داخستنی گەروی هورموز ئابووری عێراق چی لێدەکات؟

12   کاتژمێر پێش ئێستا  49 جار خوێنراوەتەوە

بەهۆی بەردەوامی جەنگی ئێران و ئیسرائیل بژاردەی داخستنی گەرووی هورموز هاتوەتە ئاراوە و لە ئەگەری داخستنیدا ئابووری عێراق هەرەس دەهێنێت.

لە شەوی رابردووە ئێران هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر تەلئەبیب دەست پێ کردووە، بەجۆرێک لە مێژووی دروستبوونی ئیسرائیل هێرشی هاوشێوەی نەکراوەتە سەر.

بەهێزی وەڵامدانەوەی ئێرانییەکان ئاگری شەڕەکەی گەرمتر کردووە هەردوولا پەنا بۆ کارتی جیاواز دژی یەکتر دەبەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران کشانەوەی وڵاتەکەی لە گفتوگۆکانی تایبەت بە دۆسیەی ئەتۆمی تاران راگەیاند و بەشداری لە کۆبوونەوەی تایبەت بەو پرسە ناکات.

هاوکات لە میدیاکانی ئێرانەوە زانیاری ئەوە بڵاودەبێتەوە کە تاوتوێی بژاردەی داخستنی گەرووی هورموز دەکەن.

بە داخستنی گەرووی هورموز ئابووری جیهان رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، نرخی نەوت بۆ سەر و ٢٠٠ دۆلار بەرز دەبێتەوە.

بەپێی دوایین ئامارەکانی دەزگای زانیاریی وزەی ئەمریکا ڕۆژانە نزیکەی ٢١ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی تر بە گەرووی هورموزدا تێدەپەڕن.

ئەم بڕە نزیکەی ٢١٪ی کۆی بەکاربردنی نەوتی جیهان پێکدەهێنێت.

گەرووی هورموز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە. 

زۆربەی وڵاتانی کەنداو وەک سعودیە، عێراق، ئیمارات، کوێت و ئێران پشتی پێ دەبەستن بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەیان.

بۆیە هەر جۆرە ناسەقامگیرییەک لەم ناوچەیەدا دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بازاڕەکانی وزەی جیهان هەبێت.

عێراق دەبێتە یەکەم قوربانی داخستنی گەرووەکە، بەو پێیەی بە نزیکەیی تەواوی ئابوورییەکەی لەسەر هەناردەکردنی نەوت وەستاوە.

بە داخستنی گەرووی هورموز رێژەی هەناردەکردنی نەوت سفر دەبێتەوە و بەوەش قەیرانێکی سامناک رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە.

تاکە بژاردە بۆ عێراق لە ئەگەری داخستنی گەرووەکە، رەوانەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ نەوتی کەرکووک کە پێکەوە نزیکەی ٦٥٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە پێک دەهێنن.


بەڵام بەهۆی کێشەکانی بەغدا و هەولێر دەستکردنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێم هەروا بە ئاسانی روو نادات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە