نەبونی سەوەری یاسا.. کێشە گەورەکەی هەرێم
ئەبوبەکر کاروانی
18/05/2026
260 جار خوێنراوەتەوە
ئابوریناس و فەیلەسووفی نەمساوی- بەریتانی فریدریش هایک، لە کتێبەکەی خۆیدا (ڕێگا بەرەو کۆیلایەتی) جیاوازی لە نێوان حوکمڕانی دەسەڵات و حوکمی یاسادا دەکات. ئەو سەرسەختانە بەرگری لە حوکمی یاسا دەکات، بەو واتایەی کە یاساکان، بۆ هەمووان، چەسپاو و (مجرد) بن، نەک بکرێنە ئامرازی دەستی دەسەڵاتداران بۆ بەدیهێنانی ئامانجی سیاسی گۆڕاو.
هەڵبەتە بۆ ئەوەی ئەمەش ڕوونەدات کە هایک هۆشیاری لەبارەیەوە دەدات و دەسەڵات دەگۆڕێت بۆ هێز، تەنها چەسپاویی یاساکان و بەڕواڵەت بۆ هەمووان وەك یەک بوونیان بەس نییە، بەڵکو دەبێت، لەپاڵ ئەوەدا دەسەڵاتێکی داوەری و دادگایەکی سەربەخۆ و بێ لایەنیشمان هەبێت، بۆ ئەوەی لەڕێی ڕاڤەکردنی لایەنگرانە، نادادپەروەری لەڕێکارەکانی دادبینی، تۆمەتبارکردنی پیلانگێڕانەو جیاوازی پارێزباندی کەسەکان بەرامبەر یاسا بەرکارەکان، لە نێوەرۆکی خۆیان بەتاڵ نەکرێنەوە. بەحوکمی ئەوەی لەدۆخێکی لەم جۆرەدا، چی دی بە ڕواڵەت نەبێت، هەموومان لە بەردەم یاساو دادگادا یەکسان نابین، دادپەروەرییش وەک ئامانج و ڕۆحی هەر یاسایەک، سەری تێدا دەچێت.
هایك ئاماژە بەوەش دەکات کە، ئازادی ڕاستەقینە وەک هەندێك بەهەڵە لێیتێگەیشتوون، لە سایەی نەبوونی دەوڵەتدا نایەتەدی، بەڵکو پێویستی بە پابەندبوونی دەسەڵاتە بە یاساوە. واتە دەسەڵات لە ڕێی یاساوە پیادە بکرێت ودەسەڵاتداران ملکەچی دەقەکانی بن. بەڵام دەبێت ئەوەشمان لا ڕوون بێت هەروەك ئاماژەشمان پێکرد، کە تەنها یاسای باش دەستەبەری هێنانەدی دادپەروەری و ئازادی و پارێزگاری کردن لە مافەکان ناکات، (هەر وەک هەندێ لە ئیسلامییەکانی جیهانی ئیسلامیش تووشی ئەو وەهمەبوون و وا دەزانن، هەر هێندەی وترا شەریعەتی ئیسلامی پیادە دەکرێت، ئیتر خۆبەخۆ ئامانج لەناردنی پێغەمبەر(دروودی خوایان لەسەر بێت) کە وەک یەکی و دادپەروەرییە دێتە دی بێ گوێدانە ئەوهەموو ئاڵۆزییەی لە جۆری ڕاڤەکردن وچۆنێتی پیادەکردنی دەقەکاندا دێتە بەردەم پرۆسەیەکی لەوجۆرە)! چونکە ئەگەر جوانترین و دادپەروەرترین دەقی یاسایشمان هەبوو، ئەگەر هاتوو، دەسەڵاتداران ملکەچی نە بوون و وەک یەک بە سەر هەموواندا پیادە نەکرا، دەسەڵاتی داوەری سەربەخۆ نەبوو، دەرفەتی بە ئامرازکردنی یاسا لە بەردەم دەسەڵاتداردا هەبوو، هەروەها هێزی پیادەکەری یاسا پیشەیی نەبوو، دادپەروەری نایەتە دی و مافەکان پارێزراونابن.
هایك هێند بەقووڵی پێ لەسەر سەروەری یاساو بایەخی ئەو لەپاراستنی مافەکان و هێنانەدی حوکمی باش دادەگرێت، کە دیموکراسیش بە ڕێگر لە بەردەم ستەمکاری و (ئیستیبداد) و تۆپزیدا نازانێت و باس لە زۆرداری زۆرینە دەورووژێنێت. چونکە لە سیستەمە هەڵبژێردراوەکانیشدا، ئەگەر دەسەڵاتداران، پابەندی یاسا و مافە تاکە کەسییەکان نەبن، دەسەڵات بەرەو سەرکوتکاری مل دەنێت. بەکورتی.. ئێمە ناتوانین لەدەرەوەی سەروەری یاساوە، بەواتای وشە، باس لەهیچ کام لە دیموکراسی ودادپەروەری بکەین.
بەحوکمی ئەوەی، سەروەری یاسا کۆڵەکەیەکی هەرەبنەرەتیی دیموکراسی و دادپەروەرییە، لەنزیکەوە پەیوەندییەکی هەمەلایەنەی، بە چەمکی هاوڵاتی و یەکسانی و بۆهەمووانبوونی دام ودەزگاکانی دەوڵەتەوە هەیە. یەکێ لەکێشە گەورەکانی واقیعی ئێستای هەرێمیش، کوت ومت لەمەوە سەرچاوە دەگرێت.واتە نەبوونی سەروەریی یاساو لێکەوتەو دەرهاویشتەکانی، کەبۆتە مایەی هەرەشەو مەترسی و نیگەرانی قووڵی بەشە زیندووەکەی کۆمەڵگە.
|