نەرویج سکاڵا لە دژی دۆناڵد ترەمپ و ئینفانتینۆ تۆمار دەکات

1     کاتژمێر پێش ئێستا  21 جار خوێنراوەتەوە

فیدراسیۆنی تۆپی پێی نەرویج، تاوتوێی پێشکێشکردنی سکاڵایەکی فەرمی بە لێکۆڵەرانی لیژنەی رەوشتی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) دەکات، پاشئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، داوای لە فیفا کرد، سزای راگرتنی یاریزانێکی هەڵبژاردەی ئەمریکا، لە مۆندیالی ئەمساڵدا، هەڵپەسێرێت.

لیزا کلاڤینێس، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نەرویج رایگەیاند، رۆژی 6ی مانگی داهاتوو، ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی فیدراسیۆنەکەیان کۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر تۆمارکردنی سکاڵاکە. کلاڤینێس لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "پێویستە سەرۆکی فیفا بڵێت ئەوەی روویدا هەڵە بوو".

فۆلارین بالۆگۆنی یاریزانی هەڵبژاردەی ئەمریکا، لە یاریی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر بۆسنە، لە قۆناخی 32ی مۆندیال، بەکارتی سوور کرایە دەرەوە و بەوەش دەبوو لە یاریی دواتری هەڵبژاردەکەی، بەرامبەر بەلجیکا یاریی نەکات، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، داوای لە فیفا کرد، بڕیاری راگرتنی ئەو یاریزانە هەڵبوەشێننەوە و فیفاش داواکەی قبووڵکرد.

لە دوای راگەیاندنی هەڵپەساردنی سزاکەی سەر بالۆگۆن لەلایەن فیفاوە، ژمارەیەکی زۆری فیدراسیۆنە جیاوازەکانی ئەورووپا، رەخنەی تووندیان لە فیفا گرت و میدیای ئەورووپا، فیفایان بە ملکەچی دەستتێوەردانەکانی ئەمریکا تۆمەتبارکرد.

کلاڤینێس، پارێزەر و دادوەرە و پێشتر یاریزانی هەڵبژاردەی نەرویج بووە، پێیوایە بڕیارەکەی فیفا لە 60 ساڵی دوایینی مۆندیالدا پێشینەی نەبووە. ئەو گوتی "هەموومان دەزانین ئەم بڕیارە لەژێر کاریگەری هێزی دەرەکی بووە و پرۆسەیەکی دروستی نەبڕیوە". بە بڕوای ئەو، لادان لە یاساکان پاڵەوانێتییەکە دەخاتە مەترسییەوە.

رێکخراوی فێر سکوێر بۆ مافەکانی مرۆڤ، پێشتر سکاڵایەکی هاوشێوەی پێشکێش بە فیفا و لێژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی کردووە. لەو سکاڵایەدا ئینفانتینۆ تۆمەتبار کراوە بە پێشێلکردنی بێلایەنیی سیاسی، بەتایبەت دوای دروستکردنی خەڵاتێکی ئاشتی بۆ پێشکێشکردنی بە ترەمپ لە کاتی تیروپشکی مۆندیالدا.

سەربەخۆیی پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە فیفا لە ساڵی 2017ـەوە کەوتووەتە ژێر پرسیار، کاتێک لێکۆڵەر و دادوەرە سەرەکییەکانی لیژنەی رەوشت گۆڕدران. تاوەکو ئێستا فیفا هیچ بەڵگەنامەیەکی بڵاونەکردووەتەوە بۆ روونکردنەوەی چۆنیەتی گەیشتن بە بڕیار لەبارەی کێشەکەی بالۆگۆن یان یاریزانانی دیکە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە