ترێندی ملپێچی سوور

دانا حامید 31/01/2026   378 جار خوێنراوەتەوە

پێشتر جۆرێك لە نائومێدی درووست بوو بوو، بەرامبەر بە نەوەی ئەم سەردەمە و لەدایكبووانی كۆتایی نەوەدەكان و سەرەتای دوو هەزارەكان!! گوایە ئەم نەوەیە ئینتمای بۆ خاك و نیشتمان و نەتەوەكەی نییە و تەنها خەمی ئەو خەمێكی كاتییە.. یان مۆبایلەكەی دەستی یان ئەكتیڤی پەیجەكەی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان.. یان سەرقاڵبوون بە بابەتی لاوەكی!! ئەگەر چی ئەوان مافی خۆیانە لەدنیا جوانەكەی خۆیاندا بژین و گەورەببن و خەونیان هەبێت.

زۆرجار دەوترا یان راستتر بڵێم دەمانووت ئەم نەوەیە ناتوانن ببنە كۆڵەگەی داهاتووی گەلەكەیان…

ئەم نەوەیە كە ناومان نان جیلی ئایپاد و تیكتۆك و مۆبایلی زیرەك… خەممان بوو هێندە لەناو دنیا جوانەكەی خۆیاندا رۆچووبن.. بیر لە داهاتووی خۆیان و كۆمەڵگەش نەكەنەوە…

ئەمساڵ كە زستانەكەی ساردتربوو لەچەند ساڵی پێشتر بە وتەی شارەزایانی كەشناسی و خۆشمان ساردو سەرماكەمان بە واقعی چەشت، ترێندی ملپێچی سوور لە نێو گەنجاندا بڵاوبووەوە. بە چەشنێك نەك هەر گەنجەكان هەندێكجار بەتەمەنەكانیش وەك قەرەبووی عومری لەدەستچووی گەنجیان ملپێچی سووریان لە مل دەكرد.

لەناكاو لەدوای هێرش و پەلامارەكانی چەتەكانی جۆلانی بۆسەر رۆژئاوای خاكی كوردان هەموو شت گۆڕا، هەر ئەو گەنجەی بەشداری ترێندی ملپێچی سووری كردبوو، مل پێچی سووری فڕێدا و ئاڵایەكی كوردستان یان جەمەدانییەك یان هەورییەكی لەمل كرد و زیاتر لە دوو هەفتەیە شەقامەكانی كوردستان جمەیان دێت لەو گەنجانە، بەدەم دروشمی خاك پەروەری و نیشتمان پەروەری و پشتیوانی لە خوشك و براكانیان لە رۆژئاوا، سارد و سەرما و بەفرو باران كۆڵی پێنەدان…

راستە هەموو چین و توێژەكان لە مامۆستای ئایینی و فەرمانبەر و پیشەوەر و كاسبكار و كرێكار و مامۆستای زانكۆ و …هتد، بە هەردوو رەگەزەوە بەشدارن لە جۆش و خرۆشی پشتیوانی بۆ رۆژئاوا بەڵام وێنەكە كاتێك دێتە سەر گەنجان و لاوان (لە هەردوو رەگەز) هەم جوانتر و گەشاوەترە هەم مایەی دڵخۆشی زیاترە… چونكە ئیدی ئەو راستییە بە دەركەوت داهاتووی ئەم كۆمەڵگە و میلـلەتە، داهاتووی ئەم خاك و نیشتمانە داهاتوویەكی پرشنگدارە و خەمی ناوێت…

ئەمڕۆ گەلی كورد لە ناوە و دەرەوەی كوردستان..لەسەر شەقام، لە میدیا، لەبەردەم كۆشكی سپی، باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەی وڵاتان، ناو یاریگا و تەنانەت لەناو میدیا چاواشەكارییەكانی دوژمن، جاڕی بەرخۆدان و نەسرەوتن و نەكەوتن و سەركەوتن بەگوێی یار و نەیار دەدات.

بەپشتیوانی كردن و هاوكاری كردن و كۆمەك بردن بۆ رۆژئاوای كوردستان، وێنەكە هێندەی تر جوان و پرشنگداربوو، كە نەك تەنها بە وتار و گوفتار بەڵكو سەلماندمان بە كردار لەگەڵ گەلی خۆمان و خۆڕاگری گەلی خۆمان لە رۆژئاوای كوردستان دەوەستین.

گرنگە هەمووان بەم یەكبوون و یەكگرتووییە خۆڕسكە بمێنینەوە و نەهێڵێن دوژمن و نەیار و ناحەزەكانمان كەلێن بخەنە ناو ئەم یەكڕیزییە پڕ جۆش و خرۆشە…

بۆ هەموو ئەوانەی ملپێچی سووریان كڕی و ویستیان لە ناو بەفر و لەسەرمای ئەم زستانەدا لە ملی بكەن، جارێكی تر خەمی خاك كۆی كردینەوە، ئێوەش ملپێچەكانتان هەڵبگرن وەك یادگارییەك بیهێڵنەوە.. لە ساردترین رۆژەكانی ئەم زستانەدا، لە كاتی باران و بەفردا، لەو كاتەی سەرما و سۆڵەبوو كاتی لە مل كردنی ملپێچ بوو، ئێوە وازتان لە ملپێچە سوورەكانتان هێنا و ئاڵای كوردستانتان گرد بە دەستەوەو كردتانە سەر شانتان و جەمەدانی و هەوریتان لە مل كرد.

بەو هیوایەی رێبەندانی سەختی ستەمكاری لەسەرمان كۆتایی بێت و ئێمەش بەهاتنی بای وەشتی سەركەوتن بەسەر چەتە و داعـــ..ش زادەكانی جۆلانیدا بەچڵە نێرگزی نەورۆز و بەهار بێینەوە سەر شەقامەكان.

هەموو وتارەکانی دانا حامید