ڤینیسیۆس، ریال مەدرید شۆک دەکات
2 کاتژمێر پێش ئێستا
20 جار خوێنراوەتەوە
ڤینیسیۆس جۆنیۆر بەنهێنی دانوستاندن لەگەڵ دوژمنە سەرسەختەکەی ریال مەدرید دەکات و دەیەوێت بەقورسی تۆڵە لە یانەی شاهانە بکاتەوە، ئەمە بەپێ چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا.
دوایین پەرەسەندنەکان ئەوە دەردەخەن کە دۆخی ڤینيسيۆس جۆنیۆر لە ریال مەدرید ناجێگیرە، دوای گۆڕینی لە یاریی کلاسیکۆدا بەرامبەر بارسێلۆنا لە یەکشەممەی رابردوو، کە تێیدا گرژییەکانی نێوان ئەو و راهێنەرەکەی، چابی ئەلۆنسۆ تەقینەوە و ئەمەش پرسیاری لەسەر مانەوەی لە تیپەکەدا دروستکردووە.
بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی نزیک لە یانەکەی پایتەخت، سەرەڕای ئەوەی ڤینیسیۆس دواتر داوای لێبوردنی کرد و ئەلۆنسۆش رایگەیاند کە دۆسێیەی ڤینی داخراوە و هیچ کێشەیەک نەماوە، تەنانەت ڤینیسیۆس دواتر بەشداری لە یارییەکەی ڤالێنسیاش کردەوە، بەڵام هێشتا کێشەکە لە رەگەوە چارەسەر نەکراوە و یاریزانە بەرازیلییەکەی هێشتا تووڕەیە و بەنیازی تۆڵەسەندنەوەیە.
لەم چوارچێوەیەدا، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڤینيسيۆس دەستی بە دانوستاندندن کردووە لەگەڵ یەکێک لە رکابەرە بەهێزەکانی ریال مەدرید لەسەر ئاستی ئەورووپا، کە ئەویش پاریس سانجێرمانی فەرەنسییە، کە پێدەچێت یانە فەرەنسییەکە بە سەرۆکایەتی ناسر خلێفی و راهێنەرەکەی لویس ئێنریکی ئامادەبن پێشوازی لە باڵی بەرازیلی بکەن، بەتایبەتی دوای ئەوەی ریال مەدرید، کیلیان ئێمباپێی لێبردن، لە گرێبەستێکی چاوەڕواننەکراودا پێش دوو وەرز، کە ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لە پاریس لێکەوتەوە.
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، ڤینی دەیەوێت بچێتە پاریس و تەنانەت ئەگەر ریال مەدرید رێگریش بێت، گرێبەستەکەی نوێناکاتەوە بۆ ئەوەی ساڵی دواتر بەبێبەرامبەر ریال مەدرید جێبهێڵێت.
سەبارەت بە داهاتووی ڤینيسيۆس، گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید تاوەکو ساڵی 2027 درێژدەبێتەوە، واتا ناتوانێت یانەکە جێبهێڵێت مەگەر دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لە هاوینی 2027 و بەشێوەی بێبەرامبەر، یان ئەگەر لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا رێککەوتنێک بکرێت، بەڵام لە حاڵەتی شکستی دانوستاندنەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیدا، پێشبینی دەکرێت ریال مەدرید لە گواستنەوەی داهاتوودا بیخاتە بازاڕی گواستنەوەکانەوە، بۆ ئەوەی لە ساڵی دواتردا بەبێ بەرامبەر لەدەستی نەدات.
|