ریال مەدرید گەیشتە قۆناغی 8ی مۆندیالی یانەکان
12 کاتژمێر پێش ئێستا
91 جار خوێنراوەتەوە
یانەی ریال مەدرید دوای بردنەوەی لە یوڤێنتوس بە ئەنجامی 1-0، گەیشتە قۆناغی 8ی مۆندیالی یانەکان.
ریال مەدرید لە یارییەکی ئاگرینی قۆناخی 16ی مۆندیالی یانەکان، رووبەڕووی یانەی یوڤێنتوس بووەوە و چاوی لەوە بوو یانە ئیتاڵییەکە ببەزێنێت و بگاتە قۆناغی داهاتوو.
یانەی یوڤێنتوس لە سەرەتاوە بەشێوەیەکی بەهێز دەرکەوت، هێرشەکانی ئەو یانەیە بە بۆ گۆڵی ریال مەدرید بەردەوامبوون، بەڵام کۆلۆ موانێ و هاوڕێیانی سەرکەوتوو نەبوون لە تۆمارکردنی گۆڵی یەکەم.
لەدوای خولەکی 15ەوە، یانەی ریال مەدرید بەتەواوی کۆنترۆڵی یارییەکەی کرد و هێرشەکانی دەستپێکرد، بەردەوامبوون لە هەوڵدان بۆ گۆڵکردن، بەڵام دی گریگۆریۆ، گۆڵپارێزی یوڤێنتوس وەک دیوارێکی پۆڵایین لەبەردەم هێرشەکانیان وەستابوو و رێگەی نەدا گۆڵی یەکەم تۆماربکەن و نیوەی یەکەم بە ئەنجامی 0-0 کۆتاییهات.
لە نیوەی دووەمدا، هێرشەکانی ریال مەدرید بەردەوامبوون و ئەمجارە ئەنجامیان هەبوو، ئارنۆڵد تۆپێکی بەرزی ئاراستەی ناوچەی سزا کرد و گۆنزالۆ گارسیا بە لێدانێکی سەری نایاب، گۆڵی یەکەمی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد.
هێرشەکانی ریال مەدرید لەگەڵ تێپەڕبوونی کات چڕتر دەبوون، بەڵام هەموو هێرشەکان یەک وەڵامیان هەبوو، ئەویش دەست و قاچەکانی گۆڵپارێزی یوڤێنتوس بوو، سەرەڕای بەشداریکردنی ئێمباپێش، یانەی شاهانە نەیتوانی ئەنجامەکە زیاتر بکات و یارییەکە بە ئەنجامی 1-0 کۆتاییهات.
فێدریکۆ ڤالڤێردی وەک باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا.
بەو ئەنجامە، یانەی ریال مەدرید گەیشتە قۆناغی 8ی مۆندیالی یانەکان و چاوەڕێی براوەی یاریی نێوان بۆرووسیا دۆرتموند و مۆنتێری دەکات.
یانەکانی پاڵمێراس، چێڵسی، بایرن میونشن، هیلال، فلومینێنسی، پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید گەیشتنیان بە قۆناغی 8 مسۆگەر کردووە.
|