکی لێی بڕوانرێت. بەڵام ئەگەر ببێتە بنەمای دابڕینی سیاسی و جۆگرافیایی، ئەوا کاریگەرییەکە دەتوانێت لە سنووری ناسنامە تێپەڕێت و بگاتە ئاستی «نەخشەی هێز».
لەو کاتەدا، بابەتەکە تەنها پرسیاری «کێ کێیە؟» نییە؛ بەڵکو دەبێتە پرسیاری «کێ کۆنترۆڵ دەکات؟»، «کێ ئاسایش دابین دەکات؟»، «کێ کۆریدۆرەکان بەڕێوە دەبات؟» و «کێ توانای کاریگەریکردن لەسەر داهاتووی جوگرافیای سیاسی هەیە؟»
بۆیە پێویستە دوو پرسیار بە تەواوی لە یەکتر جیا بکرێنەوە.
یەکەم، ئایا ئێزیدییەکان لە ڕووی مێژوویی و ناسنامەیی کوردن یان نین؟ ئەمە پرسیارێکی ئاڵۆزی مێژوویی، کۆمەڵناسی و زمانەوانییە و دەبێت بە بەڵگە و میتۆدی زانستی وەڵامی بدرێتەوە.
دووەم، ئەگەر گوتاری جیاوازیی ناسنامە ببێتە بنەمای دابڕینی سیاسی و جۆگرافیایی، ئەمە چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر هێزی جیۆپۆلیتیکیی هەرێمی کوردستان؟ ئەمەش پرسیارێکی جیۆپۆلیتیکی و ستراتیژییە.
لەبەر ئەمە، پاراستنی ناسنامە و مافی ئێزیدییەکان نابێت بە دژایەتی لەگەڵ پاراستنی پەیوەندییە جۆگرافیایی و ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان تێبگەین؛ هەروەها پاراستنی هێزی جیۆپۆلیتیکیی هەرێمی کوردستان نابێت بە مانای سڕینەوە یان نادیدهگرتنی ناسنامەی ئێزیدی بێت.
ئەوەی گرنگە، ئەوەیە کە ناسنامەی ئێزیدی وەک ناسنامەیەکی تایبەت، و جوگرافیا و ستراتیژی وەک دوو بابەتی جیاواز، بەڵام پەیوەست بە یەکتر، لێک بدرێنەوە. لەو ڕوانگەیەوە، گفتوگۆکە دەبێت لە شەڕی وشەکان ــ «کوردن یان کورد نین؟» ــ بگوازرێتەوە بۆ پرسیارێکی قووڵتر: چۆن دەتوانرێت مافی ناسنامەی جیاواز، ئاسایش و تایبەتمەندیی ئێزیدییەکان لەگەڵ پاراستنی پەیوەندییە جۆگرافیایی و هێزی جیۆپۆلیتیکیی هەرێمی کوردستان لە یەک چوارچێوەدا بگونجێنرێت؟
ئەمەیە خاڵی سەرەکیی بابەتەکە: لە جیۆپۆلیتیکدا، هێز تەنها ئەوە نییە کە کێ خاوەنی ناسنامەیە؛ هێز هەروەها ئەوەشە کە کێ جوگرافیا، پەیوەندییەکان، کۆریدۆرەکان، کۆنترۆڵی خاک و قووڵایی ستراتیژیی خۆی دەپارێزێت.
لەم چوارچێوەیەدا، گوتاری «ئێمە کورد نین» دەبێت نەک تەنها وەک شەڕێکی ناسنامەیی، بەڵکو وەک پدیدهیهکی کۆمەڵایەتی و سیاسی بخوێندرێتەوە کە لە هەندێک بارودۆخدا دەتوانێت کاریگەری لەسەر جوگرافیای سیاسی و هێزی ناوچەکە هەبێت.
بەڵام داهاتووی هێزی جیۆپۆلیتیکیی هەرێمی کوردستان نابێت تەنها بە شێوەیەکی سەلبی، واتە بە ترس لە جیاوازیی ناسنامە، بناسرێت. هێزی ڕاستەقینەی هەرێم لە توانای ئەوەدایە کە جیاوازییەکان بەڕێوەببات، مافی کۆمەڵگە جیاوازەکان بپارێزێت، متمانەی سیاسی دروست بکات و لە هەمان کاتدا پەیوەندییە جۆگرافیایی و ستراتیژییەکانی خۆی بپارێزێت. ئەگەر هەرێم بتوانێت ئەم هاوسەنگییە دروست بکات، جیاوازیی ناسنامە نابێتە خاڵی لاوازی، بەڵکو دەتوانێت ببێتە بەشێک لە هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ناوچەکە.
لە ئەنجامدا، پرسیاری گەورەتر نەک ئەوەیە کە «کێ کوردە و کێ کورد نییە؟»؛ بەڵکو ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت لەگەڵ پاراستنی ماف و ناسنامەی هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە، هێزی جیۆپۆلیتیکی، ئاسایش و قووڵایی ستراتیژیی خۆی بپارێزێت؟
ئەمە پرسیارێکی ستراتیژییە؛ چونکە لە ئەنجامدا، هێزی جیۆپۆلیتیکیی هەرێم بە تەنها بە ناسنامەی هاوبەش دیاری ناکرێت، بەڵکو بە توانای دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان مرۆڤ، جوگرافیا، خاک، ئاسایش، دامەزراوە و هێزەوە دیاری دەکرێت.
بۆیە، ئەگەر ئێزیدی وەک جیاوازییەکی نەتەوەیی و کەلتووری و ناسنامە قبوڵ بکرێت، ئەوە لێکەوتەی جیاوازی بەسەر هێزی جیۆپۆلیتیکیی هەرێمی کوردستان و ناوچەی سێسنووری ڕۆژئاوایی کوردستان و باکووری کوردستان و هەرێمی کوردستانیش دەبێت. بۆیە، کاتێک مالجیاکردنەوە دەکرێت، چ لە ڕووی قەومی بێت، یان سیاسی، یانیش کەلتووری، بەبێ لێکەوتەی جیۆپۆلیتیکی تێپەڕ نابێت!
|
هەموو وتارەکانی
هونەر حاجی جاسم