هاوپەیمانێتیى سەربازیى، وەک پێویستییەک
عارف قوربانی
28/08/2025
408 جار خوێنراوەتەوە
کورد هەر بە تەنها نیشتمانەکەى دابەش نەکراوە، پارچە پارچەبوونی وەک نەتەوەش هەر بەتەنها ئەوە نییە بەزۆر کراون بە هاووڵاتیى پلە دوو سێى چەند وڵاتێکى دەوڵەت نەتەوەى سەردەستەى جیاوازى ناوچەکە. بەڵکو لەناو خودى خۆیشیدا لە هەریەک لەم بەشە لێکجیاکراوانەى کوردستان، بوون بە چەندین بەشى دیکەوە.
جگە لە ئێزدییایەتى وەک ئایینى رەسەنى کورد، کە ئەویش لە ئێستادا بووەتە ئایینى کەمینەیەکى میلـلەتەکە، هیچ ئایین و ئایدۆلۆجیایەک (بە لق و پۆپەکانیانەوە) لەناو ئەم بەشە لێکجیاکراوانەى کوردستان سەریهەڵنەدا کە ببێتە هۆکارى لێکنزیککردنەوەى کورد لە وڵاتە جیاوازەکان. بەڵکو ئایین و مەزهەب و تەریقەت و عێڵ و عەشیرەت، ئایدۆلۆجیا و سەرهەڵدانى حیزب و رەوتى سیاسیش، هەموویان بۆ کورد مایەى تەفرقەى زیاتر بوون.
لەکاتێکدا لەدواى جەنگى یەکەمى جیهانى کە بە بڕیارى زلهێزەکانى ئەوکاتى جیهان، کوردستان وەک نیشتمانى کورد بەسەر چەند دەوڵەتێکى تازە دامەزراو دابەشکرا، ئەوەى بۆ کورد پێویستى پلە یەک بوو و، ئەرکى سەرەکى رابەر و سەرکردەکانى ئەو سەردەمەى کورد بوو هەر ئایین و ئایدۆلۆجیایەک کە لەو سەردەمەدا هەبوو، دەبوو بیانکردایە بە ئامرازى پێکەوە گرێدانەوەى رۆحى کورد لە وڵاتە جیاوازەکان، بەڵام نەک ئەوە نەکرا، بەڵکو لە هەریەک لەو پارچە جیاوازەنەشدا بەهۆى ئایین و ئایدۆلۆجیاى جیاوازەوە کورد بەسەر گرووپى بچووک بچووکى دیکە و هەندێجار بەسەر گرووپى دژ بەیەکیشدا دابەش بوون.
لەو کاتەوە بۆ ئێستا کە زیاتر لە 100 ساڵ تێپەڕی کردووە، هیچ ئایدۆلۆجیایەک، حیزب و رەوتێکى سیاسى سەریهەڵنەدا کوردى هەموو بەشە لێکجاکراوەکان لە دەورى کۆببنەوە، کە ئەمە نەنگییەکى گەورەیە بۆ میلـلەتێکى خاک دابەشکراو و داگیرکراوى وەک کورد بە 100 ساڵ نەتوانێت حیزب و رەوتێکى سیاسى نەتەوەیى و نیشتمانى دروست بکات داواى رزگارى سەرتاسەریى و یەکگرتنەوەى کورد بکات، لەکاتێکدا مەسەلەى کورد یەک پرس و یەک قەزییەیە لە ناوچەکە.
تەنها خاڵێکى گەش لەم مێژووە دوور و درێژەدا تۆمار کرابێت، لە چەند وێستگەیەکدا هاوکاریى سەربازیى بووە لەنێوان بزووتنەوەى چەکدارى بەشە جیاوازەکان، بۆ نموونە چوونى مەلا مستەفا و هاوەڵەکانى بۆ پشتیوانیى کۆمارى مهاباد. هەروەها لە هەشتاکانى سەدەى رابردوو چوونى هێزى پێشمەرگەى یەکێتیى نیشتمانى کوردستان بۆ رۆژهەڵاتى کوردستان و شان بەشانى پێشمەرگەکانى دیموکرات و کۆمەڵە شەڕى سوپاى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانیان کرد. بەڵام ئەوەش نەتواندراوە بکرێتە بناخەى هاوپەیمانێتییەکى سەربازى درێژخایەن.
ئەم دوو رووداوە دیوێکى گەشى ناو مێژووى بزووتنەوەى چەکدارى کوردن لە سەدەى رابردوو، بەڵام پێچەوانەى ئەمەش لاپەڕەکانى مێژووى پڕکردوین لە لاپەڕەى شەرمەزاری، لە بەریەککەوتنى چەکداری و دەستخستنە خوێنى یەکترییەوە تا ئاستى بەشداریکردن لەگەڵ سوپاى دوژمن و داگیرکەران لە سەرکوتکردنى بزووتنەوەى چەکدارى کورد لە بەشە جیاجیاکانى کوردستان.
لە چەندین وێستگەدا دەرفەتى ئەوە هەبوو هێز و بزاوتە سیاسییەکانی بەشە جیاجیاکانى کوردستان بتوانن لە بازنەیەکدا ستراتیجێکى نەتەوەیى دابڕێژن و بیکەن بە چەترى کۆکەرەوەى جیاوازییەکانیان، بەڵام لەلایەک ململانێ و ناکۆکیی سیاسى ناوخۆیى، هەروەها خۆگرێدان و وابەستەبوونى هێزە سیاسییەکان بە سیاسەت و بەرژەوەندیى دەوڵەتانى سەردەستەوە، لەلایەکى دیکەشەوە لەناو رابەر و سەرکردەکانى کورد دا مشورخۆرێکى راستەقینە نەبووە ئەم پێویستییە وەک ئەرکێکى نیشتمانى بخاتە ئەستۆى خۆى و کارى بۆ بکات.
زۆرجار و لەسەر ئاستى باڵاى هێزە سیاسییەکانى هەر یەک لە بەشەکانى کوردستان، وەک پێویستى باسى گرنگى بەستنى کۆنگرەى نەتەوەیى کراوە، بەڵام هیچ هەنگاوێکى کردەیى بۆ رەخساندنى زەمینە و ئەنجامدانى نەنراوە. دەرکەوتنى داعش لە ناوچەکە و دەستپێکردنى پەلامارەکانى بۆ سەر باشوورى کوردستان، هەلى ئەوەى رەخساند کورد بتوانێت لەڕووی نەتەوەییەوە پێبنێتە قۆناخێکى نوێوە، چونکە لەلایەک هەڕەشە و مەترسییەکە هەڕەشەیەکى راستەقینە بوو، لە بەرانبەریشدا هەستى بەرپرسیارێتییەکە لەناو کوردى هەموو بەشەکانى کوردستان بۆ رەواندنەوەى مەترسییەکانى سەر تاکە قەوارەکەى کورد لە باشور، هەست و بەرپرسیارێتییەکى نەتەوەیى و نیشتمانى بەهێز بوو.
بێ ئەوەى پێشتر زەمینەى بۆ خۆشکرابێت، یاخود بێ ئەوەى هەرێمى کوردستان بە فەرمى بانگەواز بکات بۆ کوردى بەشەکانى دیکەى کوردستان بە هانایەوە بێن، لە چرکەساتى یەکەمى شەڕەکانەوە خەڵکى کوردستان لە کەناڵەکانى راگەیاندنەوە بینیان لەیەک سەنگەردا پێشمەرگەى باشوور و گەریلاى باکوور و پێشمەرگەى رۆژهەڵات و رۆژئاواى کوردستان پێکەوە شەهید بوون و خوێنیان تێکەڵ بە یەکتر بوو. هەروەها چوونى پێشمەرگەى باشوور بۆ پارێزگارى لە کۆبانێ. مانا و مەغزاى پێکەوەبوونێکى گرنگ بوو.
بەداخەوە سەرکردەى هێزە سیاسییەکان لەم وێستگە گرنگەى مێژووشدا نەیانتوانى ئەم رۆحیەتى پێکەوە خۆ بەقوربانیکردنەى نیشتمان بکەن بە هەوێنى گرێدانى پەیماننامەى نیشتمانى کە درێژە بەم پێکەوە بوون و هاوخەباتییە بدرێت. کە دەکرا ئەو وێستگەیە بکرێتە سەرەتایەکى گرنگ بۆ کۆنگرەى نەتەوەیى، بۆ دیاریکردنى ئامانج و ستراتیجێکى هاوبەشى کوردى کە هەموو هێزە سیاسییەکانى کورد پێوەى پابەند بن، بەڵام وەک زۆر دەرفەتى دیکە ئەوەش تێپەڕی.
ئێستا ناوچەکە لەبەردەم کۆمەڵێک رووداو و پێشهاتى چاوەڕوانکراوى دیکەدان کە بەبێ خواستى کورد پێى کوردیش دەگرێتەوە. گرنگە ئەمجارە کورد پێشوەختە خۆى ئامادە بکات بۆ چۆنێتیى مامەڵەکردن لەگەڵ رووداوەکان. یەکێک لەو ئەگەرانە وەک هەڕەشە و مەترسى بەسەر سەرى کوردى رۆژئاواى کوردستانەوەیە. دەسەڵاتى تازەى دیمەشق هێشتا خۆى تەواو رێکنەخستووە و دەڵەمەیە، بەڵام لەسەر ئاستى ناوخۆ و نێودەوڵەتى لە خۆتۆکمەکردن و بەهێزکردنى پێگەکەیدا. لەلایەک بەهۆى ئەوەى تورکیا هەژموونى بەسەر دیمەشقەوە بە ئەندازەیەکە دەکرێت وەک سێبەرى ئەنقەرە لە دیمەشق بڕواندرێت، چاوەڕوانکراوە ئەو دووژمنایەتیەى تورکیا بۆ کورد لە رۆژئاوا هەیبوو لە داهاتووی نزیکدا بگوێزرێتەوە بۆ دیمەشق و دەوڵەتى سووریا دژ بە قامیشلۆ بەکاربهێنێت. هەروەها فەلسەفە و فکری حوکمڕانیى ئەم بزاوتە جیهادییەى دەسەڵاتى دیمەشقى کەوتووەتە دەست، خۆیشیان باوەڕی بە بوونى جیاوازى نییە، بە ئەگەرێکى زۆرەوە رووبەڕووى کورد دەبنەوە.
پێشتر نە لە ئاستى ناوچەیى و نە لە ئاستى نێودەوڵەتى پشتیوانى لە تورکیا نەدەکرا دژ بە کوردى رۆژئاواى کوردستان بچێتە جەنگەوە، بەڵام مەرج نییە ئەمە بۆ داهاتووى دەوڵەتى سووریاى عەرەبیش وابێت، بە پاساوى سەروەریى وڵات و چەسپاندنى یاسا و دەستوور، پشتیوانى لە ناوەندى دەسەڵاتى دیمەشق دەکرێت، لانیکەم لە ئاستى هەرێمایەتى و جیهانى عەرەبى و ئیسلامى، وەک چۆن لە گرتنى کەرکووکدا جیهان بەو هۆکارانە چاوپۆشییان کرد لەوەى عێراق بە بەشداریى میلیشیاى سێ دەوڵەت هێرشى کردە سەر کەرکووک.
ئەوەى کورد دەتوانێت بیکات ئەوەیە هاوپەیمانێتییەکى سەربازى لەنێوان هێزە چەکدارەکانى هەر چوار پارچەى کوردستان دروست بکات، تا لە حاڵەتى پێویستدا بەرگریى لە یەکترى بکەن. ئەم جۆرە لە هاوپەیمانێتى چى لە ئاستى دەوڵەتان و چى لەناو گرووپە نادەوڵەتییەکانیشدا هەبووە. بەدەر لەوەى لە سەروبەندى جەنگە گەورەکانى جیهاندا زۆرێک لە وڵاتان دەچوونە پاڵ یەکتریى و بەرگرییان لە هاوپەیمانەکانیان دەکرد، لە ئێستاشدا هاوپەیمانێتیى ناتۆ لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە. لە دەرەوەى ناتۆش ئەوە لە شەڕى رووسیا و ئۆکراینا بە بەرچاوى جیهانەوە بە هەزاران سەربازى کۆریاى باکوور لە مەیدانى جەنگ پشتیوانى لە رووسیا دەکەن.
لەناو گرووپە نادەوڵەتییەکانیشدا پێکهاتەى هەموو هێزە جیهادییە ئیسلامییەکانى جیهان بە سوننە و شیعەوە پێکهاتەیەکى فرە رەگەزە. هەر لە سووریا ئەو هێزگەلەى ئێستا دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست بە هەزاران چەکدارى بیانى وڵاتانى ئیسلامى تیادایە. پێشتریش لەسەردەمى ئەسەد بەدرێژایى زیاتر لە 10 ساڵ چەکدارى حەماس و حوسییەکانى یەمەن و حیزبوڵڵا و حەشدى شەعبى عێراق و سوپاى قودسى ئێران، بۆ پارێزگاری لە مانەوەى دەسەڵاتەکەى ئەسەد، بەشداربوون لە کۆمەڵکوشتنى گەلانى سووریا.
کورد لە هەموو ئەمانە رەوایەتى زیاترە بەرگرى لە کوردى هاوزمان و خاکى داگیرکراوى خۆى بکات جا لەهەر بەشێکى کوردستان بێت و مەترسییەکانیش هەر هێز و لایەنێک بێت. بۆ ئەمەش دەبێت لە ئێستادا پەلە بکرێت لە بەستنى هاوپەیمانێتیى سەربازى لەنێوان رۆژئاوا و باشوور بە پلەى یەکەم و پاشان باکوور و رۆژهەڵاتیش بکرێن بە بەشێک لەم رێککەوتنە سەربازییە.
دەبێت کورد تواناى خۆى بسەلمێنێت کە دەتوانێت بەرگریى لەخۆى بکات، نابێت هەر چاوەڕوانى سۆز و بەزەیى زلهێزەکانى دونیا بێت لەسەری بەدەنگ بێن. دیمەنەکانى غەززە ئەوەى سەلماندووە سەردەمى سۆز و بەزەیى بەسەرچووە، بەرژەوەندى و هاوپەیمانێتى شوێنى پرەنسیپەکانى پێشووترى گرتووەتەوە. خۆت هەبیت، لە جیهانیشدا دۆست و پشتوانت بۆ پەیدا دەبێت، کە خۆت نەتتوانى خۆت بپارێزێت، هیچ میللەتێکی دیکە ئامادە نییە کوڕى خۆى بۆ کورد بدات بە کوشت.
لە هیچ سەردەمێکدا کورد بە ئەندازەى ئێستا هێزى چەکدارى زۆر و پڕچەک و کچ و کوڕی گیانفیداى نەبووە، بەڵام پێویستى بە سەرکردایەتیکردن و ئاراستەکردنێکى دروستە تا تواناى ئەم هێزە پەرتەوازانە یەکبخرێن، ئەگەر ئەوە بکەن دەتوانن بەرگەى هەر مەترسییەک بگرن کە رووبەڕووى کورد دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر رێککەوتنێکى لەم شێوەیە نەکرێت، بە پارچە پارچەیى مانەوەیان وادەکات یەک لەدواى یەک ببن بە قوونى هێزى لەخۆیان تۆکمەتر.
|
هەموو وتارەکانی
عارف قوربانی