لوتکەی عەرەبی لە بەغدا دەستیپێکرد؛ سەرکردەی چەندین وڵات بەشدارن

10   کاتژمێر پێش ئێستا  106 جار خوێنراوەتەوە

لە بەغدا لووتکەی کۆمکاری عەرەبی بە بەشداریی سەرکردەی چەندین وڵات دەستیپێکرد و ماوەی سێ رۆژ دەخایێنێت.
 
رۆژی 16-05-2025 ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا؛ حەسەن شێخ مەحموود، سەرۆکی سۆماڵ؛ مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین؛ نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان بۆ بەشداری لە کۆمکاری عەرەبی گەیشتنە بەغدا. هاوکات پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا و ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە بەغدان و بڕیارە بەشداری بکەن.
 
ئەمڕۆ شەممە 17-05-2025 هەریەکە لە عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر و تەمیم بن حەمەد ئالسانی، میری قەتەر گەیشتنە بەغدا بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی کۆمکاری عەرەبی و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازییان لێکرا.
 
هاوکات چەندین وەزیر و بەرپرسی دیکەی وڵاتانی عەرەبی و جیهان لە بەغدان و هێشتا گەیشتنی بەشداربووان بەردەوامە.
 
 لە بەغدا سێ لووتکە لە یەک رۆژدا بەڕێوەدەچن
 
لەگەڵ کۆبوونەوەی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا، دوو لووتکەی دیکە بەڕێوەدەچن. شارەکە ئەمڕۆ زۆرترین جموجووڵی تێدا دەبێت.
 
لووتکەکانی ئەمڕۆ شەممە 17ی ئایار لە بەغدا بریتین لە: کۆبوونەوەی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی، لووتکەی گەشەپێدانی وڵاتانی عەرەبی و، لووتکەی سێقۆڵیی عێراق، ئوردن و میسر.
 
کۆبوونەوەی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی سێ ناوی هەیە: لووتکەی بەغدا، لووتکەی عەرەبیی 2025 و لووتکەی 34ـی کۆمکاری عەرەبی.
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، هەر لەو لووتکەیەدا کە 22 وڵاتی عەرەبی تێیدا بەشدارن، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وتارێکی دەبێت. وتارەکەی سەرۆکوەزیران لەبارەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانەوە دەبێت لە عێراق.
 
هەر ئەمڕۆ لە پاشنیوەڕۆ، لووتکەی گەشەپێدانی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا سازدەکرێت، کە چوار ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت. هاوکات، لووتکەیەکی دیکە هەیە بەناوی لووتکەی سێقۆڵی، کە لەنێوان عێراق، ئوردن و میسردا ئەنجام دەدرێت.
 
جگە لە وڵاتانی عەرەبی، کۆمەڵێک شاند لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و ئەورووپاوە بەشداریی لووتکەکانی ئەمڕۆی بەغدا دەکەن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە