دوو گەڕەکی سلێمانی هەڕەشەی ڕووخاندنی خانووەکانیان دەکرێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
24 جار خوێنراوەتەوە
دانیشتووانی گەڕەکەکانی کانی حەمە و کانی پیران لە سلێمانی دژی بڕینی خانووەکانیان و دروستکردنی پڕۆژەی وەبەرهێنان لەلایەن کۆمپانیایەک بە ناوی (زێڕین)ـەوە گردبوونەوە و ڕایانگەیاند کە ڕێگە نادەن ماڵەکانیان بڕوخێنرێت.
دانیشتووانی دوو گەڕەکی کانی حەمە و کانی پیران، کە پێکەوە 700 ماڵ پێک دەهێنن و دەکەونە سەر ڕێگەی سەرەکیی سلێمانی بۆ مێرگەپان، گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا. هۆکاری ناڕەزایەتییەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە وەک خۆیان دەڵێن کۆمپانیایەک بە ناوی (زێڕین) دەیەوێت خانووەکانیان بڕوخێنێت و زەوییەکە بکاتە پڕۆژە، لە کاتێکدا بەپێی ماستەرپلانی شاری سلێمانی ئەم دوو گەڕەکە وەک گەڕەکی سەرەکی دەستنیشان کراون.
هاووڵاتییانی ئەو دوو گەڕەکە بە میدیاکانیان ڕاگەیاند سەرەڕای ئەوەی ساڵانێکە بە پارەی خۆیان خانووەکانیان کڕیوە، بەڵام هیچ خزمەتگوزارییەکی وەکو ئاو، ئاوەڕۆ و زێراب، نەخۆشخانە و قوتابخانەیان بۆ نەکراوە، و ئێستاش بەزۆری زۆرداری دەیانەوێت ماڵەکانیان لێ سەلبکەن بۆ ئەوەی پڕۆژەی پێشکەوتووی تێدا دروست بکەن.
نەبەز ئەحمەد، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکی کانی حەمەیە بە میدیاکانی ڕایگەیاند: ئەگەر خانووەکانمان بڕوخێنن، هەر 700 ماڵەکە ئاوارە دەبین و نازانین ڕوو لەکوێ بکەین.
|