بەڵگەنامەی بەعس؛ سەدام چۆن پلانی بۆ داگیرکردنی خاکی کورد داناوە؟
عارف قوربانی
22/09/2025
238 جار خوێنراوەتەوە
پرۆسەى بە عەرەبکردنى گەل و نەتەوە و نیشتمانى میللـەتانى دەوروبەرى نیمچەدوورگەى عەرەبى بە قۆناخى جیاجیادا تێپەڕیوە. لە هەر قۆناخێکدا خەسڵەتێکى جیاوازى هەبووە. لەژێر خەسڵەتى ئایینى، ئیداری، زمان، شاڵاوى کۆچ و پرۆسەى سەربازی، هتد...... بەڵام لە دەستپێکى یەکەم هەنگاوى تەعریبەوە لەژێر ناوى فتوحاتى ئیسلامى تاوەکو دەگات بە ئەمڕۆ، ئەوەى خاڵى هاوبەش و خەسڵەتى هاوبەشى هەموو قۆناخەکانى تەعریب بووە، داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنى ماڵ و زەویوزارى کشتوکاڵیی ئەو گەل و نەتەوانە بووە کە کەوتوونەتە بەر شاڵاوى بەعەرەبکردن.
لەو دەستپێکەى تەعریبیشەوە بۆ ئەمڕۆ، لەناو ئەو جوگرافیا بەرفراوانەى لە گۆخڵانى پێنجوێنەوە تاوەکو مۆریتانیا کە بەزۆر کراوە بە (نیشتمانى عەرەب)، لە سەردەمى هیچ خەلیفەو والى و حاکم و حوکمڕانێکى عەرەبدا لە تەواوى ئەو خاک و وڵاتانەى داگیریان کردووە، هیچ کەس بە ئەندازەى دەسەڵاتدارێتى بەعس و سەدام لە عێراق پرۆسەى دەستبەسەرداگرتنى زەویوزارى کشتوکاڵى بە سیستماتیک نەکردووە. تاکە دەسەڵاتدارە بە دەیان و سەتان بەند و بڕگەى یاسایى و دەستوورى تەرخانکردووە بۆ داگیرکردنى زەوی گەل و نەتەوە نا عەرەبەکان و پێدانى بە عەرەب لە چوارچێوەى یاسا داتاشراوەکانیدا.
بە سەتان پارچە زەویى نیشتەجێبون و خانوو ماڵى کریستیانەکان لە بەسرەوە تاوەکو نەینەوا، بە هەزاران خانوو، ماڵ و دووکان و بازاڕ و موڵکى گەورەى بازرگانى کوردە فەیلییەکانى بەغدا، بە ملیۆنان دۆنم زەوى کشتوکاڵیی جووتیارانى کورد و تورکمان لە مەندەلییەوە بۆ خورماتوو و کەرکووک و تاوەکو مەخموور، وەک بەشێک لە ستراتیژیەتى تەعریب لە خاوەنە رەسەنەکانیان زەوتکراون و دراون بەو عەرەبانەى وەک ئامرازى داگیرکاریى بەکاربراون. ئەم داگیرکارییە بەجۆرێک خزێندراوەتە ناو چوارچێوەى بڕیار و یاسا تایبەتەکانەوە کە دواى رووخانى بەعس و سەدام، وەک گرێکوێرەیەک ماوەتەوە و نەتواندراوە کۆتایى بەو داگیرکارییە بهێندرێت.
هەموو خوێندەوار و ئەکادیمیست و دەستەبژێرى ناو هێز و لایەنە سیاسییەکانى عەرەبى عێراق بە سوننە و شیعەوە، وەک ئێمەى کورد ئاگادارى قۆناخەکانى پرۆسەى بەعەرەبکردنن. ئەو راستییانە دەزانن کە سەرجەمى ئەو عەرەبانەى لەناو جوگرافیاى باشوورى کوردستان دەژین، لە مەندەلییەوە بۆ شنگال لە چى قۆناخ و سەردەمێکدا هێندراونەتە ئەم ناوچانە و لەسەر زەویوزارى کورد نیشتەجێکراون، بەڵام هیچ کامیان ویژدانیان بەو ئەندازەیە زیندوو نییە دان بەو راستییانەدا بنێن و لەگەڵ گەڕانەوەى ماف بن بۆ خاوەنەکانیان.
ماجەرای دەرچوواندنى یاسایەکى تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانى مجلس قیادە سەورەى بەعس و گەڕانەوەى ماڵ و موڵکى زەوتکراوى کورد و تورکمان، کێشمەکێشمى نێوان کورد و بەغدا لە 2003 وە بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێکى دەستووریى و یاساییانەى کێشەى زەویی جووتیارانى کورد، گەواهى ئەو راستییەیە کە لەلایەک بەعس و سەدام ئەوەیان لەبەرچاوگرتووە رۆژگارێک دێت کۆتایى بە دەسەڵات و رژێمەکەیان دێت و ناتوانن تاسەر پاسەوانى ئەو پرۆسەى داگیرکارییە بن، بەڵام ویستویانە یاسا تایبەتەکانى تەعریب وەک سوپایەکى بەردەوام بۆ پارێزگارى لەو عەرەبانەى کرابوونە ئامرازى داگیرکارى بمێنێتەوە و بیانپارێزێت. لە لایەکى دیکەشەوە خستنەڕووى حەقیقەتێکى تاڵە کە بیری بەعس و سەدام لەگەڵ کەوتنى رژێمەکە و بە لەسێدارەدانى سەدام کۆتایى نەهات. بەڵکو ئێستا و بۆ داهاتووى دوورمەوداش لە هزر و بیروباوەڕ و رەفتارى دەسەڵاتدارە عەرەبەکانى بەغدایا بەردەوامى دەبێت.
ئەڵمانیاى دواى هیتلەر لەبەر ئەوەى کۆمەڵگە و سیستم و دەسەڵاتەکەى بڕیاریان دابوو نەهێڵن تارمایى هیتلەر بەسەریانەوە بمێنێتەوە، تائێستاش نەک رەفتارکردنى هاوشێوەى نازییەکان، تەنانەت لاساییکردنەوەى سڵاوکردن بەو شێوەیەى هیتلەر و نازییەکان قەدەخەیە، هەر کەس بەو جۆرە سڵاو بکات دەخرێتە زیندانەوە، بەڵام ئەوەى لێرەدا جێى هەڵوەستە لەسەرکردنە عێراقى دواى سەدامە کە هێشتا ئەو بڕیار و یاسایانەى بۆ داگیرکردنى موڵک و ماڵى کورد و تورکمان و مەسیحییەکان دەریکردبوون، لاى سەدامییە نوێیەکانى بەغدا کارى پێدەکرێت.
هەرچەندە دواى مشتومڕ و ململانێیەکى دوورودرێژى بیست ساڵە، لە پەرلەمانى عێراق یاسایەک دەرچوو بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانى (مجلس قیادە سەورە- ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش)ـی بەعس تایبەت بە داگیرکردنى زەویوزارى جووتیارانى کورد و تورکمان و گەڕانەوەى ماف بۆ خاوەنەکانیان، بەڵام هێشتاش رۆژانە لە کەناڵەکانى تەلەڤزیۆنەوە ئەو هەواڵانە بڵاودەبنەوە کە عەرەبى هاوردە بە پشتیوانیی سوپا و میلیشیاى چەکدار دێنە سەر زەویوزارى کورد و تورکمانەکان. گوێمان لە هاوار و ناڵەى جووتیارانى کورد و تورکمانە کە سکاڵا لەوە دەکەن دادوەری دادگەى فڵانە شار و فڵان وەزیر و ئەفسەر و فەرماندەى فڵان فەوج و لیوا و فیرقەى سەربازیی لایەنگرى عەرەبە هاوردەکانن و پێچەوانەى یاسا درێژە بە زووڵم و ستەمى سەردەمى بەعس دەدەن. نموونەى هەرە بەرجەستە و نزیکیش کێشەى جووتیارانى پەڵکانە و گوندەکانى سەرگەڕان و لە ژوورتریش دەوروبەرى داقووق و دووزخورماتووە کە بەدەستى عەرەبى هاوردە و سوپا و دامەزراوەکانى دەوڵەتەوە دەناڵێنن.
