لە چوار مانگدا هەرێمی کوردستان بە 940 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر
1 کاتژمێر پێش ئێستا
144 جار خوێنراوەتەوە
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەرێمی کوردستان بە 940 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 150 کەسیش بریندار بوون.
بە گوێرەی ئامارێک کە تۆڕی ڕووداو بڵاویکردووەتەوە، لەم مانگەدا هەرێمی کوردستان بە 67 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتەسەر و وردەکارییەکەی بەم جۆرە بووە: بە 48 درۆن و دوو مووشەک سنووری هەولێر هێرشی کراوەتەسەر؛ پارێزگای سلێمانی بە 10 مووشەک و شەش درۆن هێرشی کراوەتە سەر و تەنێکیش لە پارێزگای هەڵەبجە کەوتوەتە خوارەوە کە روون نەبوو درۆن بوو یان مووشەک.
مانگی رابردووش هەرێمی کوردستان بە 13 درۆن و دوو مووشەک هێرشی کرایەسەر. لەو ژمارەیە نۆ درۆن و دوو مووشەکی بۆسەر سنووری هەولێر بوو؛ هەروەها بە دوو درۆن سنووری پارێزگای سلێمانی و بە دوو درۆنیش سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک کرایە ئامانج.
لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە، هەرێمی کوردستان بە 939 درۆن و مووشەک هێرشی کراوەتە سەر. لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 154 کەسی دیکە بریندار بوون.
ژمارەی هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
پارێزگای هەولێر: 645 هێرش
پارێزگای سلێمانی: 261 هێرش
پارێزگای دهۆک: 31 هێرش
پارێزگای هەڵەبجە: 3 هێرش
زیانی گیانیی هێرشەکان
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە پێکدێن لە حەوت پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر، کارمەندێکی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ژن و مێردێک کە لە ماڵەکەیاندا گیانیان لەدەستدا؛ 19 پێشمەرگەی پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان، کوڕی پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان. دووانەکەی دیکەش سەربازێکی فەرەنسا و سەربازێکی ئەمریکا بوون لە هەولێر.
بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 29 پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، سێ کەس لە بۆردوومانەکەی تاسڵوجە لە سلێمانی و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن و بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
|