پەیوەندیی زەینەدین زیدان و ئێمباپێ تێکچوو
58 خولەک پێش ئێستا
9 جار خوێنراوەتەوە
پەیوەندیی زینەدین زیدان، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا و کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەکە تێکچووە و راپۆرتێکی رۆژنامەڤانیش باس لە هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکەیان دەکات.
رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی دەڵێت "پەیوەندیی کیلیان ئێمباپێ و زینەدین زیدان باش نییە، ئەو یاریزانە بەو شێوەیە ئاسوودە نییە کە لەگەڵ دیدێ دیشام ئاسوودە بوو و پەیوەندییەکی باشیان هەبوو و لە یەکدییەوە نزیکبوون."
سەرچاوەکە دەڵێت "یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەیە زینەدین زیدان بڕیارییداوە شوێنی یارییکردنی ئێمباپێ بگۆڕێت، بەتایبەتیش کە لە یاریی بەرامبەر تورکیا ئەو یاریزانەی بردە باڵی چەپ و عوسمان دێمبێلێی وەکو یاریزانی سەرەڕم یاریی پێکرد."
بەپێی هەواڵی لێکیپ، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی ساردبوونەوەی پەیوەندی نێوان هەردوولا ئەوەیە کە گفتوگۆی رووبەڕوو و راستەوخۆ لەنێوانیاندا نەبووە، کاتێکیش ئێمباپێ لە وەستانی رابردوودا تووشی پێکانبوو، هیچ گفتوگۆیەکی راستەوخۆی لەگەڵ زینەدین زیدان نەبووە."
پێشتر زینەدین زیدان، کاتێک ناوی یاریزانەکانی بۆ دوو یاریی داهاتوو راگەیاند گوتی "ئێمباپێ لەو شوێنە یاریی دەکات کە خۆی تێیدا ئاسوودەیە."
کیلیان ئێمباپێ، ئەمرۆ بەشداریی لە مەشقەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسادا نەکردووە، دیارنییە رۆژی پێنجشەممە لە یاریی لووتکەی نەیشنسلیگ بەرامبەر ئیتاڵیا یاریی دەکات یان نا، هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن یاریزانەکە هەستی بە ئازار کردووە، بۆیە یاریی ناکات."
تاوەکو بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، هیچ راگەیێنراوێکی فەرمیی لەبارەی پێکانی کیلیان ئێمباپێ بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ رایگەیاند، ئورلیێن چوامینی، دوای راوێژ لەگەڵ دەستەی پزیشکی ریال مەدرید، دەگەڕێتەوە مەدرید و هیچ یاریزانێک لە شوێنی ئەو بانگهێشتی هەڵبژاردەکە ناکرێت.
|