ئەوەى لێرەشدا بەتایبەت بۆ کورد جێى پرسیارە ئەوەیە کە ژمارەیەک پۆستى گرنگ و پێگەى بە دەسەڵات لە بەغدا بەدەست کوردەوەن. سەرۆکایەتیی کۆمار و جێگرى سەرۆکوەزیران و وەزیرى داد لە پشکى کوردن، لە کاتێکدا دەبینن هەندێ لە وەزیر و دادوەر و فەرماندەى سوپا بە ناهەق بوونە بە تەرەف بۆ پشتیوانیی عەرەبى هاوردە، بۆچى ئەمان لەسەر هەق نابن بە تەرەف و بەرگرى لە جووتیارانى کورد و تورکمان ناکەن؟ لەکاتێکدا بەپێى دەستورى عیراق و یاسا بەرکارەکانى ئێستا دەبێت کۆتایى بە تەعریب بهێندرێت و ماف بگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان.
گەرچى هیچ کات لەگەڵ ئەوە نیم کورد بۆ ئامانج و مافە راست و رەواکانى رێگەى هەڵە بگرێتەبەر، بەڵام کە دەبینیت دەسەڵاتدارانى ئێستا و سەردەمى بەعس لە پرسى تەعریب و ئەو ستەمکارییانەى لە کورد و پێکهاتەکانى دیکە کراون، هاوبۆچوونن، تووشى سەرسوڕمان دەبیت لە بەرپرس و دەسەڵاتدارانى کورد لە هەرێمى کوردستان و نوێنەرانى کورد لە بەغدا، یان ئەوەتا هیچ پرس و بابەتێکى نەتەوەیى و نیشتمانى وەک ئامانجى خۆیان نابینن، یان دەبێت رازێکى شاراوە هەبێت و ئێمە نەیزانین کە هێندە بێهەڵوێستن لە ئاستى ئەم پرسە ستراتیژییانەى کە پەیوەندییان بە بوون و مانەوەى کوردەوە هەیە لەسەر ئەم جوگرافیایە. لەبەرئەوەى ئێستا سەرنجێکى زۆرى دەسەڵاتدارانى بەغدا ئەوانەى هێشتا لەسەر رێچکەى سەدام دەڕۆن، لەسەر دووزخورماتووە و کێشەیەکى زۆریان بۆ جووتیارانى کوردى چەند گوندێکى ئەو ناوچەیە دروستکردووە و بەهێز و سوپاوە هاتوونەتەوە سەر زەویوزارى کوردەکان. لێرەدا بەڵگەنامەیەکى سەردەمى بەعس تایبەت بەو زەوییانەى کوردانى خورماتوو بە نموونە دەهێنمەوە کە لەژێر چاودێریی خودى سەدام حوسێن چۆن جووتیارانى کورد لەسەر زەویوزارى خۆیان دەرکراون و زەوییەکانیان دراوە بەو عەرەبانەى بۆ تەعریب هێندراون.
