عێراق سزای زیندانیی هەتاهەتایی بۆ 8 هاووڵاتیی فەرەنسی دەرکرد

11   خولەک پێش ئێستا  31 جار خوێنراوەتەوە

دادگای تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا، سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر هەشت هاووڵاتیی فەرەنسیدا سەپاند بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە دا*عش. هاوکات سزای 15 ساڵ زیندانی بۆ دوو کەسی دیکە دەرکرد و بڕیاریدا دادگاییکردنی 10 تۆمەتباری دیکە بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت.

بڕیارەکان بەگوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە 13ـی ساڵی 2005 دەرکراون و هۆکارەکانی سووککردنی سزا لەبەرچاو گیراون، بۆ ئەوەی تاوانباران لە سزای لەسێدارەدان بەدوور بن. هاوکات دانیشتنەکانی دادگا بە ئامادەبوونی پارێزەرانی بەرگریکار و نوێنەرانی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بەغدا بەڕێوەچوون.

لەلایەکی دیکەوە، پاریس پێداگری لەسەر هەڵوێستەکەی دەکاتەوە، کە دەبێت هاووڵاتییەکانی لەو وڵاتانە دادگایی بکرێن کە تاوانەکانیان تێدا ئەنجامداوە، بەو مەرجەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ نەکرێت.

ئەم بڕیارانە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک دانیشتنی یەکبەدوایەکی دادگاییکردنی 47 دەستگیرکراوی فەرەنسیدا دێن، کە ساڵی رابردوو لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ زیندانەکانی عێراق گواسترانەوە. بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی لەو کۆمەڵەیەدا سزایان بەسەردا سەپێنراوە گەیشتە 26 کەس، دوای ئەوەی لە دانیشتنەکانی مانگەکانی ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، سزای زیندانیی هەتاهەتایی بۆ 15 فەرەنسی و سزای 15 ساڵ زیندانی بۆ تۆمەتبارێکی دیکە دەرکرابوو.

دادگاییکردنەکان بەشێکن لە پرۆسەیەکی دادوەریی بەرفراوان، کە لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە بەڕێوەدەچێت. ئەمەش دوای ئەوە هات، بەغدا زیاتر لە 5,700 دەستگیرکراوی لە نزیکەی 60 نەتەوە و رەگەزنامەی جیاواز وەرگرت کە گومانی پەیوەندییان بە داعشەوە لێ دەکرێت، دوای ئەوەی لەو زیندانانەوە گواسترانەوە کە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەدەبران.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە