قاسم ئەعرەجی: رێگە نادەین لە عێراقەوە هێرش بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ

16   کاتژمێر پێش ئێستا  256 جار خوێنراوەتەوە

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە مۆسکۆ ڕایگەیاند، عێراق نابێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەکان و رێگەش نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی لێپرسراوانی باڵای کاروباری ئاسایش لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا هەڵوێستی نوێی عێراقی خستەڕوو و ڕایگەیاند، سەروەریی عێراق و یەکپارچەیی خاکەکەی هێڵی سوورن و سازشیان لەسەر ناکەین، عێراق مەیدانی ململانێ و یەکلاکردنەوەی حساباتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان نییە.

وتیشی: عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە و دەیەوێت ببێتە ناوەندێکی دیالۆگ و فاکتەری سەقامگیری لە ناوچەکەدا. ئەعرەجی ئاماژەی بەوە کرد، ڕێگە نادەین خاکی عێراق ببێتە بنکەیەک بۆ هەر کارێکی سەربازی کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی دیکە بکات.

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق ئەو شەڕە بێ پاساوەی کە کراوەتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران شەرمەزار دەکات و بە تووندی سەرکۆنەی بۆردومانکردنی خەڵکی مەدەنی، قوتابخانەکان و کوشتنی منداڵان دەکەن و بە کارێکی نائەخلاقی و پێشێلکارییەکی روونی یاسا نێودەوڵەتییەکانی دەزانین.

ئەعرەجی ڕوونیکردەوە،”ئەزموونی عێراق لە شەڕی تیرۆردا سەلماندوویەتی ئاسایش تەنیا بە هێزی سەربازی بەدی نایەت، بەڵکو پێویستی بە چارەسەرکردنی رەگ و ریشەی کێشە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان هەیە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە