رێبەر ئەحمەد: پێویستمان بە هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەیە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
65 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرەڕای پەیوەندییە باشەکان لەگەڵ بەغدا، بەڵام هێرشە درۆنی و مووشەکییەکان جێگەی نیگەرانییە. سەبارەت بە هاوکارییەکانی ئەمریکاش بۆ پێشمەرگە، دڵنیایی دا، هیچ بڕیارێکی کۆتایی بۆ بڕینیان نەدراوە. ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕێی پەسەندکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا" لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەکەن.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە دۆخی ئەمنی، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" لە دەروازە سنوورییەکان.
وەزیری ناوخۆ جەختی لەوە کردەوە، پەیوەندییەکی بەردەوام و لەسەر هەموو ئاستەکان لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیدا هەیە. گوتیشی: "لە ئاستی هەردوو سەرۆکوەزیران، وەزیرەکان و لیژنە هاوبەشەکان پەیوەندییەکی ئەمنیی باشمان هەیە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، ئەو هێرشە درۆنی و مووشەکیانەن کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان."
رێبەر ئەحمەد ئاشکرای کرد، گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ بەغدا و هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە و بەرزکردنەوەی توانای بەرگریی هەرێمی کوردستان، چونکە وەک خۆی ئاماژەی پێدا، ئەو هێرشانە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و سەقامگیریی ناوچەکە هەیە.
سەبارەت بە دەنگۆی راگرتنی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، رێبەر ئەحمەد روونیکردەوە، گفتوگۆکان لە نێوان شاندەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسانی پێنتاگۆن لە هەولێر و ئەمریکا بەردەوامن.
وەزیری ناوخۆ دڵنیایی دا و وتی: "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە بۆ بڕینی ئەو هاوکارییانە، هیوادارین هاوکارییە سەربازی، دارایی و کارگێڕییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە بەردەوام بن، چونکە هێشتا هەرێمی کوردستان زیاتر لە عێراق پێویستی بەو هاوکارییانە هەیە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری ناوخۆ تیشکی خستە سەر پرسی بە دیجیتاڵیکردنی گومرگەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی (ئەسیکۆدا). لەم بارەیەوە رایگەیاند: "لە ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق، لەسەر چەندین خاڵ رێککەوتووین و ئێستا تەنیا چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵین بۆ پەسەندکردنی، هیواداریشین لە نزیکترین کاتدا بڕیاری لێ بدرێت."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو ئاڵۆزییانەی لە گوندی گردەڕەشە دروست ببوون، رێبەر ئەحمەد گوتی: "ژمارەیەک کەس دەیانویست ئاژاوە لەو ناوچەیە دروست بکەن و تەنانەت هەوڵیاندا خەڵکی ئاژاوەگێڕ لە ناو هەولێر ببەنە دەرەوە. بۆیە هێزە ئەمنییەکان رووبەڕوویان بوونەوە و ژمارەیەکیان لێ دەستگیرکراون."
جەختیشی لەوە کردەوە یاسا سەروەرە و گوتی: "بۆ ئێمە گرنگ نییە ئەو کەسانەی پێشێلی یاسا دەکەن سەر بە چ لایەنێکی فەرمین، ئایا پێشمەرگەن، سەر بە دەزگایەکی ترن یان هاووڵاتیی مەدەنین؛ هەرکەسێک رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان ببێتەوە و یاسا بشکێنێت، رادەستی دادگا دەکرێت و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ئەو کەسانەش ئێستا رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە."
|