لە سنووری سلێمانی نزیکەی 600 دۆنم پووش، پاوان و داری سرووشتی سووتان

2   کاتژمێر پێش ئێستا  35 جار خوێنراوەتەوە

لە سنووری سیتەک لە پارێزگای سلێمانی، ئاگرێک کەوتەوە و لە ئەنجامدا نزیکەی 600 دۆنم پووش، پاوان و داری سرووشتی سووتان. پۆلیسی دارستان دەڵێت، بە هاوکاریی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هاونیشتمانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا.

هێمن عەلی، وتەبێژی پۆلیسی دارستان لە پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە: "دوای کەوتنەوەی ئاگر لە ناوچەکانی بزێنیان و کانی دڕکە لە سنووری سیتەک، هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەک و تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنەکە بۆ رێگری لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە."

بە وتەی هێمن عەلی، هاوڵاتییەکی خەمخۆری ناوچەکە رۆڵێکی بەرچاوی لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا هەبووە و لەسەر ئەرکی خۆی 15 کرێکاری بۆ یارمەتیدانی تیمەکان بردووەتە شوێنی رووداوەکە؛ هاوکات ژمارەیەک لە دانیشتووانی دیکەی ناوچەکەش هاوکاری تیمە فەرمییەکان بوون.

پۆلیسی دارستان ئاماژەی بەوە کرد، ئاگرەکە زیانێکی زۆری بە سرووشتی ناوچەکە گەیاندووە و بووەتەهۆی سووتانی نزیکەی 600 دۆنم پووش، پاوان و داری سرووشتی.

لەبارەی هۆکاری ئاگرەکەوە، هێمن عەلی وتی: "تا ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نادیارە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە