بەرژەوەندیی چین لای ئێرانە یان ئەمریکا؟

عادل قادر 18/05/2026   424 جار خوێنراوەتەوە

چین ئەخوازێت ئەمریکا لە شەڕی لەگەڵ ئێران و زۆنگاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆبچێت و قەیرانە ئابوورییەکەی قووڵترببێت. 

چین گەورەترین هاوردەکاری نەوتی ئێرانە و لە ساڵانی ڕابردوودا لە دەرەوەی دۆلار مامەڵەی کردووە،  مانەوەی ئێران بۆ وڵاتی چین وەک هێزێکی دژە ئەمریکی لە ناوچەکەدا، کارتێکی گوشاری بەهێزە دژی واشنتۆن، هەر بۆیە ترامپ ویستوویەتی کارتی ئاسایشی وزە دژی چین بەکاربهێنێت و پێی بڵێت کە تێکچوونی دۆخی گەرووی هورمز زیان بە ئابووری چین دەگەیەنێت، بەڵام پەکین بەو  شێوازە سەیری هاوکێشەکە ناکات و پێی وایە هۆکاری شێواندنی باری ئابووری جیهان و ناسەقامگیری گەرووی هورمز، سەرکێشییەکانی ئیدارەی ترەمپ و بێدەنگییەکەیەتی لە ئاست ڕەفتارەکانی ئیسرائیل، نەک ئێران.

بۆیە چین ئامادە نییە بە خۆڕایی خزمەت بە ستراتیژیی ئەمریکی _ئیسرائیلی بکات و باش دەزانێت کە ترەمپ جێگەی متمانە پێکردن نییە، بۆیە ئامادە نییە هاوپەیمانێکی ستراتیژی وەک تاران کە ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵەی لەگەڵیدا هەیە بکاتە قوربانی لەپێناو بەڵێنێکی ناڕوونی ترامپ

نەبوونی متمانە لە نێوان شی جینپینگ و ترەمپ و خراپی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا بەهۆی شەڕی تەکنەلۆژیا، پرسی تایوان، و تەعریفە گومرگییەکان) و سیاسەتی (یەکەمجار ئەمریکا) و دابڕان لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، متمانەی دیپلۆماسی ئەو دوو وڵاتەی لەقاڵب داوە،  ئەمریکا ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بێزراوە و بەشێک لە سەرمایە ئەخلاقییەکەی لەدەستداوە بە هۆی کارە سەرشێتانەییەکانی ترامپ و پشتیوانی بێ مەرجی لە ئیسرائیل . کاتێک ترەمپ دەچێتە پەکین، وەک سەرۆکێک دەبینرێت کە قەیرانێکی خولقاندووە و ئێستا دەیەوێت جیهان باجەکەی بدات. ئەم گۆشەگیرییە دیپلۆماسییەی ئەمریکا وای کردووە کە چین لە پێگەیەکی بەهێزترەوە قسە بکات و داواکارییەکانی ترەمپ ڕەت بکاتەوە یان مەرجی قورسی وەک کشانەوەی سزاکانی سەر کۆمپانیا چینییەکانی بخاتە ڕوو.

دەرئەنجام ترامپ لە سەردانەکەیدا بۆ پەکین نەیتوانیوە دەستکەوتێکی ستراتیژی گەورە بەدەستبهێنێت و بە دەستی بەتاڵ گەڕاوەتەوە، چین نێوەندگیرییەکی بەخۆڕایی ناکات کە تێیدا ئێران ناچار بە پاشەکشە بکات و ئەمریکا وەک براوەی یارییەکە دەربخات.بەڵکو زیاتر حەز بە سیناریۆیەک دەکات کە تێیدا ئەمریکا لە زۆنگاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆبچێت و سەرچاوە دارایی و سەربازییەکانی لێ تێکبچێت، چونکە ئەمە سەرنجی واشنتۆن لەسەر دەریای چینی باشوور و تایوان دوور دەخاتەوە. ئەمە نیشانی دەدات کە دیپلۆماسیی زۆرەملێی ترەمپ لە بەرامبەر زلهێزێکی وەک چین کار ناکات.

هەموو وتارەکانی عادل قادر