مەلا بەختیار وەڵامێکی توند و ڕاشکاوی بافڵ تاڵەبانی دەداتەوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
44 جار خوێنراوەتەوە
مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و سەركردەی دێرینی یەكێتی نیشتمانی لە وەڵامێکی ڕاشکاوی نامەیەكی بافڵ تاڵەبانی دەداتەوەو دەڵێت، سەرەڕای بوختانە میدیاییەکان و ناکۆکییە سیاسییەکان، بەڵام وەک پاسەوانی مێژو و نهێنییە هەژێنەرەکانی یەکێتی نیشتمانی دەمێنێتەوە.
مەلا بەختیار لە ڕاگەیەندراوێكدا وەڵامی نامەیەکی پیرۆزبایی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی دایەوە کە بەبۆنەی یادی 51 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتییەوە بۆی نێردرابو، ئاماژەی بەوەکردوە کە بە مەبەست وەڵامەکەی دواخستوە تا لە یادی زێڕینی بەرپاکردنی شۆڕشی نوێدا لە 10ـی حوزەیران بڵاوی بکاتەوە.
مەلا بەختیار لە وەڵامەکەیدا، وێڕای سوپاسی بۆ ئەو هەستە، گومانی خۆی لە ڕاستگۆیی ئەو دەستەواژانە دەربڕیوە و دەڵێت، "کاتێک کۆمێنتی پەیجە فەیکەکانی یەکێتی دەخوێنمەوە و ئاراستەی پڕوپاگاندەکان دژم دەبیستم، هاوکات بۆچونی هەڤاڵە نزیکەکانت دەزانم کە لێوان لێون لە بوختان، ناچارم بپرسم؛ ئایا هێشتا بە ڕاستی بە سامانی نیشتمانی و یەکێتیم دەزانن؟".
ئەو سەرکردە دێرینە جەختیکردوەتەوە کە دورکەوتنەوەی لە ئێستای یەکێتی بەهۆی جیاوازیی "بیروڕا و پرەنسیپی حزبایەتییە"، بەڵام ئاماژەی بەوەشکردوە کە شەرەفمەندانە ململانێ دەکات و نە کادر دەفرۆشێت بۆ پۆست و نە پشت لە کێلستانی شەهیدان دەکات.
مەلا بەختیار لە پەیامێکی ناڕاستەوخۆدا بۆ سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی دەڵێت، "من پاسەوانێکی پەرۆشی مێژوی شەهیدان و زۆربەی نهێنییەکانی یەکێتیم، ئەو نهێنییانەی مێژو هەژێنن، بەڵام بەهۆی مۆڕاڵی سیاسییەوە نەمدرکاندون، سەرەڕای ئەو هەمو بوختانەی دەکرێن".
دەقی ڕاگەیەندراوەكەی مەلا بەختیار:
بەڕێز
بافڵ مام جەلال
پاش سڵاو و رێز
نامەکەتم بە بۆنەی دامەزراندنی (51) ساڵەی یەکێتییەوە پێگەیشت. بە مەبەست وەڵامەکەیم دواخست! هەتا لە یادی زێڕینی بەرپاکردنەوەی شۆڕشی نوێ (10/6/1976 – 10/6/2026) وەڵامت بدەمەوە. بێگومان هەردو یادەکە، سەبارەت بە تێکۆشەرە دێرین و قوربانی بەخشەکانی یەکێتی، لە سەرەتاوە هەتا سێهەمین کۆنگرەی یەکێتی، دو یادی پیرۆزن و پیرۆزبن لە تێکۆشەران..
بەڕێز!
وا دەقی پیرۆزبایی نامەکەت بڵاودەکەمەوە، هەتا خوێنەری ئازیز لە ناوەڕۆکەکەی وردببنەوە، ئینجا هەندێک دەستەواژەی بەکارهاتوت، شیدەکەمەوە:
“ هەڤاڵی سەرکردە و تێکۆشەر و دڵسۆزی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان
بەڕێز/ کاک مەلا بەختیار
لەم رۆژە پیرۆزەدا، بەبۆنەی ٥١ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لە دڵەوە پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەین و هیوای سەرفرازی و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
لەم ڕۆژەدا، بەڕێزەوە لەگەڵ جەنابتان دەوەستین و لە ڕۆڵ و پێگە و ماندوبون و خەباتی ئێوە دەڕوانین و ئێوە هەمیشە وەک سامانێکی نیشتمانی بۆ کوردستان و یەکێتی دەمێننەوە. ئێمە بە شوێن هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلال و ئێوەی تێکۆشەردا دەڕۆین و ئیلهام لە ئەزمون و خەباتی بێوچانتان وەردەگرین.
