لە ئەمریکا، مێسی یەکەم نییە

2   کاتژمێر پێش ئێستا  49 جار خوێنراوەتەوە

وێڕای ئەوەی بەناوبانگترین وەرزشوانی جیهانە، بەڵام لیۆنێل مێسی ئەستێرەی یانەی ئینتەر مەیامیی ئەمریکی، لە ئەمریکا یەکەم نییە.
 
بابەتەکە پەیوەندی بەریزبەندی مووچەی وەرزشوانانەوە هەیە. مێسی ئەگەرچی گۆڕانکاریی گەورەی لە ئەمریکا و تێڕوانینی جەماوەر لەو وڵاتە بۆ تۆپی پێ دروستکردووە، بەڵام هێشتا زۆری ماوە بە وەرزشوانانی یارییە جیاوازەکانی ئەمریکا بگاتەوە، لە رووی مووچە و داهاتەوە.
 
ماڵپەری 'سپۆرتراک' لە نوێترین زانیاریدا لەبارەی مووچەی یاریزانانەوە بەپێی ناوبانگ و کاریگەرییان لە ئەمریکا، ئاشکرایکردووە، مووچەی مێسی لە زۆر ئەستێرەی دیکەی وەرزش لە ئەمریکا کەمترە.
 
خولی باسکەی ئەمریکای ناسراو بە 'ئێن بی ئەی' هێشتا لە ئەمریکا سەرچاوەی یەکەمی پارە و ئەستێرەیە. جایسۆن تاتۆمی یاریزانی بۆستن سێلتیکس، پێشەنگی خاوەن زۆرترین مووچەی لە یاریزانانی خولەکەدا هەیە و ساڵانە 62،8 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت. ئەو پێش زەبەلاحەکانی وەک یانیس ئانتیتۆکۆنمبۆ و ئانتۆنی دەیڤس کەوتووە کە 58.5 ملیۆن دۆلار وەردەگرن.
 
ئەو ژمارانە رەنگدانەوەی هێزی توانای دانوستاندن و بەدەستهێنانی زۆرترین مووچە لە خولێکدا پێشاندەدات کە بنمیچی مووچە تێیدا، بەخێراییەکی سەرسوڕهێنەر، بەرەو سەر دەڕوات.
 
خولی تۆپی پێی ئەمریکی، 'ئێن ئێف ئێڵ'، خاوەنی نازناوی وەرزشی هەرەباڵای قازانج بەدەستهێنە لە ئەمریکا. 
 
لەو یارییەدا، داک پرێسکۆتی ناوەڕاستکاری یانەی دالاس کاوبۆیز، خاوەنی زۆرترین مووچەیە کە 60 ملیۆن لە ساڵێکدا، لە کاتێکدا ئەستێرەکانی دیکەی وەک جۆش ئالێن و جۆ بۆرۆ مووچەیان 55 ملیۆن دۆلارە.
 
لە ئەمریکا، سەرکەوتن لە بواری وەرزشدا، چەندە پەیوەندی بە سەرکەوتن لە یاریگەدا هەیە، ئەوەندەش توانای پێشەوایەتیکردنی تیپ لە رووی بازرگانی و هونەرییەوە، گرنگە.
 
سێیەم خولی خاوەن کاریگەریی ئابووری لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، خولی بەیسبۆڵە کە تێیدا شۆهی ئۆناتی، بوومەلەرزەی لە ئابووریی خولەکەدا دروستکرد، کاتێک مووچەکەی بووە 70 ملیۆن دۆلاری ساڵانە و ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەییە لە رەنگدانەوەی بەهای بازرگانیی خولەکە.
 
لە نێو ئەو ریزبەندییەدا، خولی تۆپی پێی ئەمریکا، ناسراو بە 'ئێم ئێس ئێڵ' لە پلەیەکی زۆر نزمتر لەوانیدیکە دێت. 
 
مێسی ئەگەرچی بەناوبانگترینی جیهانە، بەڵام مووچەکەی تەنیا 20،4 ملیۆن دۆلاری ساڵانەیە و لە ژێرەوەی پەیکەربەندیی بەرزترین مووچەی وەرزشوانانی وڵاتەکە دێت.
 
ریزبەندی بەرزترین مووچەکانی وەرزشوانان..
 
شۆهی ئۆتانی (بەیسبۆڵ) 70 ملیۆن دۆلار.
جایسۆن تاتوم (باسکە) 62،8 ملیۆن دۆلار.
داک پریسکۆت (تۆپی پێی ئەمریکی) 60 ملیۆن دۆلار.
لیۆنێل مێسی (تۆپی پێ) 20،4 ملیۆن دۆلار.
لیۆن درایستێل (هۆکی) 14 ملیۆن دۆلار.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە