دوای 49 ساڵ.. پاڵەوانێتیی کراوەی گۆڵفی عێراق لە هەولێر بەڕێوەچوو
2 کاتژمێر پێش ئێستا
17 جار خوێنراوەتەوە
دوای دابڕانێکی 49 ساڵە، 50یەمین پاڵەوانێتیی کراوەی گۆڵفی عێراق لە یاریگەی نێودەوڵەتیی ئەربیل هیڵز لە شاری هەولێر دەستیپێکرد. فیدراسیۆنی گۆڵفی عێراق رایگەیاند، بڕیاریان داوە مێژووی پاڵەوانێتییەکە زیندوو بکەنەوە و درێژە بە زنجیرەکەی بدەن کە لە ساڵی 1976ـەوە وەستابوو.
مێژووی یاریی گۆڵف لە عێراقدا بۆ ساڵی 1921 دەگەڕێتەوە و تاوەکو ساڵی 1976 بەشێوەیەکی بەردەوام بەڕێوەچووە، تەنیا لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا بۆ ماوەیەک وەستاوە. تاوەکو ساڵانی حەفتاکان، نزیکەی 9 یاریگەی گۆڵف لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا هەبوون، بەڵام دوای بەنیشتمانیکردنی نەوت، دەرچوونی کۆمپانیا بیانییەکان و زنجیرەیەک جەنگ و ململانێ، یارییەکە و یاریگەکانی پەراوێز خران.
لە پاڵەوانێتییەکەی هەولێردا، 36 یاریزان لە زیاتر لە 10 یانەی وەرزشی و بەشداربووی سەربەخۆ لەسەر ئاستی ژنان، پیاوان، لاوان و منداڵان بەشدارییان کرد. یانە بەشداربووەکان بریتی بوون لە یانەکانی میساق، عانا، حوسێن، تاف و بیلادی، هەروەها ژمارەیەک یاریزانی عێراقیی دانیشتووی دەرەوەی وڵاتیش بەشداربوون.
پاڵەوانێتییەکە لەسەر 18 چاڵ بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی و بە رێکخستنی کۆمپانیای IMG بەڕێوەچوو، کە کۆمپانیایەکی پێشەنگە لە رێکخستنی رووداوەکانی تایبەت بە یاریی گۆڵف.
یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی ئەم پاڵەوانێتییە، بەدەستهێنانی پۆلینی "واگر" (WAGR - World Amateur Golf Ranking) بوو، کە بەرزترین پۆلینە بۆ پاڵەوانێتییەکانی گۆڵف لە جیهاندا. بەپێی ئەم پۆلینە، براوەی پاڵەوانێتییەکە دەچێتە نێو ریزبەندیی جیهانییەوە و ئەوەش دەسەلمێنێت کە یاریگەی ئەربیل هێڵز ئامادەیە بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتی، کیشوەری و هەرێمییەکان.
حامید حەنوون، سەرۆکی فیدراسیۆنی گۆڵفی عێراق وتی "هەوڵێکی زۆر درا بۆ کردنەوەی 50یەمین پاڵەوانێتیی کراوەی گۆڵفی عێراق. مێژووی گۆڵفی عێراق پڕە لە پاڵەوانێتی، دوایین پاڵەوانێتیش 49یەمین بوو، بۆیە بڕیارماندا درێژە بەوە بدەین کە گۆڵفی عێراق پێیگەیشتووە و مێژووەکەی زیندوو بکەینەوە".
سەرۆکی فیدراسیۆنی گۆڵفی عێراق روونیکردەوە، بەدەستهێنانی پۆلینی ریزبەندیی جیهانی بۆ یاریزانە تازەکان کارێکی ئاسان نەبووە و گوتی "ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان و یاریزانە پیشەگەرەکان ئارەزوویان دەکرد بەشداری بکەن، بەڵام ئێمە بە یەکەم پاڵەوانێتیی خۆمانمان دانا بۆ تاقیکردنەوەی تواناکانمان لە رێکخستندا".
سەبارەت بە بەردەوامیی پاڵەوانێتییەکە و پلانەکانی داهاتوو، حامید حەنوون وتی "ئەم پاڵەوانێتییە ساڵانە دەبێت و ساڵی داهاتوو لە هەمان بەرواردا ئەنجام دەدرێتەوە. کاردەکەین بۆ ئەوەی بیخەینە نێو ئەجێندای فیدراسیۆنی گۆڵفی عەرەبی و زنجیرە پاڵەوانێتییەکانی گەشتی ئاسیایی". ئاماژەی بەوەشکرد "داوامان لە چەندین دامەزراوە کردووە بۆ وەرگرتنی زەوی لە بەغدا، بەڵام برایان لە ئەربیل هیڵز زۆر هاوکار بوون. بیرۆکەی داهاتوومان دروستکردنی سەنتەرێکی راهێنانە لە هەولێر بۆ راکێشانی یاریزانان و ئامادەکردنیان بۆ ئەوەی ببنە ناوکی داهاتووی یارییەکە لە عێراق".
فیدراسیۆنی گۆڵفی عێراق سوپاسی هەموو ئەو لایەنە حکومییانەی کرد کە رێکارەکانیان ئاسان کردووە، هەروەها سوپاسی یانەی ئەربیل هیڵزی کرد بۆ هاوئاهەنگی، رەخساندنی دەرفەت و زیندووکردنەوەی یارییەکە لەڕێگەی دروستکردنی "ئەم نیشانە جوان و نایابە لە پارێزگای هەولێر".
یاریگای گۆڵفی ئەربیل هیڵز، یەکەمین یاریگای پاڵەوانێتیی گۆڵفە لەسەر ئاستی عێراق کە بە ستانداردی جیهانی دروست کراوە و لە 18 قۆناغ پێکدێت.
بەپێی زانیارییەکان، یاریگاکە لەلایەن کۆمپانیای (Dye Designs) دیزاین کراوە، کە کۆمپانیایەکی بەناوبانگی جیهانییە لە بواری دیزاینکردنی یاریگاکانی گۆڵف و لەلایەن پێری دای، کوڕی پیت دای، دامەزرێنەری کۆمپانیاکە، سەرپەرشتی کراوە.
ئەم یاریگایە بەشێکە لە پڕۆژەی گەشتیاری و نیشتەجێبوونی ئەربیل هیڵز کە دەکەوێتە شاری هەولێر. پڕۆژەکە جگە لە یاریگای گۆڵف، چەندین ڤێلا، شوقە، و ناوەندی بازرگانی و خزمەتگوزاریی دیکەش لەخۆدەگرێت و بە یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی پایتەختی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
|