دەرمانێکی نوێ بۆ چارەسەری ڕۆماتیزم دۆزرایەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
34 جار خوێنراوەتەوە
توێژینەوەیەکی نوێی زانستی لە ئیسپانیا ئاشکرای کردووە دەرمانی “ئەباتاسێپت” (Abatacept) دەتوانێت بە ڕێژەیەکی بەرچاو مەترسیی پەرەسەندنی نەخۆشیی “هەوکردنی جومگەکانی ڕۆماتیزم” (Rheumatoid Arthritis) لەو کەسانەدا کەم بکاتەوە کە تووشبووی ڕۆماتیزمی قۆناغی سەرەتایی (نۆبەداری)ن.
توێژینەوەکە ماوەی دوو ساڵی خایاندووە و 70 نەخۆش لە 14 نەخۆشخانەی جیاوازی ئیسپانیا بەشدارییان تێدا کردووە. تیمە توێژەرەکان کاریگەریی دەرمانی “ئەباتاسێپت”-یان بەراورد کردووە لەگەڵ دەرمانی “هیدڕۆکسی کلۆرۆکوین” کە بەشێوەیەکی باو بۆ چارەسەری نەخۆشانی ڕۆماتیزمی نۆبەداری بەکاردێت.
نەخۆشیی ڕۆماتیزمی نۆبەداری بە نۆبەی دەورەیی ئازار و هەوکردنی جومگەکان جیادەکرێتەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات لەلای زۆرێک لە نەخۆشان پەرە دەسێنێت بۆ “هەوکردنی جومگەکانی ڕۆماتیزم” کە دەبێتە هۆی زیانێکی هەمیشەیی بە جومگەکان.
دەرەنجامی توێژینەوەکە نیشانیدا کە تەنها 20%ی ئەو نەخۆشانەی “ئەباتاسێپت”-یان وەرگرتووە، نەخۆشییەکەیان پەرەی سەندووە بۆ هەوکردنی جومگەکانی ڕۆماتیزم، لە کاتێکدا ئەو ڕێژەیە لەو نەخۆشانەی “هیدڕۆکسی کلۆرۆکوین”-یان بەکارهێناوە گەیشتووەتە 50%. هەروەها ئەو بەشدارانەی “ئەباتاسێپت”-یان وەرگرتووە، نۆبەی ئازاری کەمتر و نیشانەی سووکتربوونی نەخۆشییەکەیان تێدا بەدی کراوە.
توێژەران جەختیان لەوە کردەوە کە دەستێوەردانی خێرا و چارەسەری پێشوەختە لە سەرەتای دەرکەوتنی نەخۆشییەکەدا، دەتوانێت ڕێڕەوی نەخۆشییەکە بگۆڕێت و ڕێگری لە پەرەسەندنی بۆ دۆخێکی مەترسیدارتر بکات.
جێگەی باسە، “ئەباتاسێپت” دەرمانێکی بایۆلۆجییە و وەک پڕۆتینێکی دەستکرد کاردەکات بۆ هێورکردنەوەی چالاکیی زیادەی سیستەمی بەرگریی لەش، بەمەش ئازار، ئاوسان و زیانگەیاندن بە جومگەکان کەم دەکاتەوە.
|