کوردستان لە بەردەم پلانی بە عەرەبکردنێکی نەرمدا
عومەر عەلی محەمەد
23/07/2026
93 جار خوێنراوەتەوە
سیاسەتی بە عەرەبکردن بە درێژایی سەدەی ڕابردو یەکێک بوە لە ئەو پلانە شۆڤێنیانەی کە بەردەوام لە عێراقدا پێدەکراوە ،هاوشان لەگەڵ هێرشی سەربازی و حوکمڕانی تۆتالیتاری بۆ داگیرکردنی کوردستان و نیشاندانی ئەوەی کە کورد لە جوگرافیا ڕەسەنەکەی خۆیدا کەمینەیە و ئەگەر ڕۆژێک بخرێتە بەردەم ڕاپرسیش نەتوانێت بیسەلمێنێت کە ئەوان خاوەنی ئەو خاک و نیشتمانەن.
سەرەڕای ئەوەی کە لە عێراقی نوێدا بە بەشداری کورد دەستور نوسراوەتەوە و بەشێکی باش لە مافەکانی تێیدا دیاری کراوە، بەڵام بەشێکی زۆر لەم مافانە هەتا ئێستاش وەک مەرەکەبی سەر کاغەز وان و کار بۆ چەسپاندنیان نەکراوە، کە ئەوەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمی نوێنەرانی کورد لە بەغدا و بەشێکی تری بونی عاقڵیەتێکی شۆڤێنی عەرەبی دژ بە کوردە لە لایەن هەردو گروپی شیعە سوننەوە بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ماددەی 140 و یەکلاکردنەوەی لە ڕێگەی ڕاپرسییەوە هەیە ،ئەوان هاوشێوەی ڕژێمی پێشو نەیان ویستوە ئەم ماددەیە جێبەجێ بکرێت، بەڵکو لە لایەکی ترەوە بە هەمان عەقڵیەتی بەعس درێژەیان داوە بە سیاسەتی بە عەرەبکردن و دەرکردنی جوتیارەکانی کورد لە کەرکوک و شەنگار و خانەقین و ناوچەکانی تر و داگیرکردنی زەوییەکانیان و فشار دروستکردن لەسەریان بۆ چۆڵکردنی ئەو ناوچانە. هەروەها دواهەمین پلانیشیان هێرشی سەربازی بو لە 16 ئۆکتۆبەردا و لە دوای شەڕی داعش لە 51% خاکی کورد دوستانیان داگیر کردەوە.
مەترسییەکە لەوەدایە کە ئەوانەی بە هێرشی سەربازی نەتوانراوە بیکەن بۆ داگیرکردنی کوردستان، ئێستا دەیانەوێت لە ڕێگەی کڕینی خانو و شوقە و پڕۆژەی بازرگانییەوە درێژە بەم سیاسەتە داگیرکاریە بدەن. ئەوان ئێستا لاوازیی حوکمڕانانی هەرێم دەزانن، کە خۆی لە یەکێتی و پارتیدا دەبینێتەوە، بە تایبەتی لە لایەنی دارایی و چاوچنۆکییان بۆ خۆدەوڵەمەندکردن. بۆ ئەم مەستەش سازش لەسەر هەمو دۆزێکی نەتەوەیی و نیشتمانی دەکەن.
لە ئێستادا، بە پێی ئامارە فەرمیەکانی دەستەی وەبەرهێنان، زیاتر لە 367 پرۆژەی نیشتەجێبون مۆڵەتی وەبەرهێنانیان وەرگرتوە، کە سەرمایەی تەرخانکراو بۆیان دەگاتە 33 ملیار دۆلار. زۆرینەی ئەو کۆمپانیانەی کە سەرقاڵی ئەم کارەن، نزیکن لە یەکێتی و پارتی و پشکی شێریان هەیە تیایاندا.
لە ئێستاشدا، هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە بارێکی دارایی خراپدا تێدەپەڕن؛ موچەکانیان لە کاتی خۆیدا وەرناگرن، پرۆژەکانی گەشەپێدان وەستاون، زیاتر لە 800 هەزار گەنجی بێکار هەیە، ڕێژەی کرێنشینی زیاتر لە 26%ە. کەواتە، ئەو خانوانەی کەواتە ئەو یەکەی نیشتەجێبونانە زۆرترین بۆ فرۆشتن پشت بە عەرەب دەبەستن. لەبەر ئەوە دەبینین ڕێژەیەکی زۆر لە عەرەب ڕویان لە هەرێم کردوە بۆ کڕینی سوپەرمارکێت، خانوبەرە، سەیارە، دوکان، مۆڵ و شوێنە بازرگانییەکان.
ئەو عەرەبانەی ڕو لە کوردستان دەکەن، زۆربەیان دەوڵەمەند و پارەدارن. لەبەر ئەوەشە دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕێگەیان لێ ناگرن و دەڵێن: "ئەم جوڵەیەی لە بازاڕدا هەیە، بەهۆی پارەی ئەم عەرەبانەوەیە." بەڵام لە لایەکی ترەوە، ئەوە لێک نادەنەوە کە ئەگەر ئەم لێشاوە بەردەوام بێت، ڕۆژێک دێت ڕێژەیان دەگاتە لە سەدا 30. ئەو کاتەش دەتوانن پارتی سیاسی دروست بکەن و بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و پەرلەمان بکەن و ببنە کوتلەیەکی بەهێز. چونکە لە ئێستادا ڕێژەیان زیاترە لە سەدا 27. لە هەولێر 55,000 خێزانی عەرەب، لە سلێمانی 25,000 خێزان، و لە دهۆک 7,721 خێزان هەیە، کە کۆی گشتی هەمویان دەکاتە 87,721 خێزان. 179 قوتابخانەی عەرەبی لە هەرێمدا هەیە و 31,000 منداڵی عەرەب لە هەرێم لە دایک بون و ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستانیان پێ دراوە.
ئەگەر ئەم لێشاوی کۆچی عەرەبە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، ڕۆژێک دێت هاوشێوەی فەڵەستینییەکان، کورد لە خاکی خۆی ئاوارە دەبێت و بەرەو ئەوە دەچێت ببێتە کەمینە. چونکە لەم کاتەدا کە عەرەب ئەو سیاسەتەی گرتوەتەبەر، حوکمڕانانی هەرێمیش بونەتە پاڵپشتی ئەو سیاسەتە. چونکە ڕۆژ بۆ ڕۆژ گەنجانی هەرێم کۆچ دەکەن بۆ ڕۆژئاوا و ڕێژەی هاوسەرگیری و نەوە خستنەوە لە کەمبونەوەدایە . گوزەرانی خەڵک ڕۆژ بۆ ڕۆژ بەرەو خراپی دەڕوات، تەنانەت لە کاتی خۆشیدا موچە وەرناگرێت. هەروەها ململانێ سیاسییە توندەکانی نێوان یەکێتی و پارتی وای کردوە کە حکومەت ببێتە کاربەڕێکەر و پەرلەمان قفڵ بدرێت و هێزی پێشمەرگە لە بەردەم مەترسی هەڵوەشانەوە دابێت.
لەم دۆخە هەموارەدا هیچ پلانێکی یەکگرتوی حکومەت نییە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەم دیاردەیە، لە لای خۆشیانەوە هیچ بە مەترسی نازانن، بەڵکو واشی لە قەڵەم دەدەن کە ئەمە خزمەتە بە گەشەپێدانی ئابوری هەرێمی کوردستان.
|