د. له‌تیف ڕه‌شید: عێراق ڕوبه‌ڕوی ئاستەنگی گه‌وره ده‌بێته‌وه‌

6   کاتژمێر پێش ئێستا  100 جار خوێنراوەتەوە

د. له‌تیف ڕه‌شید، سه‌رۆك كۆماری عێراق لە کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانوسەکان ڕایگه‌یاند، عێراق ڕوبه‌ڕوی ئاستەنگی گه‌وره ده‌بێته‌وه‌ بەهۆی کەمبونەوەی ئاوی هەردو ڕوباری دیجله و فورات.

د. له‌تیف ڕه‌شید بەشداری لەکردنەوەی سێیەمین کۆنگرەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئۆقیانوسەکان کرد، کە لە شاری نیس ی فڕەنسا بەڕێوەدەچێت و ڕایگه‌یاند، "بەشداریکردنی عێراق لەم کۆنگرەیەدا لە باوەڕێکی قوڵەوە دێت بە گرنگی کاری هەمەلایەنە و پابەندبون بە بەهێزکردنی هاوبەشی نێودەوڵەتی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی و نایەکسانی ئابوری و قەیرانی ئاسایشی خۆراک".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئێمە لە عێراق ڕوبەڕوی تەحەدایەکی گەورە دەبینەوە بەهۆی کەمبونەوەی ئاوی هەردو روباری دجلە و فورات بەهۆی چەندین کاریگەری لەوانە گۆڕانی کەشوهەوا و نەبونی سیاسەتێکی کارگێڕی و یاسایی یەکگرتو بۆ ڕوبارەکان و کەمبونەوەی داهاتی ئاو لەوڵاتانی سەرەوە کە بوه‌تەهۆی زیادبونی ڕێژەی ئاوارەبونی ناوخۆ و دەرەکی و کەمبونەوەی بەشداری بەرهەمی کشتوکاڵی لەبەرهەمی ناوخۆیی".

سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌ڵێت، "ئەمڕۆ، لەگەڵ گۆڕانی خێرای کەشوهەوا، بەرزبونەوەی ئاستی پیسبونی دەریا و لەدەستدانی سیستەمە ژینگەییەکان، ڕوبەڕوی تەحەدایەکی گەورە دەبینەوە کە پێویستی بە کاری یەکلاکەرەوە و هاوکاری جیهانی راستەقینە هەیە لەسەر بنەمای زانست و دارایی بۆ پاراستنی زەریاکان و سەرچاوەکانی ئاو".

ئه‌وه‌شی وت، "زەریا و دەریاکان تەنها کۆمەلەی ئاو نین بەڵکو سیستەمی بایۆلۆجی ئاڵۆزن کە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە سەقامگیرکردنی کەشوهەوا و دابینکردنی خۆراک و دابینکردنی هەلی کار و ڕێکخستنی سوڕی ئاو لەسەر هەسارەکەمان".

د. له‌تیف ڕه‌شید ڕونیكرده‌وه‌، "ئاسایشی زەریاکان چیتر کێشەیەکی ژینگەیی نییە بەتەنها بەڵکو بوه‌تە کێشەی ئاسایشی نێودەوڵەتی و مرۆیی بۆ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بەتایبەتی ئەوانەی بەدەست کەمی سەرچاوەی ئاو و بەرزبونەوەی ئاستی دەریاکانەوە دەناڵێنن و پێوەرە زانستییەکان ڕون بونەتەوە بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی بەرزبونەوەی خێرای پلەی گەرمی ئاو و خراپتربونی دیاردەی ترشبون و دابەزینی زەریاکان، کۆگای ماسی و زیادبونی پیسبونی پلاستیک و ماددە کیمیاوییەکان". 

هه‌روه‌ها وتی، "زەریا و دەریاکان تەنها سەرچاوەیەکی سروشتی نین بەڵکو میراتی هاوبەشی مرۆڤن، بۆیە پێویستە کاری بەکۆمەڵ خێراتر بکرێت بۆ بەدەستهێنانی بەشێک لە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لەڕێگەی برەودان بە داهێنان، پشتیوانی لە ئابوری شین و بنیاتنانی تواناکان، بەتایبەتی لە وڵاتانی گەشەسەندو و دورگە بچوکەکان کە لە ڕیزی پێشەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوای دەریایدان".
   
سه‌رۆك كۆمار وتی، "ئەمڕۆ داوا لە هەمو وڵاتان دەکەین بەشداری ئەم پەیماننامەیە بکەن و بەشدارییەکی کاریگەر بکەن لە چالاککردنی بڕگەکانی، هه‌روه‌ها كاربكه‌ن بۆ فراوانکردنی کاری هاوبەشی کاریگەر لە نێوان حکومەتەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، کەرتی تایبەت و دامەزراوەکانی توێژینەوە".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە