دادگای فیدڕاڵی سکاڵاکەی یەکێتی و نەوەی نوێی دژی پەرلەمان ڕەتکردەوە

33   خولەک پێش ئێستا  12 جار خوێنراوەتەوە

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، داواکارییەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێی بۆ دەرکردنی فەرمانی وەلائی بە ئامانجی راگرتنی کاروباری پەرلەمانی کوردستان رەت کردەوە.

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵای هەریەک لە یەکێتی و نەوەی نوێی لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ کرد و بە کۆی دەنگ رەتیکردەوە فەرمانی وەلائی بۆ وەستاندنی پرۆسەکە دەربکات. 

ئەو دوو لایەنە لە رێگەی سکاڵاکانیانەوە داوایان کردبوو پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان رابگیرێت، بەڵام دادگا بەبێ ئەوەی هیچ رێکارێکی کاتی بۆ راگرتنی پرۆسەکە پەسەند بکات، رەتیکردووەتەوە فەرمانی وەلائی دەربکات.

هاوکات هەر ئەمڕۆ ، پارێزەر ئەیاد کاکەیی بە میدیای پارتی وتووە : دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، تاوتوێی دوو دۆسیەی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارێکی کارگێڕیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد. دۆسیەکان بە ژمارە (247/فیدراڵی/2026) و (251/فیدراڵی/2026) تۆمارکراون و تایبەتن بە بڕیاری ژمارە (3326)ـی ساڵی 1992ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.

لە دۆسیەی یەکەمدا کە لەلایەن، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی پێشکەشکراوە، داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە (3326)ـی رێکەوتی 24ـی تشرینی دووەمی 1992 دەکرێت. ئەو بڕیارە تایبەت بوو بە تاپۆکردنی سەرجەم موڵکەکانی حکوومەت لە هەرێمی کوردستان بەناوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە. داواکار داوای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم رێکارە یاساییەکانی ئەو بڕیارە و گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی موڵکەکان بۆ پێش دەرچوونی ئەو بڕیارە دەکات. لەم دۆسیەیەدا سکاڵاکە دژی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان تۆمارکرابوو، بەڵام دادگا هەردوو سکاڵاکەی رەتکردەوە.

رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2026 بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار پەرلەمانی کوردستان کارا کرایەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا، کە هەریەکە لە ڤاڵا فەرید بە 52 دەنگ بە سەرۆکی پەرلەمان و رامی نووری بە 52 دەنگ بە جێگری سەرۆکی پەرلەمان و مونا قەهوەچی بە 52 دەنگ بە سکرتێری پەرلەمان هەڵبژێردران.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە