کێ ڕێگەی دا بازرگانی بە چارەنووسی نیشتمانەوە بکەیت؟
سوهەیب شێخ ئەحمەد
25/06/2026
63 جار خوێنراوەتەوە
لە زاری سیاسییەکی تازە دروستکراوەوە گوێبیستی قسەیەک بووین کە تەنها دەکرێت بە 'خیانەت لە متمانەی خەڵک' ناوببرێت.
کاتێک سەرۆکی حزبێک هەڕەشەی نەمانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەمە واتا ئەو کەسە لە گەیشتن بە بەرژەوەندییە حیزبییەکانی بێهیوا بووە
ئێستا دەیەوێت بە شەخسی کردنی قەیرانەکە، هەموو قەوارەکە بە قوربانی ئارەزووەکانی خۆی بکات.
ئاخر هەی سیاسیی بێ ئاگا ! تۆ کێیت کە هەڕەشەی نەمانی ئەم هەرێمە دەکەیت؟
هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی سەدان هەزار شەهید و ئارەقەی تێکۆشەرانی ڕاستەقینەیە، نەک بەرهەمی ململانێی کۆڵان و بازاری ئەو حیزبەی کە تۆ سەرکردایەتی دەکەیت.
ئەزانی نە تۆ و نە هیچ کەسی تر بۆتان نییە بە وتنی ئەم قسە و دروشمە بێ مانایانەتان، بەهای ئەو خوێنە بێدەنگ بکەن کە بۆ ڕزگاریی ئەم خاکە ڕژێندراوە.
ئەم قسانەی تۆ سوکایەتییە بە هەموو ئەو خێزانانەی کور و کچ و باوک و مام و خزمیان بۆ ئەم وڵاتە بەخت کردووە.
ئەگەر پێت وایە هەرێمی کوردستان بە قسەی تۆ دێتە بوون و بە قسەی تۆش کۆتایی دێت، ئەوا یان لە ئاستی دۆخەکەدا نەزان و نەفامیت، یان بە تەواوی لە مێژووی ئەم وڵاتە دابڕاوی.
لێرەوە بە ڕاشکاوی بە تۆو هەموو ئەوانە دەڵێین: هەرێمی کوردستان موڵکی باوکی کەس یان حزبێک نییە تا بە هەرەشەی نەمانی، چاوترسێنی خەڵک بکەن.
تۆش و حزبەکەشت و دوژمنەکانی کوردیش تێدەپەڕن، بەڵام کوردستان وەک قەوارەیەکی بەهێز دەمێنێتەوە.
هەموو کوردێکی دڵسۆز بە خاک و نیشتمانەکەی لەوە تێگەیشتووە کە ئێوە کێن و ئامانجتان چییە.
|
هەموو وتارەکانی
سوهەیب شێخ ئەحمەد