قەندیل و کۆتایهاتنى پڕۆسەى ئاشتى
ئەنوەر حسێن (بازگر)
07/05/2026
96 جار خوێنراوەتەوە
- "ئیرادەیەکى ڕاستەقینە بۆ چارەسەرى پڕۆسەى ئاشتى لەلایەن تورکیاوە بونى نییە".
- "پڕۆسەى ئاشتى لەلایەن تورکیاوە وەستێنراوە و هەڵپەسێردراوە".
- "کۆمسیۆنى پەرلەمانى و چونى شاند بۆلاى ئۆجەلان و ئیمراڵى دەرئەنجامێکى نەبوە".
- "بە کورتى و بە کوردى، دەوڵەت و دەسەڵات- تورکیا، ئاکەپە و ئاردۆگان- هیچ هەنگاوێکیان نەناوە".
* ئەمانە نوێترین قسە و لێدوانى موراد قەرەیەلان، کەسى دوەمى پەکەکە و بەرپرسى (نەپەگە) و (هەپەگە)یە لەگەڵ ئاژانسى (فوڕات نیوز).
* مستەفا قەرەسو، ئەندامى کۆنسەى بەڕێوەبەرى (کەجەکە) و سۆزدار ئاڤێستا، ئەندامى کۆنسەى سەرۆکایەتى (کەجەکە) لە ساڵیادى تێپەڕبون بەسەر کۆنگرەى (12) دا لە قەندیل ڕاگەیاندراوێکى تازەیان بڵاوکردەوە.
قەرەسوش وتى؛ کۆمسیۆنى پەرلەمان کارى باشى نەکرد و پێشنیارەکان جێ بەجێ نەکراون، هەروەها دەسەڵات بەڕاستى و دڵسۆزانە لە پڕۆسەى ئاشتى ڕەفتار ناکات، ئەوەشى وت، تا ئۆجەلان ئازاد نەبێت، ڕاى گشتى بڕوا بە پڕۆسەکە ناکەن، ئێمە ئەوەى پێویست بو کردمان.
* قسەکانى قەرەیەلان و قەرەسو، هەرچەندە درەنگ وەختە، بەڵام وادیارە لەو هەقیقەتە تێگەیشتون، کە تورکیا نەک هەرکات دەکوژێ، بەڵکو هیچ ئامانجێکى باش و هەنگاوێکى کردارى بۆ پڕۆسەى ئاشتى نانێت و باوەڕیشى پێى نییە.
* تەوقە گوماناوییەکەى دەوڵەت باخچەلى لە ئۆکتۆبەرى (2024) لە پەرلەمان، بانگەوازى ئاشتى ئۆجەلان بۆ ئاشتى لە شوباتى (2025)، ڕاگەیاندنى ئاگر بەست لە (1/3/2025)، خۆهەڵوەشاندنەوەى پەکەکە لە ئایارى (2025) لە کۆنگرەى (12) و گۆڕینى ناو، بڕیارى چەکدانان و کۆتایى خەباتى چەکدارى، سوتاندنى چەکەکانیان لە جاسەنە لە (11/7/2025)، ڕاگەیاندنى تەواوى پاشەکشەى هێزەکانى (هەپەگە) لە باکور لە (26/10/2025)، دواتریش پاشەکشە لە ناوچەکانى گارا و خواکورک و ئاڤاشین، ڕادەستکردنەوەى ئەو بەرپرسانەى (میت) کە ساڵى (2017) لە شارۆچکەى دوکان لەلایەن (پەکەکە)ەوە دەستگرکرابون (مردو، زيندو) کە دەیانویست جەمیل بایک تیرۆر بکەن، و لەلایەن (ئیبراهیم کاڵن) بە فڕۆکەى تایبەت برانەوە تورکیا.
* بەردەوام بانگەشە بۆ پرۆسەى ئاشتى بێ ناوەڕۆک ماناى چییە؟ پاش ئەو هەمو شکست و پاشەکشەیەى (پەکەکە) لەم پڕۆسەیەدا ناویەتى لە پاى چى؟ چى ماوە بیکات تا دەوڵەتى تورک ڕازى بێت؟
* لاى تورکیا، پڕۆسەیەک نییە بەناوى ئاشتى، بەڵکو وەکو خۆیان دەڵێن؛ (پڕۆسەى لەناوبردنى تیرۆر)ە، کەواتا کارەکە لەسەرەتاوە هەڵەتێگەیشتن هەیە و (پەکەکە) خراپ هەلومەرجەکەى خوێندۆتەوە و ئەوەش کە پاش ئەو هەمو هەنگاوە بێ وەڵامە، قەرەیەلان دەیڵێ، تازە زۆر درەنگە و لە داهاتوشدا باجەکەى دەدەن و تورکیاش هیچ کات نە پرسى کورد لەڕێگاى ئەوانەوە چارەسەر دەکات. نە باوەڕى پێیەتى.
* ئێستا پاش ئەم قسانەى قەرەیەلان، دەبێ ئەوە بزانین، ئەو هەنگاوانەى ئەوان ناویانە و تورکیا وەڵامێکى نەبوە، خۆ هەمویان تورکیا فشارى کردوە، واتا ئەوەى ئەنکەرە ویستویەتى تا ئێستا کردویەتى، یان نیوەى ئامانجەکانى بەدیهێناوە، بەڵام با بپرسین ئەى (پەکەکە) چى بەدەستهێناوە لەم بەناو پرۆسەیەدا لەماوەى ئەم دو ساڵەدا؟ بۆ وەڵامى ئەمە دەبێت پەکەکە قسەیەک بکات، (کە لە ڕاستیدا ئێستا ئێمە نازانین ئەم ڕێکخراوە ناوە حیزبیەکەى چییە، چونکە ناوەکەى گۆڕدراوە)!
* لێدوانە پڕ پارادۆکسەکانى سەرکردایەتى (پەکەکە) لە پڕۆسەى ئاشتیدا، هەڵوێستەکانیان لە ڕوداوەکانى ڕۆژئاواى کوردستان و پاشەکشە و شکستى (هەسەدە) لە ماوە و سایەى پڕۆسەى ئاشتیدا بۆچونەکانیان، لە شەڕى چل ڕۆژە لە نێوان ئێران، ئەمەریکا-ئیسرائیل سەبارەت بە (پژاک) و ڕۆژهەڵات و چەند ڕوداوى تر پێماندەڵێت؛ (پەکەکە) ڕابەرایەتى قائیم و مەحکەمى یەکگرتوى پێشوى نەماوە، ئۆتۆریتەى داکشاوە، ناتوانێ پێشهات و پشتى ڕوداوەکان بخوێنێتەوە، توشى شڵەژان و ڕکود و بێ ئاسۆیى و بێ چارەسەرى ماوەتەوە، کارتەکانى بەرامبەر تورکیا یان سوتاون یان زۆر کەم کاریگەر بون. (کە زۆر نیگەرانین لەم هەلومەرجەى ئێستاى پەکەکەى تێیکەوتوە).
* دو ساڵ لەوەوپێش وتم؛ تورکیا لەژێر فشارى ڕوداوەکانى (7)ى ئۆکتۆبەر هەنگاوى بۆ پڕۆسەى ئاشتى هەڵهێناوە، تا نەکا کورد لەو هەلومەرجە دەستکەوتى گەورە بەدەست بهێنێت، هەربۆیە لەسەردەمى پڕۆسەى ئاشتیدا لە ڕۆژئاوا (هەسەدە)ى گرێدراوى پەکەکە-ى توشى شکستى گەورە بوە، لە سەرەتاى شەڕى چل ڕۆژەى نێوان ئێران، ئەمەریکا-ئیسرائیل-یش نەخشە و سیناریۆ و پلانەکانى ئەمەریکاى بە دەخالەتى هێزە کوردییەکانى باشورى کوردستان و بەکارهێنانى کۆمەڵە و دیموکرات و پژاک-یشى لە باربرد و بێگومان هێشتا بیرۆکەى شەیتانى و جەهەنەمى تریشى لەسەر مێزەکەیە بۆ داهاتوى کورد.
* داواکانى ئۆجەلان کە پێکهاتبون لە "بانگەوازى ئاشتى و کۆمەڵگەى دیموکراتیک، ئینتیگراسیۆنى دیموکراتیک، چارەسەرى دوژمنایەتى سەد ساڵەى تورک و کورد، گۆڕینى یاساکان، جێبەجێ کردنى مافى هیوا، تورکیا هیچى جێبەجێ نەکردن"
* ئەم بۆچونە نائومێد و ڕەشبینانەى قەرەیەلان کە درەنگ وەختە، شکستى ناو پڕۆسەى ئاشتی پێوە دیارە، هەرچەندە ئازایانە و هەقیقەتە، وتنیشى ئەگەرچى زۆر درەنگ بوە، بەڵام گەر بتوانن لە (قەندیل) بێ (ئیمڕاڵى) کۆتایى بە پڕۆسەکە بێنن، ڕەنگە بەر بە زۆر کارەسات و شکست و مەرجى قورسترى تورکیا بهێنن و بتوانن لەژێر ئەو هەلومەرجە تأریخیە بێ دراسە و لێکۆڵینەوەى پێشوەختە دەرچن کە شۆڕش و قوربانى و خەبات و تێکۆشانى پەنجا ساڵەى توشى ئەمڕۆژە کرد.
* ئەو حزبەى موعجیزەى کورد بو لە سەدەى بیستدا، بانگەشەى دەوڵەتى چوارپارچەى کوردستان و فکرى سۆسیالیزمى دەکرد، قەندیل ببوە سیمبولیکى خواستەکانى کورد، چ سادە و ئاسان خەریکە کۆتایى دێت گەر قەندیل فریاى خۆى نەکەوێت و بڕیارى پاشەکشەى کۆتایى نەدات لەم پڕۆسەیەدا.
|
هەموو وتارەکانی
ئەنوەر حسێن (بازگر)