هاکان فیدان: هەوڵی کوشتنم درا و ژەهرخوارد کرام
3 کاتژمێر پێش ئێستا
42 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، 4-5 ساڵ لەمەوبەر هەوڵی کوشتنی دراوە، زەڕنیخی قورس و جیوەی پێدراوە و ژەهراوی کراوە.
لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی تورکیادا، هاکان فیدان ئاماژەی بە بوونی گوشار و هەڵمەتێکی پروپاگەندە لەسەر کردەوە و گوتی پێشتر ژەهرخوارد کراوە و هەوڵی کوشتنیشی دراوە.
هاکان فیدان دواتر لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکارەکە جەختیکردەوە کە پێشتر باسی ئەو ژەهرخواردکرانەی نەکردووە و وتی: "زەرنیخی قورس و جیوەم پێدرابوو. ئەمە ماوەی 4-5 ساڵ لەمەوبەر لە شوێنێکدا روویدا و دواتریش لە پشکنین دەرچوو".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، چارەسەری پێویستی وەرگرتووە بۆ ئەوەی دۆخی ئاسایی ببێتەوە. هەروەها لەبارەی ئەوەی کە کێ کارێکی وەهای کردووە، هاکان فیدان گوتی: "با نەڕۆینە وردەکاریی ئەم بابەتەوە، ئەمانە چەند بابەتێکی دەرەوەن، دوژمن تەنیا لە نێوخۆ نییە و لە هەموو شوێنێک هەیە، بەڵام ئەمە لە هیچ هەنگاوێکمان ساردمان ناکاتەوە".
هاکان فیدان جەختیکردەوە، جگە لە کوشتنی فیزیکی، بەردەوام هەوڵی کوشتنی کەسایەتیش هەبووە و وتیشی: "چەند جارێک بۆ سەرۆککۆمارمان هاتن و هەمان مەبەستیان هەبوو. ئێمەش کە لەسەر رێبازی ئەو دەڕۆین، هەر لە سەرەتاوە دەمانزانی رووبەڕووی ئەو دۆخانە دەبینەوە. رێسای کارەکە ئەمەیە".
|