ئاڵا گەورەکە، ئاماژە و پەیام بۆ (ئەنقەرە، تاران، بەغدا)
عادل قادر
04/08/2026
333 جار خوێنراوەتەوە
ئاڵا گەورەکە، ئاماژە و پەیام بۆ ئەکتەرە هەرێمییەکانی وەک (ئەنقەرە، تاران، بەغدا):
لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و شیکاریی گوتاردا، ئامرازە لۆجیستی و پرۆتۆکۆلییەکان، بەتایبەت ئاڵاکان و دیزاینی دانانی سێتەکان بەگشتی، هیچ کات بەڕێکەوت نین و بەشێکن لە پەیامی شاراوە و نادیار.
دانانی ئاڵایەکی گەورەی کوردستان لە پێشوازی و کۆبوونەوەی (ئەحمەد شەرع و نێچیرڤان بارزانی) دا، تەنها ڕێزگرتن نەبوو، بەڵکو ناردنی پەیامێکی سیاسیی دروستکراو بوو بۆ ناوەندەکانی بڕیار لە ئەنقەرە، تاران و بەغدا
بۆ بەغدایەک کە شیعە حوکمی ڕەهای تێدا دەکات، دیاریکردنی سنووری سەربەخۆیی بڕیاری سیاسیی هەرێم و ئاماژەدان بەوەی هەرێم وەک ئەکتەرێکی نێودەوڵەتیی ڕاستەوخۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
بۆ تورکیا و ئێرانیش بەکارهێنانی کارتی سیمبۆلێکی کوردی وەک ئامرازێکی گوشار و نمایشکردنی هاوسەنگیی نوێ لە ناوچەکەدا، بەتایبەت لە ناوچە ئاڵۆزەکانی سووریا و سنوورەکانیدا بایەخی تایبەتی خۆیی هەیە. تەکنیک و تاکتیکی بەکارهێنانی دیپلۆماسییەت و سیمبۆلەکان زۆرجار کاتێک ئەنجام دەدرێت کە لایەنێک ئامانج و کاریگەریی لەسەر هاوسەنگیی هێز بکات بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بچێتە ناو ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی یان ڕاگەیەندراوی فەرمی.
بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئایا ئەم جۆرە مانۆڕە سیمبۆلییانە دەتوانن لە درێژخایەندا ببنە بنەمایەک بۆ هاوپەیمانیی ستراتیژی؟، یان تەنها ئامرازێکی کاتین بۆ دەستکەوتی سیاسیی ڕووکەشی؟
وا هەست ئەکرێت کە دوو بابەتی سەرەکی لە پشت ئەو کارەوە هەبو:
یەکەم/ ڕاکێشانی لایەنی سۆزداری کورد بوو،
دووەم/ ئیستفزازکردنی تورکیا و ئێران و عێراق بوو.
ڕاکێشانی لایەنی سۆزداری و ڕای گشتیی کورد، بەگرنگیدان بە سیمبۆلە نەتەوەییەکان بەم قەبارە و بەرچاوە، ڕاستەوخۆ کار لەسەر دەروونناسیی جەماوەری کوردی لە هەر چوارپارچەکە دەکات و هەڵوێستیان دەگۆڕێت و ئەو تێڕوانینە دوژمنکارانەییەی کە کورد هەیبوو بە بەرامبەر بە دەستەڵاتی تازەی سوریا دەگۆڕێت بە دەربڕینێکی سادەتر ڕقەکە خاوتر دەبێتەوە، هەر چەندە لە سیاسەتدا هەموو شتێک واردە و بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و هیتریش حوکمی بابەتەکان دەکەن. هەوڵێکیشە بۆ دروستکردنی جۆرێک لە شەڕعییەتی دەروونی و نیشاندانی ڕێزێکی بێپێشینە بەرامبەر بە ناسنامەی کوردی، تاوەکو لە ڕێگەی ڕاکێشانی سۆزی ڕای گشتیی ناوخۆیی و پارچەکانی تر بەرەو لای خۆیان کێش بکەن و وێنەیەکی ئەرێنی لەسەر جدییەتی خۆیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورددا نیشان بدەن.
لە فیکری سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، بەتایبەت لە دیدگای بیرمەندێکی وەک ماکیاڤیلی،بەرژەوەندی سەربازی، ئابووری، جیۆپۆلیتیکی تاکە دیاریکەری ڕەفتاری ئەکتەرە سیاسییەکانە، ئامادە نەبوونی ئایدۆلۆجیا و پرەنسیپی نەگۆڕیش ڕێسای سەرەکیی یارییەکەیە لە جیهانی سیاسەتدا.
هاوپەیمانی هەمیشەییمان نییە، بەڵکو بەرژەوەندی هەمیشەییمان هەیە. ئەو لایەنانەی ئەمڕۆ نەیارێکی سەرسەختن، سبەینێ لەسەر مێزی گفتوگۆ بەپێی بەرژەوەندیی ڕۆژێک کۆدەبنەوە.
سیمبۆلی وەک ئاڵا، دروشم، پرۆتۆکۆل و وتاری نەتەوەیی یان ئاینی، لە جووڵەی سیاسیی سەرکردەکاندا ئامرازن بۆ گەیشتن بە ئامانج، نەک خودی ئامانجەکە. هیچ بڕیارێکی سیاسی لە بۆشاییدا نادرێت، هەموو دانوستان و جووڵەیەک وەڵامدانەوەیە بۆ بابەتێکی تر، مەترسییە ئەمنییەکان، دەستکەوتی ئابووری، یان دەرچوون لەژێر گوشاری ڕکابەرە ناوچەییەکاندا. لەم دیدگایەوە، پێشوازییە گەرمەکان و لێدوانە توندەکان مانای حەتمییان نییە، بەڵکو هەموویان تاکتیکی کاتین و لە یارییەکی گەورەتردا کە تیایدا بەرژەوەندییەکان نەخشە سەرەکی و ڕاستەقینەکانی هاوپەیمانییەتیەکە دیاری دەکەن.
|
هەموو وتارەکانی
عادل قادر