بەڵگەنامەکە نووسراوێکى عیزەت دوورى، جێگرى سەرۆکى (مجلس قیادە سەورەیە) کە ئاراستەى تەها یاسین رەمەزان و ژمارەیەک بەرپرسى دیکە کراوە و راستەوخۆ هەموویان پەیوەستن بە پرۆسەى تەعریبەوە. عیزەت دوورى راپۆرتێکى تەها یاسین رەمەزانى هاوپێچى نووسراوەکەى خۆى کردووە و داواى لێیان کردووە پەیڕەوى ناوەڕۆکى ئەو راستکردنەوانەبن کە سەدام حوسێن لەسەر مەحزەرەکە نووسیونی. واتە: لە بنەڕەتدا راپۆرتەکە تەها یاسین رەمەزان نووسیوێتى و بەرزیکردووەتەوە بۆ سەدام. عیزەت دوورى تێبینییەکانی سەدامى بە راپۆرتەکەوە هێناوەتەوە و داوا دەکات پەیڕەو بکرێت. ئەوەى مایەى تێڕامانە لەم بەڵگەیەدا بەدەر لە ئەو زووڵم و ستەمکارییەى کردوویانە زەویى کوردەکانیان داگیرکردووە و بەپێى ئەو مەرج و خاڵانەى لەم راپۆرتەدا دیاریکراوە دراون بەو عەشیرەت و خێڵە عەرەبانەى ئامادەن بێن بۆ ناو کۆمەڵگەکانى تەعریب و لەوێ نیشتەجێبن، بە بڕیارى سەدام هەریەکى 50 دۆنم زەویی بەراو، 120 دۆنم زەویی دەیم، 150 دۆنم زەوی لەو شوێنانەى دەکەونە ناوچەکانى دەرەوەى سوپا، واتا بۆ هەریەکیان 320 دۆنم زەویان دەدرێتێ. ئەو سەرنجانەى سەدام حوسێن بۆى نووسیون مایەى راچڵەکینن کە تاوەکو چ ئەندازەیەک و چەند بە وردى کاریان لەسەر پرۆسەى تەعریب کردووە. سەدام داوایان لێدەکات ئەو عەشیرەتە عەرەبانەى دەهێندرێنە ناوچەکانى دووزخورماتوو، زەوییان پێدەدرێت، نابێت رێگەیان پێبدرێت بۆ کرێکارى سوود لە جووتیارى کورد وەربگرن، واتە نابێت رێگە بدرێت هیچ کوردێک کە زەویوزارەکەى داگیرکراوە و دراوە بە عەرەب، رێگەی بدرێت وەک کرێکاریش بۆ عەشیرەتە عەرەبەکانى تەعریب لەو زەوییانە کار بکات.
لەوەش ترسناکتر ئەوەیە هەندێ کورد چى وەک گوندێک، یان خێڵ و بنەماڵە بن یاخود خێزان کە لەژێر گوشاردا ناسنامەى خۆیان گۆڕیوە بۆ عەرەب، خودى سەدام حوسێن داوایکردووە نابێت ئەو کوردانەى خۆیان کردووە بە عەرەب رێگە بدرێت پێکەوە بمێننەوە، دەبێت دابەشبکرێن بەسەر کۆمەڵگە عەرەبییەکانى تەعریبدا بۆ ئەوەى بتوێنەوە. دەیان بەند و بڕگەى دیکە لەو راپۆرتەدا هەن، کە پێویستیان بە لەسەر وەستان هەیە. بۆیە هیچى دیکە لەسەر نێوەڕۆکى راپۆرتەکە ناڵێم تاوەکو خوێنەر خۆى بیخوێنێتەوە و لەوە تێبگات پرۆسەى تەعریب چەند ئامانجێکى ستراتیژی بووە بەلاى بەعس و سەدامەوە، بەجۆرێک، ئێستاش لە ناوەندەکانى دەسەڵاتى عێراقەوە، لە حکومەت لە دامەزراوەى سوپا و دەزگاى دادوەرى، ئەوە دەبینیت هێشتا کەسانێک بەرگرى لە بەرکاربوونى بڕیار و یاساکانى سەدام دەکەن. دەگەیت بەو باوەڕەى بە کەوتنى سەدام، عەقڵیەتى داگیرکاری بە کۆتا نەهاتووە، بەڵام خەمى گەورە ئەوەیە کە کورد لەو ناوەندەى دەسەڵاتى بەغدا بەشدارە و ژمارەیەک پۆست و پێگە بەدەستى کوردەوەن و بەجۆرێک لە جۆرەکان بە بێدەنگبوونیان لەو ستەمکارییانە ئاو دەکەن بە ئاشى بەرکاربوونى بڕیار و یاساکانى سەدامدا.
|
هەموو وتارەکانی
عارف قوربانی