بانکی ناوەندیی عێراق: نرخی نوێی دینار لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  200 جار خوێنراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق هۆکاری بەرزکردنەوەی بەهای دۆلاری ئاشکراکرد و رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران و بە پشتبەستن بە یاسای بانکی ناوەندی، بڕیاریان داوە گۆڕانکاری لە نرخی دۆلاردا بکەن بۆ ئەوەی گەشەپێدانی ئابووریی وڵات مسۆگەر بکەن.

بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی داوە، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە، نرخی کڕینی یەک دۆلار لە وەزارەتی دارایی بە 1500 دینار دەبێت، هەروەها نرخی فرۆشتنی دۆلار بە بانکەکان دەبێتە 1510 دینار و نرخی فرۆشتنی دۆلاری کاش بە هاووڵاتییانیش بە 1520 دینار دیاری کراوە.

بانکی ناوەندی هاووڵاتییان و کەرتە ئابوورییەکان دڵنیا دەکاتەوە، یەدەگی بیانیی عێراق زۆر بەهێزە و بە تەواوی توانای دابینکردنی داواکارییەکانی حەواڵەی دەرەکی، پڕکردنەوەی کارتی بانکی و پێدانی دۆلاری بە گەشتیاران هەیە بەبێ هیچ کۆتوبەندێک.

سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەم بڕیارە، بانکی ناوەندیی عێراق ئەوەی خستەڕوو، ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە هۆی پاڵپشتیکردنی پیشەسازی و بەرهەمی ناوخۆیی و رەخساندنی کێبڕکێیەکی دادپەروەرانە لە نێوان کاڵای عێراقی و کاڵای هاوردەکراودا. 

بەپێی راگەیەنراوەکە، ئەم هەنگاوە هاندەر دەبێت بۆ فراوانکردنی کارگەکان و رەخساندنی هەلی کاری نوێ بۆ گەنجان، بەمەش رێژەی بێکاری لە وڵاتدا کەم دەبێتەوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە