گومرگ و رسوماتی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی و هایبرێدی دیاری کرا
1 کاتژمێر پێش ئێستا
49 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێنماییەکی نوێی تایبەت بە مەرجەکانی سەلامەتی، گومرگ و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو دەرکرد و لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بە گوێرەی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، رێژەی وەرگرتنی گومرگ لە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بەمشێوەیە دەبێت:
لە رێنمایی ژمارە 14ـی ساڵی 2026 و بە نووسراوی ژمارە(26271/ ك) کە واژووی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی لەسەرە، هەمواری دووەمی رێنمایی مەرجەکانی سەلامەتی و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو ژمارە 14ـی ساڵی 2025 کراوە، ئەویش پاڵپشت بە کۆنووسی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دارایی و ئابووری/ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گومرگ لە رێکەوتی 14ـی تشرینی یەکەمی 2026.
لە ماددەی یەکەمی هەموارەکەدا، خاڵی11 لە بڕگەی دووەم لە ماددەی 7ـی رێنمایی ژمارە14ـی ساڵی 2025 هەڵوەشێنراوەتەوە و تێیدا هاتووە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە تەواو کارەبایین، واتا هیچ جۆرە بزوێنەرێکیان نییە کە بە سووتەمەنی وەک بەنزین، گاز، گازوائیل، هایدرۆجین یان هەر جۆرە سووتەمەنییەکی دیکە کاربکات، بە رێژەی 15% گومرگیان لێ وەردەگیرێت و تەنیا لە رسوماتی تابلۆ و ژینگە بەخشراون.
هەر بە گوێرەی هەموارەکە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە سیستەمی کارەبا و سووتەمەنی کاردەکەن و بزوێنەرێکی سووتەمەنییان تێدایە، بەڵام بزوێنەرەکە رۆڵی نییە لە جوڵاندنی ئۆتۆمبێلەکە و تەنیا بۆ بارگاویکردنی پاتری بەکاردێت، ئەوانیش بە هەمان شێوە بە رێژەی 15% گومرگیان لێ وەردەگیرێت، بەڵام بە رسوماتی ئۆتۆمبێلی چوار پستۆن تۆمار دەکرێن و گشت رسوماتی تایبەت بە تۆمارکردنیان لێ وەردەگیرێت.
سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی هایبرێد و میڵدهایبرێد کە بزوێنەریان هەیە و بە سووتەمەنی کاردەکەن لەگەڵ بوونی پاتری کارەبایی، لە نووسراوەکەدا روونکراوەتەوە کە ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بەگوێرەی پستۆن تۆمار دەکرێن و گشت رسوماتیان لێ وەردەگیرێت. لە ماددەی دووەمیشدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم رێنماییە لە رێکەوتی 1/1/2027 جێبەجێ دەکرێت و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.
|