هیوای سەلامەتی و سەرفرازیتان بۆ دەخوازین
هەر شاد و سەرفرازبن
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان "
فەرموتانە: لە دڵەوە پیرۆزبایی یادی (51) ساڵەت لێدەکەم. هەروەها دەڵێی: لەم ڕۆژەدا، بەڕێزەوە لەگەڵ جەنابتان دەوەستین و لە ڕۆڵ و پێگە و ماندوبون و خەباتی ئێوە دەڕوانین.. دیسان سوپاس بۆ ئەم هەستەت بەرامبەرم، کە لە -دڵەوە- پیرۆزبایم لێدەکەیت.
لە درێژەی نامەکەتدا دەنوسیت: ئێوە هەمیشە وەک سامانێکی نیشتمانی بۆ کوردستان و یەکێتی دەمێننەوە. چەند ئەم قسانەم پێ سەیرن، کە وەکو سامانی نیشتمانی و یەکێتی تێماندەڕوانی، بەو ئەندازەیەش سوپاس. نامەکەش بەم دێڕە نایابە کۆتایی پێدێنی و دەنوسیت:
ئێمە بە شوێن هەنگاوەکانی سەرۆک مام جەلال و ئێوەی تێکۆشەردا دەڕۆین و ئیلهام لە ئەزمون و خەباتی بێ وچانتان وەردەگرین.
بەداخەوە، کاتێک کۆمێنتی پەیجە فەیکەکانی یەکێتی دەخوێنمەوە، کە دەزانم چۆن بەڕێوە دەبرێن و، کاتێکیش ئاراستەی پڕوپاگاندەکان دژم (هەروەها دژی تێکۆشەرە ماندوەکانی دیکە) دەبیستمەوە، هاوکات بۆچونی هەڤاڵە نزیکەکانت دەزانم، کە لێوان لێون لە بوختان هەڵبەستن و شێواندنی ئەو مێژوە، کە بەڕێزت لە نامەکەتدا باستکردوە، ببورە، ناچارم لێتبپرسم:
کاتێک ئەو هەمو درۆ و دەلەسانە دەبیستم و دەخوێنمەوە، ناحەقمە گومان لەوە بکەم، هێشتا بە سامانی یەکێتی و نیشتمانم بزانیت؟ ڕەنگە لە وەڵامدا وا بیر بکەیتەوە، هۆکارەکەی دورکەوتنەوەی بەندەیە، ئەمە راستە. ئاشکرا، لە پلە و پۆست، لەسەر بیرو بۆچون و هەڵوێستی جیاواز دورکەوتمەوە و لەوساوە هەتا ئێستاش، سەراپا سیاسەت و هەڵوێست و پرەنسیپی حزبایەتیم جیاوازە لەگەڵتاندا. بەڵام شەرەفمەندانە نەک بوختانمەندانە!
ئەوەی من بناسێت، دەزانێت هەتا دواڕۆژی هەناسەی سیاسیم، نە ئامادەم لایەنە گەشەکانی مێژوی هاوبەشی خۆم و هاوسەنگەرەکانم بفرۆشم و، نە هەڵدەگەڕێمەوە لە کێلستانی شەهیدان و، نە فرۆشگای کادر فرۆشتنیش بۆ پۆست و پێگە دادەنێم..!
لەوپەڕی پەرچەکرداری چاوەڕوان نەکراو بەرامبەرم، پاسەوانێکی پەرۆشی مێژوی شەهیدان و زۆربەی نهێنییەکانی یەکێتیم. ئەو نهێنییانەی مێژو هەژێنن. بەڵام بە پەرچەکردار بەرامبەر بوختان هەڵبەستنی سەرکارەکانی ئێستای یەکێتی، بە مۆڕاڵی سیاسیم، نهێنیەکانم نەدرکاندوە.
بەڕێز!
گوناح نییە دەرسم لە هەڵەکان وەرگرتبێ و، سیاسەتی شەڕی ناوخۆ و ململانێی بێهودەکانی ناو کوردایەتی دوبارە نەکەمەوە. بەندە و چەندین سەرکردەی پێشوی یەکێتی شایەتن، مام جەلال چەند لە تەقینەوەی ناکۆکییەکانی ڕابردو پاشگەزبو. چەندیش جەختی دەکردەوە، ببڕای ببڕ، ئامادە نییە، لە هیچ هەلومەرجێکدا، بۆ هەڵدێرەکانی ڕابردو بگەڕێتەوە.
دڵنیابە، هەڵوێستەکان چ لە ناو یەکێتی و چ لە دەرەوەی یەکێتی، تەنها بۆ ئەوە بو پابەندی پرەنسیپ و ستراتیژی دیموکراسی و دادپەروەری بوین و هەوڵی بێوچانمان دەدا دوچاری تەقینەوەی کێشە ناوەختەکان نەبین. تەنانەت لەناو (ئاڵای شۆڕش)یشدا، ئامادەنەبوین بچینە ناو جود و دوژمنایەتی یەکێتی بکەین. بەڵکو ئەوکاتەش داوای چارەسەری شەڕی ناوخۆمان دەکرد. بۆیە دڵنیاین ئەوانەی بوختان هەڵدەبەستن، هەتا بەرژەوەندییان بخوازێ، بێ دەربەستن و ناوەستن. بەڵام چەند لە ناو کۆمەڵە و لە شاخدا، داتاشینی تۆمەتی (عێراقچی) چوە سەر. بوختانەکانی ئێستاش هەر ئەوەندە دەچێتە سەر. چۆن دەرکەوت نە ئەوسا و ئەوانەی بوختانیان هەڵدەبەست بە ئەندازەی ئێمە کوردستانی بون. لە دوای ئەوە تا ئێستاش بە ئەندازەی ئەوان عێراقچین. زۆر ناخایەنێ رۆژگار بوختانەکانی ئێستاش قانگ دەدات!!
هەر سیاسەتمەدارێک دەرسی لە هەڵەکانی مێژوی خۆی و حزبەکەی وەرنەگرتبێ، بێگومان چاوەڕوانی سەرکەوتن نەکات. چونکە بە دروستکردنی فۆبیای دژایەتی یان دوژمنایەتی، هەرگیز سەرکەوتن بەدینایەت. بە تایبەتی هەمیشە لەبەرچاومان بێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و کوردستان، لە دوڕیانی گۆڕانکاری فراواندایە.
بەڕێز!
یادی زێڕینی بەرپاکردنی شۆڕش بە هەلدەزانم، تاجە گوڵینە لەسەر گڵکۆی فەرماندەی هێزی پێشمەرگە جەنابی مام جەلال دابنێم، کە بە فەرمانی جەنابیان، دەیانجار لە مەرگ گەڕاوینەتەوە و چەندین جاریش، لە پلان و کودەتا و گەلەکۆمەکێی ترسناک، پاراستومانە..!!
هەروەها لەم یادەدا، بە ناوی یەکبەیەکی پێشمەرگەکانی سەرەتای شۆڕش و تەواوی فەرماندە و سەرکردەکانەوە، ئەوانەی لەناو وڵاتدا، بە چەکی قاچاخ و ژەنگاوییەوە، بە شارەزا و نە شارەزاکانەوە، بە لاوی خوێن گەرم و تێکۆشەری ئەزمون دیدەی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و بزوتنەوەی سۆسیالیستەوە، شەوە زەنگی فاشیەتمان سوککرد و لە هیچ قۆناغێکدا و لە بەرامبەر ڕوداوە کارەساتبارەکانیشدا، چۆکمان دانەدا. بەناوی هەمویانەوە، پیرۆزبایی یادی بەرپابونی شۆڕش لە کەسوکاری تەواوی شەهیدان، کەمئەندامانی سەنگەری کوردستان و زیندانیانی سیاسی دەکەم، کە بەری ڕەنج و خەبات و فیداکارییان، ڕاپەڕینی کوردستانی بەدیهێنا.
دیسان سوپاس بۆ نامەکەتان، لەگەڵ ڕێزی
مەلا بەختیار
پێشمەرگەی دانەبڕاوی 1976
|