قالیباف: لە دۆخی نەشەڕ نەئاشتی لەگەڵ ئەمریکا نامێنینەوە
31 خولەک پێش ئێستا
12 جار خوێنراوەتەوە
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە وتارێکیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە لە دانیشتنی پەرلەمانی ئێراندا پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند کە تاران لە دۆخی “نە شەڕ و نە ئاشتی”دا لەگەڵ ئەمریکا نامێنێتەوە و جەختی کردەوە کە بەپێی دەستکەوتەکانی هێزی ئاسمانی و مووشەکی و هەموو هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئەو وڵاتە بڕیاری داوە لە دۆخی ئێستادا بەردەوام نەبێت.
قالیباف لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ ئێران جیاوازی نییە ئەمریکا خوازیاری گفتوگۆ بێت یان شەڕ؛ چونکە بە وتەی ئەو، ئەگەر واشنتن حەوت مەرجە لۆژیکییەکانی تاران، کە بەرهەمی خۆڕاگری و تێکۆشانی گەلی ئێرانن، قبووڵ بکات، ڕێگای گەیشتن بە ڕێککەوتن دەکرێتەوە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هۆشداریشی دایە ئەمریکا کە ئەگەر جارێکی دیکە هەڵەیەک بکات، ئەوا شوێن و مەودای ڕووبەڕووبوونەوەکە بە توانایی و ئیرادەی هێزە چەکدارەکانی ئێران دیاری دەکرێت، نەک بە ویست و بڕیاری واشنتن. ئەو هەروەها ئاگاداری کردەوە کە شەڕێکی نوێ زیانەکانی تەنها سنووری ئێران نابڕێت و کاریگەرییەکانی دەکرێت دامێنگیری لایەنەکانی دیکەش ببێت.
قالیباف لەبارەی ئاشکراکردنی شارێکی نوێی مووشەکی ئێرانیش رایگەیاند: “ئەمە دەستکەوتێکی بەنرخە کە لە کاتی جەنگ و لەژێر ئاگری دوژمندا دروستکراوە.” سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختیکردەوە، ئەم دەستکەوتە تەنیا تەکنیکی و بەرگری نییە، بەڵکو هێمای گۆڕانی هاوکێشە ستراتیژییەکانی ناوچەکەیە.
|