پرۆژەیەک لە سلێمانی گرفتی 30 ساڵی داهاتوو چارەسەر دەکات
5 کاتژمێر پێش ئێستا
36 جار خوێنراوەتەوە
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەیەکی ئاو لە سلێمانی جێبەجێ دەکات، کە ٩٠٠ ھەزار کەس لێی سوودمەند دەبن و دەڵێت”تا ٣٠ ساڵی دیکەش کێشەی کەمئاوی لە سلێمانی چارەسەر دەکات”.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە، پڕۆژەیەکی نوێی ئاو بۆ پارێزگای سلێمانی جێبەجێدەکرێت و گرفتی کەمئاوی لە پارێزگاکە بۆ دەیان ساڵی ئایندە چارەسەر دەکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، پرۆژەی ئاوی دوکان بۆ سلێمانی بوودجەکەی ٢٩٣ ملیۆن دۆلارە و دەبێتە سێیەم پڕۆژەی دوکان – سلێمانی، هاوکات ئەم پرۆژەیە ٢٠ ھەزار مەتر سێجا لە کاتژمێرێکدا ئاو بۆ پارێزگاکە دابین دەکات، کە لە قۆناغی یەکەمدا ٥٠%ی جێبەجێ دەکرێت و ٩٠٠ ھەزار کەس لە پارێزگای سلێمانی لەو پڕۆژەی ئاوە سوودمەند دەبن و بە تەواوبوونی پڕۆژەکەش، تاوەکو ٣٠ ساڵی دیکە لە سلێمانی کێشەی کەمئاوی نامێنێت.
ئەوەشی خەستەڕوو، لەئێستادا تەندەرین بۆ پرۆژەکە ئامادە دەکەین و ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانانیشی بۆ گەڕاوەتەوە، و تەنیا ماوە تەندەر ڕابگەیەندرێت و بدرێت بە کۆمپانیایەک، بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکرێت، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو کارە دەکرێت و پڕۆژەکەش جێبەجێ دەکرێت.
پارێزگای سلێمانی پشت بە چەند سەرچاوەیەکی دابینکردنی ئاو دەبەستێت، لەوانە پرۆژەی ئاوی سەرچنار و دوکان، هاوکات ئەمساڵ بەهۆی ئەمئاوی و کەمی بارانەوە ڕاگرتنی کارەبا لە بەنداوی دوکان ڕاگیراوە و ئاوی سەرچناریش بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
|