خاوەن بڕوانامە باڵاکانى هەرێم داوای دامەزراندن دەکەن

1     کاتژمێر پێش ئێستا  45 جار خوێنراوەتەوە

ئەمڕۆ لە نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی هەرێمى کوردستان هەڵگرانی بڕوانامە باڵا دانەمەزراوەکان یاداشتنامەیەکى ناڕەزایەتییان خوێندەوە و داواى دامەزراندیان کرد، یەکێک لە نوێنەرەکانیان وتى: ماوەى ١٨ ساڵە داواکاریی دامەزراندن پێشکەش دەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

عەبدول خدر نوێنەری خاوەن بڕوانامە باڵاکان ڕایگەیاند، ئێمە وەک هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای دانەمەزراوى ساڵانی ٢٠٠٨ تا ٢٠٢٦، ماوەى ١٨ ساڵە داواى دامەزراندن دەکەین و ئەم داواکارییە ئاڕاستەی بەرپرسانی پەیوەندیدار دەکەین، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

وتیشی: دوو داواکاری ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی خوێندنی باڵا و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، داواکاریی یەکەم لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ـى عێراقدا پلەی وەزیفی بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دانەمەزراوی هەرێم دیاری بکرێت، کە بڕی شایستەی دارایی دانەمەزراون کەمترە لە یەک ملیار دینار.

ئاماژەى بەوەشکرد، جگە لە هەرێمى کوردستان حکومەتی عێراق هەموو ساڵێک دامەزراندنی ئەنجام داوە، کە بەپێی یاسای ژمارە ٥٩ـى ساڵی ٢٠١٧ مافی دامەزراندنی پێ داون.

داواکاریی دووەم لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی داواکاریی یەکەممان، داواکارین لە حکومەتى هەرێم هەوڵ بدات بە گرێبەست لە وەزارەتی خوێندنی باڵا وەک مامۆستا دامانبنێت.

حکومەتى هەرێمى کوردستان بەشێکى زۆرى کەرتەکان بە تایبەتى کەرتى تەندروستى و پەروەردە بە خۆبەخش و گرێبەست بەڕێوەدەبات، هەزاران دەرچووى زانکۆ و خاوەن بڕوانامەی باڵا لەماڵەوەن و دانەمەزراون.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە