بالوكە چەند جۆری هەیە و چۆن چارەسەری بكەین؟

10   کاتژمێر پێش ئێستا  70 جار خوێنراوەتەوە

پزیشكێکی پسپۆڕی پێست دەڵێت: بریتییە لە گەشەی ناشێرپەنجەیی پێست، کە بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤ (HPV) درووست دەبێت، بە تایبەتی لە منداڵان و نەخۆشانی بەرگری لاوازدا زۆرن.

د. هەڵكەوت باباڕەسول، پزیشكی پسپۆڕی پێست و چارەسەر بە لەیزەر لە نووسینێكدا ئاماژە بە جۆرەكانی بالوكە و چۆنییەتی چارەسەركردنی دەكات.

دەقی نووسینەكەی :-

بالوکە: بریتییە لە گەشەی ناشێرپەنجەیی پێست، کە بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی پاپیلۆمای مرۆڤ (HPV) درووست دەبێت، بە تایبەتی لە منداڵان و نەخۆشانی بەرگری لاوازدا زۆرن.

جۆرەکانی بالوکە:

یەكەم- بالوکەی ئاسایی، ئەم جۆرە لە هەمووی باوترە، کە شێوەیان ڕەق و پتەو و ڕووکار زبرن، زۆرجار لە شێوەی قوبەدان، هەندێک جار خاڵی ڕەشیان تێدایە (موولوولەکانن، کە خوێنیان تێدا مەیووە) بە زۆری لە پەنجەکانی دەست و قاچ ، ئەژنۆ و ئەنیشکدا هەن.

بالوکەی بنی پێ، بریتیە لە درووست بوونی ئەستوور و ڕەق لەسەر بنی پێ، لەوانەیە لە کاتی ڕۆیشتندا ئازاری هەبێت.

بالوکەی تەخت، دەرپەڕیووی ساف و سەر تەختن، وەکو ڕەنگی پێستی دەموچاو یان تۆختر. بە زۆری لە دەموچاو و پشتی دەستدا دەردەکەون.

بالوکەی باریکی لولەیی، شێوەیان درێژ و باریکن هاوشێوەی پەنجە، بە زۆری لە پێڵوی چاو، لێو و ملدا دەردەکەون.

بالوکەی مۆزایک، کۆمەڵە بالوکەیەکی بنی پێن، کە یەکدەگرن و بالوکەیەکی گەورە بە شیوەی خاڵی ڕەش ڕەش درووست دەکەن بە زۆری لە بنی پێدا هەن.

بالوکەی ئەندامی زاوزێ و کۆم، دەرپەڕیوی نەرم و هاوشێوەی کەلەرمن یان سافن، بە زۆری لە ناوچەی ئەندامی زاوزێ و کۆمدا دەردەکەون.

شێوازەکانی چارەسەر، زۆربەی بالوکەکان بێ زیانن و لەوانەیە لە ماوەی چەند مانگێک بۆ ساڵانێک لەخۆوە چاک ببنەوە و نەمێنن، بەتایبەتی لە منداڵاندا. ئامانجی چارەسەرکردن لابردنی بالوکەکەیە و هاندانی سیستەمی بەرگری جەستەیە دژی درووست بوونی بالوکەی تر.

چارەسەری ڕووکەشی، کە ڕاستەوخۆ دەدرێت لە بالوکەکان، وەکو ترشی سالیسیلیک (١٠-٢٠%) ، ترشی لاکتیک و یوریا، ڕێتینۆیدەکان.

ماددەی ئیمیکویمۆد، بەتایبەت بۆ بالوکەی کۆئەندامی زاوزێ، چارەسەر بە سارد بە شێوەی بەستن freezing  : بەستن بە نایترۆجینی شل؛ هەر ٢-٣ هەفتە جارێک دووبارە  دەکرێتەوە، سووتاندنی کارەبایی و هەڵکۆڵین بە شێوەی نەشتەرگەری بچووک، چارەسەر بە لەیزەر.

ئامۆژگاری گشتی: دوور کەوتنەوە لە دەست لێدان و بریندارکردنی بالوکەکان بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوە.

پێست بە شێداری هێشتنەوە، بەکارهێنانی ڤاکسینی دژە بالوکە


   ئەمانەش بخوێنەرەوە