رافینیا بەتووندی سزا دەدرێت
4 کاتژمێر پێش ئێستا
35 جار خوێنراوەتەوە
رافینیای بەرازیلی، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا، کەوتە سەرووی هەواڵەکان دوای دوورخستنەوەی تیپەکەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لەسەر دەستی ئاتلێتیکۆ مەدرید، هەرچەندە لە یارییەکەدا بەشداری نەکردبوو.
بارسا لە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکە ماڵئاوایی کرد، سەرەڕای ئەوەی شەوی رابردوو سێشەممە لە یاریی گەڕانەوەدا بە ئەنجامی 2-1 لە ناو یاریگای ئاتلێتیکۆ مەدرید بردنەوەی بەدەستهێنا. بارسێلۆنا پێشتر لە یاریی چووندا کە هەفتەی رابردوو لە سپۆتیفای کامپ نو بەڕێوەچوو، بەئەنجامی 0-2 دۆڕابوو، بەوەش بەکۆی هەردوو یاری 2-3 ماڵئاوایی کرد.
یارییەکی دزراو
رافینیا کە بۆ پشتگیریکردنی هاوڕێکانی گەشتی یاریگای 'میترۆپۆلیتانۆ'ـی کردبوو، دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە تووڕەیی تووندی خۆی بەرامبەر ئاستی ناوبژیوان نیشان دا.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردەوە کە رافینیا گوتوویەتی "ئەمە یارییەکی دزراو بوو، ناوبژیوانییەکە زۆر خراپ بوو. ئەو بڕیارانەی دران باوەڕپێنەکراو بوون".
لە هەمان چوارچێوەدا، یاریزانە بەرازیلییەکە کە بەهۆی پێکانەوە لە یارییەکەدا ئامادە نەبوو، رەخنەی لە شێوازی یاریی ئاتلێتیکۆ مەدرید گرت و گوتی "ئاتلێتیکۆ ژمارەیەکی زۆر فاوڵی کرد و هیچ کارتی زەردی وەرنەگرت. دەمەوێت بزانم بۆچی ترسیان لە سەرکەوتنی بارسێلۆنا هەیە؟!".
خوان موسۆ، گۆڵپارێزی ئاتلێتیکۆ مەدرید، وەڵامی لێدوانەکانی رافینیای دایەوە و سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا و گوتی "ناکرێت باس لە دزی بکرێت. تێدەگەم رافینیا یان هەر کەسێکی دیکە چی دەڵێت، بەڵام ناکرێت یارییەکە بە دزراو وەسف بکرێت، چونکە ئەوە راست نییە. ئێمە لە ناو یاریگادا بردنەوەمان بەدەستهێنا. لە دەرەوەی یاریگای خۆمان 2-0 بردمانەوە و دەرکردنی دوایین بەرگریکاریش لە تۆپی پێدا کارێکی روونە... قسەکردن لەسەر دزی بێمانایە".
ئەم تووڕەییە تەنیا لای رافینیا نەبوو، بەڵکو هەستێکی گشتی بوو لەناو ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا، بەڵام یاریزانە بەرازیلییەکە لە هەمووان راشکاوتر بوو لەبەردەم میدیاکاندا. هەروەها دانی ئۆڵمۆش کە خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکەی وەرگرت، رەخنەی لە ئاستی ناوبژیوان گرت.
"لە قۆناغی داهاتوو دەچنە دەرەوە"
رافینیا دوای فیکەی کۆتایی لە میترۆپۆلیتانۆ هەڵچوونی تووندی نیشاندا. ئەم تووڕەییە وایلێکرد لە کاتی سڵاوکردن لە هاندەرانی بارسێلۆنا کە گەشتی مەدریدیان کردبوو، تووشی دەمەقاڵێ بێت لەگەڵ هاندەرانی ئاتلێتیکۆ و پەیامێکی ئیستفزازییان ئاراستە بکات.
رافینیا بە دەست ئاماژەی 'بڕۆنە دەرەوە'ـی بۆ هاندەرانی ئاتلێتیکۆ مەدرید کرد، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی لە قۆناخی داهاتوودا تیپەکەیان دەچێتە دەرەوە.
بڕیارە ئاتلێتیکۆ مەدرید لە نیوەی کۆتاییدا رووبەڕووی براوەی یاریی نێوان ئارسیناڵ و سپۆرتینگ لیسبۆن ببێتەوە.
ئەگەری دوو سزا
لە لایەکی دیکەوە یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا 'یوفا' لێکۆڵینەوە لە لێدوانەکانی یاریزانەکەی بارسێلۆنا دەکات کە تێیدا باسی لە 'یارییەکی دزراو' کردووە، جگە لەو ئاماژانەی بەرامبەر هاندەران ئەنجامی داوە، وەک ئەوەی رۆژنامەی ئەی ئێس ئاماژەی پێداوە.
یوفا چەندین جار ئەوەی نیشانداوە کە وردەکاریی هەموو ئەو شتانە دەخوێنێتەوە کە لە ناوەوە و دەرەوەی یاریگا روودەدەن. یارییەکەی ئاتلێتیکۆ و بارسێلۆناش بێبەری نابێت لەمە، ئەمەش وایکردووە بەشداریکردنی رافینیا لە سەرەتای وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ بکەوێتە ژێر گومانەوە.
پێشتر نەیمار سزایەکی هاوشێوەی بەسەردا سەپێنرابوو، کە دوای لێدوانێکی لەو شێوەیە بۆ 3 یاری راگیرا. هەروەها یوفا زۆر جەخت لەسەر رێزگرتن لە ناوبژیوانان دەکاتەوە، نەک تەنیا لە کاتی یارییەکاندا. هەروەها ئاماژەکانی رافینیا بەرامبەر هاندەران جێگەی رەزامەندی نەبوون، بەتایبەتی کە ئەو لە لیستی یارییەکەدا نەبووە.
یاریزانانی وەک رودیگێر، ئێمباپێ و سیبایۆس لە وەرزی رابردوودا بەهۆی رەفتارەکانیان بەرامبەر هاندەران دوای دوورخستنەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لەسەر دەستی ریال مەدرید، لەلایەن یوفاوە سزادرابوون.
|