دوو پەیام لە لاپۆرتاوە بۆ ناوبژیوانانی ئیسپانیا و مێسی

2   کاتژمێر پێش ئێستا  48 جار خوێنراوەتەوە

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی یانەی بارسێلۆنا کۆمەڵێک پەیامی بەهێزی ئاراستە کرد لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ شاری جیرۆنا بەمەبەستی ناساندنی پڕۆژەی هەڵبژاردنەکەی بۆ گەڕانەوە بۆ سەرۆکایەتی یانەی بارسێلۆنا، کە تیایاندا مژدەی پلانی وەرزشی و کارگێڕیی خۆی ئاشکرا کرد و ئەرکە لەپێشینەکانی قۆناخی داهاتووی یانەکەی دیاری کرد.
 
بەرگریکردن لە بارسێلۆنا
 
لاپۆرتا هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی هەڵبژاردنەکەی خستەڕوو کە دروشمی 'بەرگریکردن لە بارسێلۆنا'ـی هەڵگرتووە، جەختی کردەوە کە قۆناخی داهاتوو پێویستی بە "کارگێڕییەکی بەهێز هەیە کە توانای پاراستنی یانەکەی هەبێت لەڕووی وەرزشی و دامەزراوەییەوە"، هەروەها رووبەڕووبوونەوەی ئەوەی کە بە 'گوشارە دەرەکییەکان' ناویبرد، کە وەکخۆی گوتی لە کاتە سەختەکاندا دەوری تیپەکەیان داوە.
 
سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی بارسێلۆنا روونیکردەوە کە ئامانجی سەرەکی ئەو، گەڕانەوەی بارسێلۆنایە بۆ شوێنی سروشتی خۆی وەک هێزێکی گەورە لە ئیسپانیا و ئەورووپا، لەڕێگەی پڕۆژەیەکی درێژخایەن کە لەسەر بنەمای سەقامگیریی کارگێڕی و وەرزشی بێت.
 
نرخی بلیتەکان و بەڵێن بۆ هاندەران
 
لاپۆرتا دڵنیایی دایە هاندەرانی بارسێلۆنا سەبارەت بە نرخی بلیتەکان، و گوتی یانەکە بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی مێژوویی خۆی بۆ هێشتنەوەی کەمترین نرخی گونجاو بە بەراورد بە یانە گەورەکانی دیکە. جەختی کردەوە کە ئەندامانی یانەکە هەمیشە داشکاندنی تایبەتیان بۆ دەکرێت، چونکە پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ هاندەران بەشێکی سەرەکییە لە ناسنامەی کۆمەڵایەتی بارسێلۆنا.
 
لاماسیا لە دڵی پڕۆژە وەرزشییەکەدا
 
لاپۆرتا دوپاتیکردەوە کە پڕۆژە وەرزشییەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتبەستن بە ئەکادیمیای  لاماسیا وەک بڕبڕەی پشتی یانەکە و روونیکردەوە کە سیاسەتی کارگێڕیی ئەوان لەسەر ئەوە دەبێت کە هەر شوێنێک پێویستی بە پاڵپشتی بێت، سەرەتا سەیری ناو یانەکە دەکرێت پێش ئەوەی لە دەرەوە بگەڕێن.
 
ئەوەشی زیادکرد کە کارگێڕیی هونەری چەند شوێنێکی دیاری کردووە کە ئێستا یاریزان بەرهەم ناهێنن، و لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە راکێشانی یاریزانی گەنج بۆ ئەوەی لە ناو ئەکادیمیاکەدا پێبگەن، بەئامانجی پاراستنی بەردەوامیی یانەکە لەڕووی ئابووری و وەرزشییەوە.
 
هێرشێکی تووند بۆ سەر ناوبژیوانان
 
خوان لاپۆرتا بە لێدوانە ئاگرینەکانی دەربارەی ناوبژیوانی لە ئیسپانیا، هەرایەکی گەورەی نایەوە و جەختی کردەوە کە خەریکە هەست بە 'جوڵە و ریتمێکی سەیر' دەکات کە دژی بارسێلۆنا دووبارە دەبێتەوە کاتێک ئاستی تیپەکە دادەبەزێت.
 
ئەو لەو بارەیەوە گوتی "یانەکە پەیامێکی فەرمی ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا کردووە سەبارەت بە هەندێک بڕیاری کۆتایی ناوبژیوانان"، هەروەها گوتی "هەندێک ناوبژیوانی دیاریکراو هەن، هەرکاتێک یارییەکانمان بەڕێوەدەبەن بەردەوام زیانمان پێ دەگەیێنن، ئەمە بووەتە راستییەک کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت".
 
هەروەها گوتیشی "کاتێک ئێمە لە قۆناخی پاشەکشەداین، هەوڵ دەدەن لەناومان ببەن، بەڵام کاتێک کەسانی دیکە (مەبەستی ریال مەدریدە) لە هەمان دۆخدان، هاوکاری دەکرێن، ئەمە کارێکی زۆر روونە".
 
دۆسێیەی مێسی.. پەیکەر و یاریی ماڵئاوایی
 
لاپۆرتا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دیدگای خۆی لەسەر لیۆنێل مێسی ئەفسانەی بارسێلۆنا ئاشکراکرد ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوێت، و گوتی "ئەو ئەستێرە ئەرجەنتینییە شایەنی رێزلێنانێکە کە لە ئاستی مێژووەکەی بێت لەگەڵ یانەکە".
 
هەروەها وتی "وەک کوبالا و کرۆیف، مێسی شایەنی پەیکەرێک و یارییەکی فەرمی ماڵئاواییە کاتێک کاتەکەی گونجاو بێت، ئەوەی ئەو پێشکەشی بارسێلۆنای کردووە ناتوانرێت فەرامۆش بکرێت".
 
هەروەها روونی کردەوە کە مێسی تاوەکو ساڵی 2028 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی ئێستای هەیە، و هەر رێزلێنانێک دەبێت بە رەزامەندی و هەماهەنگی تەواو لەگەڵ یاریزانەکە ئەنجام بدرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە